

خەلیل ئیبراھیم لە وتووێژێکدا لەگەڵ دەنگی ئەمەریکا گوتیشی بە ئەزمونی خۆیان لە بەشداری لە حکومەت و پـێشتریش ئۆپـۆپـۆزسیۆن بوون، گەیشتوونەتە ئەو بڕوایەی لە ئێستادا ئۆپـۆزسیۆن بن، دەڵێت "چونکە عەقڵییەتی حوکمڕانی لە کوردستاندا ناگۆڕدرێ و ھەمان شتە."
گوتیشی ھەر لە سەرەتاوە، لە ساڵی ١٩٩٢، حزبەکان ئەنجامی ھەڵبژاردنیان قبووڵ نەکرد و ئەمەیش شەڕی براکوژی بەدوای خۆیدا ھێنا و تا ئێستایش کاریگەرییەکانی شەڕی براکوژی بەسەر خەڵکی ھەرێمی کوردستاندا ماوەتەوە.
بڕیاری ئۆپۆزیسیۆنبوونتان، لە ئەوەوە سەرچاوە دەگرێ کە بێبەشکراون لە کابینەی نوێ، یان خواست و بڕیاری حزبەکەی خۆتانە؟
لە وەڵامی ئەمەدا «خەلیل ئیبراھیم» گوتی:
پارتی و یەکێتی زۆر جار دەرگایان بۆ ئەوە کردووەتەوە کە بچینە ناو دەسەڵات، بەڵام ئێمە چاوەڕێی دانوستاندن لەگەڵ حزبە دەسەڵاتدارەکان و وەرگرتنی کورسی نین، ئێمە مەبەستمانە ئۆپۆزیسیۆنبوون ببێتە نەریت و بڕوامان وایە: دەبینە دەنگی خەڵکی ناڕازی خەڵک، چونکە خەڵک بێزارە و ھەڵبژاردنی ئەمجارەیش نموونەیەکی روونە کە زیاتر لە سەدا شەستی خەڵک، بایکۆتی ھەڵبژاردنیان کردووە. ئێمە دەمانەوێ شەقام بجووڵێ و داوای مافی خۆی بکات، چونکە تا ئێستایش بە دوو ئیدارەیی و دوو ئاسایش دەناڵێنین و دەشبێ حزبەکانی دەسەڵات دەنگی ناڕازیی قبووڵ بکەن.
لەبارەی ھاوپەیمانیکردنیان لەگەڵ حزبە ئۆپۆزیسیۆنەکان و دروستکردنی بەرەیەك گوتی:
ھەر حزبێک نەچووە ناو حکومەت واتە ئۆپۆزیسیۆنە، ئێمە رامانگەیاندووە و ئەوانیش رایانگەیاندووە. مادام ئێمە ئۆپۆزیسیۆنین دەبێ چاودێری بڕیارەکانی حکومەت بکەین، لەگەڵ ئەوەی گۆڕەپانێکی فراوانمان ھەیە کە پڕن لە خاڵی ھاوبەش، بەڵام نابین بە بەرەیەک، چونکە بیروڕایەکانمان جیاوازن و ئێمە بەرەگیری ناکەین.
گۆڕان ئەقڵییەتێکی توندی ھەبوو لە رەخنەگرتن و ئێمەیش لەگەڵ نەوەی نوێ بەراورد ناکرێین، چونکە ئێمە خاوەنی ئەو عەقڵییەتە نین کە بڵێن: با کوڕی فڵانە بەرپرس ھەڵبواسرێ و لە سێدارە بدرێ، خۆ ئێمە دادوەر نین.
لە چوارچێوەی ئەم گوتوێژە و لە وەڵامی پرسیاری «دەنگی ئەمەریکا» لە بارەی ئەوەی کە ئایا بۆچی ئەو کاتانەی لە دەسەڵات بوون ئەم قسانەتان نەدەکرد و رەخنەتان نەبوو، گوتی:
ئەمە بێویژدانییە کە بڵێن: یەکگرتوو بێ دەنگ بووە لە بابەتی چاکسازی و ھەڵوێستیشمان ھەبووە، ئێمە وەک حزب زەرەرمەند بووین و باجی بێدەنگ نەبوونمان داوە ، حکومەتی ئێستایش کاربەڕێکەرە لەبەر ئەوەی خولی حوکمڕانی تەواو بووە و پێنج مانگە پەرلەمان نەیتوانیووە متمانە بداتە حکومەت.