نوێترین

recent

05/03/2019

ڕزگار عەلی: یەكێتی و پارتی لەسەر كاندیدكردنی من ڕێكنەكەوتوون

وڵات_ دەنگی ئەمریكا: ڕزگار عەلی، ئەندامی مەكتەبی سیاسی یەكێتی نیشتیمانی و كاندیدی یەكێتی بۆ پۆستی پارێزگاری كەركوك، ئاماژە بۆ ئەوەدەكات "تائێستا ناوی ئەو یەكلایی نەبووەتەوە بۆ پارێزگاری كەركوك".
دوێنێ دووشەممە، پارتی و یەكێتی لەسەر پێكهێنانی حكومەتی هەرێم ڕێككەوتن، مەسەلەی كەركوكیش یەكێك بووە لەتەوەری سەرەكی گفتووگۆكانیان.
بەرپرسەكەی یەكێتی، بەپێویستی زانی یەكێتی و پارتی هەنگاوی فیعلی بۆ گفتووگۆكردن لەگەڵ عەرەب و توركمان بنێن، وتی"ئەوەی لە ڕێككەوتنەكە ئیمزامان كردووە، دەبێت هەنگاوی فیعلی هەبێت."
هەرچەندە زۆرێك لە راگەیاندنی كوردی بڵاویانكردەوە، گوایە یەكێتی و پارتی لە سەر ڕزگار عەلی رێككەوتوون وەكو كاندید بۆ پۆستی پارێزگاری كەركوك، بەڵام ناوبراو ئەو هەواڵانە رەتدەكاتەوە، دەڵێت"لەسەر ناوی كاندید ڕێكنەكەوتووین، لەسەر مەبدەئەكە ڕێككەوتوین كە پۆستەكە بۆ یەكێتی بێت و دواتر لەسەر ناوی كاندید ڕێكدەكەوین."
پێشتر بەرپرسانی پارتی دیموكراتی كوردستان گەرانەوەیان بۆ كەركوك رەتدەكردەوە، تائەوكاتەی دۆخی شارەكە ئاسایی دەكرێتەوە، لەو بارەیەوە ڕزگار عەلی وتی"پارتی لە شەنگالەوە تا خانەقین جەماوەری خۆی هەیە، رۆژێك هەر دەگەرێنەوە، بەڵام بیروبۆچوونیان ئەوەیە هێشتا كاتی گەڕانەوەیان نەهاتووە."
لەبەشێكی تری قسەكانیدا بۆ دەنگی ئەمەریكا، ڕزگار عەلی بە گرنگی زانی كورد ئامادەكاری بۆ هەڵبژاردنی ئەنجومەنی پارێزگاكانی عێراق بكات و بەیەك لیست بڕواتە هەڵبژاردنەوە، چونكە وەكئەو دەڵێت"گەر پەرتەوازە بین و بەلیستی جیا بڕۆینە هەڵبژاردنەوە، زەرەر دەكەین."
لەكۆتایی قسەكانیشیدا، بەرپرسەكەی یەكێتی ئومێدی خواست لە رۆژانی داهاتودا، یەكێتی و پارتی هەنگاوەكانیان بۆ وەرگرتنەوەی پۆستی پارێزگاری كەركوك دەست پێبكەن.
بەگوێرەی زانیارییەكانی "وڵات" یەكێتی و پارتی ڕێكەوتوون لەسەر ئەوەی ڕزگار عەلی كاندیدی یەكێتی بێت بۆ پارێزگاری كەركوك، بەمەرجی ئەوەی پارتی و یەكێتی لەهەڵبژاردنەكانی داهاتوو پێكەوە بەیەك لیست بەشداری هەڵبژاردنی ئەنجومەنی پارێزگاكان بكەن لەسنوری كەركوك و ناوچە دابڕێنراوەكان

Picsart-24-02-23-21-31-09-085