نوێترین

recent

30/05/2025

پارتی داوای کۆبوونەوەیەکی گشتی لە حیزبەکان دەکات.

 





ئەمڕۆ هەینی، فەرهاد تۆفیق، گوتەبێژی حیزبی سۆسیالیست دیموکراتی کوردستان بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، بانگهێشتنامەکەمان بەدەست گەیشتووە و بەشدار دەبین.
 
بڕیارە کۆبوونەوەکە سبەی شەممە، کاژێر 11:00ی پێش نیوەڕۆ لە قەزای پیرمام بەڕێوەبچێت و سەرۆک بارزانی تێیدا ئامادەبێت.
 
کاوە محەممەد، سکرتێری حیزبی شیوعی کوردستان بە رووداوی راگەیاند، دۆخی ئێستای هەرێمی کوردستان پێویستی بەو جۆرە کۆبوونەوانە دەبێت.
 
هاوکات د. سەلاحەدین بابەکر، یاریدەدەری ئەمینداری گشتیی یەکگرتووی ئیسلامی کوردستان بە رووداوی گوت: "هێشتا داوەتنامەکەمان بە فەرمی بەدەست نەگەیشتووە، ئەگەر پێمان بگات ئێمەش بەشدار دەبین."
 
ئەم کۆبوونەوە لەکاتێکدایە کە دوێنێ پێنجشەممە، تەیف سامى، وەزیری دارایی عێراق، هەرێمى کوردستانى ئاگادار کردەوە لەوەى چیدیکە ناتوانێت لە ناردنى پارەی مووچە بەردەوام بێت.
 
چاوەڕوان دەکرێت، بەشێکی سەرەکیی کۆبوونەوەکە تەرخان بکرێت بە هەڵوێستەکان بەرامبەر بە بەغدا لە نەناردنی مووچەی هەرێمی کوردستان.
 
بڕیارەکەی وەزیری دارایی عێراق کاردانەوەی لە هەرێمی کوردستان لێکەوتەوە. دوێنێ فراکسیۆنە کوردستانییەکان لە پەرلەمانی عێراق راگەیێندراوێکیان بڵاوکردەوە کە تێیدا هاتبوو، "ئەم بڕیارە بە بەئامانجگرتنی سیاسی و پێشێلکردنی دەستووری عێراق دادەنرێت و داوامان لە سەرۆکوەزیران [سوودانی] کردووە دەستوەردانی بەپەلە بکات بۆ خەرجکردنی مووچەی فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستان و مافی هاووڵاتیان نەبەستێتەوە بە هیچ ناکۆکییەکی سیاسی و تەکنیکییەوە، چونکە مووچە چاکە نییە، بەڵکو شایستەیەکی دەستووری و مرۆییە کە بە دەستوور و یاساکان بۆ خاوەنەکەی مسۆگەر کراوە".
Picsart-24-02-23-21-31-09-085