
یەکەمین حاڵەتی تای خوێنبەربوون لە ڕانیە تۆمارکرا و کە پیاوێکەو بۆ چارەسەر بەرەو نەخۆشخانەی شار لە سلێمانی گواتسرایەوە.
تەها محمەد وتەبێژی تەندرووستی ڕاپەڕین ئەمشەو ٣٠ ی ئایار رایگەیاند" پیاوێکی تەمەن ٢٩ ساڵە و پیشەی ئاژەڵدارە و کەمێک پێش ئێستا، یەکەمین حاڵەتی تووشبوون بە نەخۆشی تای خوێنبەربوون لە شارۆچکەی ڕانیەی ناوەندی ئیدارەی ڕاپەڕین تۆمار کرا و بە مەبەستی چارەسەر ڕەوانەی نەخۆشخانەی شار لە شاری سلێمانی کراوە".
لە میانەی لێدوانە رۆژنامەوانییەکەیدا، وتەبێژی تەندروستی وتیشی" تووشبووەکە پیاوێکی دانشتووی شارەدێی بۆسکێنە لە شارۆچکەی ڕانیە لە دەڤەری ڕاپەرین تەمەنی ٢٩ ساڵە، توشبووەکە پیشەی ئاژەڵدارە و بەرکەوتەی ئاژەڵی تووشبوو بووە".
وتەبێژی تەندروستی ڕاپەڕین داوا لە هاوڵاتییان دەکات ڕێنماییەکانی وەزارەتی تەندرووستی جێبەجێبکەن، لەکاتی بوونی گومان و نیشانەکانی نەخۆشی لەسەر ئاژەڵ پێویستە تیمەکانی ڤێترنەری ئاگاداربکەنەوە، هەروەها ئەو هاوڵاتیانەی ئاژەڵ بەخێودەکەن یان بەکارهێنەری بەرهەمەکانی ئاژەڵن لەکاتی بوونی هەر نیشانەیەکی ناتەندروست، بەخێرایی سەردانی نەخۆشخانەکان بکەن بێ دواکەوتن.