
بۆ یەکەمینجار دەزگای میدیایی شارپرێس ناوەڕۆکی نامەکەی مارکۆ ڕوبیۆ، وەزیری دەرەوەی ئەمریکا بۆ محەمەد شیاع سودانی سەرۆک وەزیرانی عێراق ئاشکرادەکات، کە تێیدا هۆشداری دابوو لە پەسەندکردنی یاسای حەشدی شەعبی لەپەرلەمانی عێراق و داوایکرد گروپە چەکدارییەکانی نزیک لەئێران بێ ڕۆڵ بکرێن.
مارکۆ ڕوبیۆ، وەزیری دەرەوەی ئەمریکا لەنامەکەیدا بۆ محەمەد شیاع سودانی ئاماژەی بەوەکردوە،" هەر حکومەتێکی داهاتوی عێراق ئەو گروپە چەکداری و کەسایەتییانەی تێدابێت کە لەلایەن ئەمریکاوە وەک تیرۆریست ناسراون، بێ گومان قبوڵ ناکرێت و وەک هاوپەیمان مامەڵەی لەگەڵدا ناکەن ".
مارکۆ ڕوبیۆ داوای لەسودانی کردوە ئەم گروپە چەکدارییانە لەناو حکومەتی عێراقدا بێ ڕۆڵ بکرێن:
-کەتائیبی حزبوڵا، عەسائیبی ئەهلی حەق، بزوتنەوەی نوجەبا، کەتائب سەید ئەلشوهەدا، سەرایا خوراسانی و کەتائیبی ئیمام عەلی.
هەر لەو نامەیەدا ناوی چەند کەسایەتییەکی دیاری شیعە هاتوە، کە نزیکن لە ئێرانەوە، بریتین لەمانە:
-فالح فەیاز سەرۆکی بزوتنەوەی عەتا، ئەبو وەلاء ئەلولائی سەرۆکی باڵی سیاسی بزوتنەوەی سەید ئەلشوهەدا، ئەحمەد ئەسەدی سەرۆکی بزوتنەوەی سەنەد، حەیدەر غەڕاوی دامەزرێنەری بزوتنەوەی ئەنساڕوڵا.
شارپرێس زانیویەتی، وەزیری دەرەوەی ئەمریکا ئەم هەڕەشانەی لە سودانی کردوە:
- پەسەندکردنی یاسای حەشدی شەعبی بەمشێوەی ئێستا وادەکات ئێران زیاتر کۆنتڕۆڵی دەزگا ئەمنییەکانی عێراق بکات.
-.ئەمریکا پشتگیری هیچ حکومەتیەک ناکات کە پشتیوانی لەم هێزانە بکات، یان پۆستێکی فەرمی فەرماندەکانیان بدات.
-ئەمریکا سزای توندی ئابوری دەخاتەسەر کەرتی وزە لەعێراق
-هاوکارییە سەربازییەکانی ئەمریکا بۆ عێراق کەمدەکرێتەوە، یاخود بەتەواوەتی ڕادەگیرێت و پەیوەندیان لەگەڵ عێراق بەشێوەیەکی بنەڕەتی دەگۆڕدرێت.
سەرچاوە شار پرێس،محەمەد سەردار