
ئیمانوێل ماکرۆن، سەرۆککۆماری فەرەنسا دەڵێت، لە پەیوەندییەکی تەلەفۆنیدا بە ئەحمەد شەرع، سەرۆککۆماری راگوزەری سووریای راگەیاندووە: "گرنگە دانوستاندنەکانی نێوان هێزەکانی سووریای دیموکرات و حکومەتی سووریا بە نیازپاکییەوە بەردەوام بن."
ماکرۆن لە پۆستێکدا لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی ئێکس ئاماژە بەوە دەکات، ئەو کۆبوونەوەیەی کە رۆژی هەینی لەنێوان وەزیرانی دەرەوەی فەرەنسا و سووریا و نێردەی تایبەتی ئەمریکا لە پاریس کران، "یارمەتیدەر بوون لە دەستنیشانکردنی هەنگاوەکانی داهاتوو" بۆ دانوستاندنی نێوان هەسەدە و دیمەشق لەسەر تێکەڵکردنی هێز و دامودەزگەکانی بەڕێوەبەرایەتیی خۆسەر بە حکومەتی سووریا، بە پێی رێککەوتنێک کە لە 10ی ئادار لە نێوان مەزڵوم عەبدی، فەرماندەی هەسەدە و شەرعدا واژۆ کرابوو.