نوێترین

recent

14/02/2017

كادیرێكی باڵای پارتی : هەرێم بە دیفاکتۆ بووەتە دەوڵەت؛ تەنیا ددانپێدانانی نێودەوڵەتیی ماوە



بەرپرسی پەیمانگای کوردستان بۆ پرسە سیاسییەکان دەڵێت، ئێستا ھەرێمی کوردستان بە دیفاکتۆ بووەتە دەوڵەت و ھیچی لەگەڵ بەغدا نەماوە، تەنیا ددانپێدانانێکی نێودەوڵەتیی پێویستە.
(نەسرەت سۆفی)، بەرپرسی پەیمانگای کوردستان بۆ پرسە  سیاسییەکان  بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستانی ڕاگەیاند: ''ھەرێمی کوردستان ھەموو ڕێیەکی لەگەڵ بەغدا تاقی کردەوە، ھیچ ئاکامێکی نەبوو، هیچ ڕێککەوتنێکیشی لێ نەکەوتەوە. بۆیە ئێستا دەرفەتێکی زۆرباش بۆ ھەرێمی کوردستان ڕەخساوە و، ھەرێم بە دیفاکتۆ بووەتە دەوڵەت و تەنیا ھەندێک ناوچەی کێشەلەسەر ماون، کە لەگەڵ بەغدا یەکلایی بکرێنەوە، ئەوەش هۆکارەکەی جێبەجێنەکرانی دەستوورە، چونکە دەستوور بەلای ئەوانەوە، هەر نووسراوەی سەر کاغەزە، بۆیە ناتوانین  لەگەڵ عێراق بژین و، ئێستا هەرئەوەندە ماوە لە ئاستی نێودەوڵەتیدا ددان بە دەوڵەتی کوردستاندا بنرێت و، ھیچی دیکەمان نەماوە.''
بەرپرسی پەیمانگای کوردستان بۆ پرسە سیاسییەکان دەڵێ: ''ئێستا تاکە بەربەست ئەوەیە کە لەنێو خۆماندا یەکھەڵوێست نین، بۆیە پێویستە ئەو لایەنانەی لەگەڵ سەربەخۆیی نین، بەخۆیاندا بچنەوە، لەبەر ئەوەی دژایەتیی سەربەخۆییی کوردستان لەلایەن ئەوانەوە دەبێتە خیانەتێکی گەورەی مێژوویی لە کارنامەکەیاندا، چونکە ئێمە ھیچمان لەگەڵ بەغدا نەماوە.''
(نەسرەت سۆفی) لە درێژەدا دەڵێ: ''خەڵکی ھەرێمی کوردستان چەند ساڵە بەرگەی ھەموو قەیرانێکی گرتووە، بۆ ئەوەی ببێتە خاوەنی دەوڵەتی خۆی، بۆیە ئەو بیانووەی دەڵێ بەهۆی قەیرانەوە هەرێم ناتوانێت ببێتە خاوەنی دەوڵەتی خۆی لەجێدا نییە و، هەرێم ھەموو بنەمایەکی بوون بە دەوڵەتی تێدایە.''
بەرپرسی پەیمانگای کوردستان بۆ پرسە سیاسییەکان دەشڵێ: ''ئەگەر ئەم دەرفەتە زێڕینەمان لەدەست دەرچێت، بڕوا ناکەم بە ١٠٠ ساڵی دیکە وەدەستمان بکەوێتەوە، بۆیە پێویستە، ھەرچۆنێک بێت لەدەست خۆمانی نەدەین.''
(سۆفی) ئەوەشی گوت: ''من دڵنیام ئەگەر ئێمە دەوڵەتی خۆمان ڕابگەیەنین، لە ئاستی نێودەوڵەتیشدا ددانی پێدا دەنرێت.''
Picsart-24-02-23-21-31-09-085