

ئەندامێكی ئەنجوومەنی سەركردایەتیی پارتی دەڵێ، دوای ئازادكردنی مووسڵ، دادگایەكی پاك و تەمیزی هاوشێوەی (سەددام حوسێن) چاوەڕێی (مالیكی)ـیە كە چۆن مەملەكەتێكی پاك و رێكوپێكی لە ئەمەریكاییەكان وەرگرت بە سوپایەكەوە، بەڵام دواتر ئەم سوپایە و ئەم مەملەكەتەی بەرەو هەڵدێر و داڕمان برد، هەتا گەیاندیە ئەم قۆناغەی كە رادەستی داعشی كرد و، جگە لەوەیش مەلەفێكی زۆری گەندەڵیی لەسەرە.
(عەلی عەونی)، بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموكراتی كوردستانی ڕاگەیاند: "(نووری مالیكی) بە گوتەكانی دووبارە ئیسپاتی ناسیاسیبوونی خۆی كردەوە، جەختی كردەوە كە لە خەمی عێراقدا نییە، بێگومان دۆزینەوەی زمانێكی تەفاهوم لە نێو سیاسەتمەدارەكاندا زۆر پێویستە، بەڵام (مالیكی) هەر لە سەرەتاوە بە پەلاماردانی هەرێم و بڕینی بوودجە و لێدوانە شڕەكانییەوە ئیسپاتی ناسیاسیبوونی خۆی كردووە، ئێستایش بەرەو ئاڵۆزتر و ئاڵۆزتركردنی كێشەكانی دەڕوات".
(عەونی)گوتیشی: "(مالیكی) دەیەوێت دژایەتیكردنی خۆی بەرانبەر بە گەلی كورد و هەرێمی كوردستان لە ژێر پەردەی دژایەتیكردنی پارتی و (سەرۆك بارزانی)ـدا بشارێتەوە و نیازە خراپەكانی خۆی پەردەپۆش بكات، ئاخر كاتێك دەڵێت دەبێ پێشمەرگە بگەڕێتەوە ناوچەكانی پێشی پرۆسەی ئازادی عێراق، ئەمە دژایەتیی هەموو كوردە نەوەك پارتی".
ئەو ئەندامەی ئەنجوومەنی سەركردایەتیی پارتی (عەلی عەونی) دهشڵێت، (مالیكی) و دارودەستە ئەكرادەكانی بە گوتەكانیان دووبارە لەسەر خۆیان ئیسپات كرد كە بەڵێ (سەرۆك بارزانی) میحوەری سیاسەتی هەموو ناوچەكەیە و هەموو دونیا بە گرینگییەوە لە هەنگاو و سیاسەتەكانی دەڕوانێت و خاوەنی راستەقینەی گۆڕەپانی سیاسیی كوردستان هەر (سەرۆك بارزانی)ـیە و، ئەوە كە سیاسەتەكان دیاری دەكات و دایدەڕێژێت لە ناوچەكەدا، كەوایە ئەم هێرشەیان لە قازانجی كورد و پارتی و (سەرۆك بارزانی)ـیە و بە بێ ئەوەی ئاگادار بن (مالیكی) و هاوبیرانی بیور (تەور) لە قاچی خۆیان دەدەن".
ئەو ئەندامەی ئەنجوومەنی سەركردایەتیی پارتی زیاتر گوتی: "دوای ئازادكردنی مووسڵ، دادگایەكی پاك و تەمیزی هاوشێوەی (سەددام حوسێن) چاوەڕێی (مالیكی)ـیە، كە چۆن مەملەكەتێكی پاك و رێكوپێكی لە ئەمەریكاییەكان وەرگرت بە سوپایەكەوە، بەڵام دواتر ئەم سوپایە و ئەم مەملەكەتەی بەرەو هەڵدێر و داڕمان برد، هەتا گەیاندیە ئەم قۆناغەی كە رادەستی داعشی كرد، جگە لەوەیش مەلەفێكی زۆری گەندەڵییشی لەسەرە".
دەشڵێ: "(مالیكی) پەیوەندیی نێوان چین و توێژەكانی عێراقی تێك داوە و شەڕی مەزهەبی و تایفی تا ئاستێكی زۆر بەرز بردووە. هەر لە ترسی ئەم دادگایە و ئەم رێككەوتنانەی نێوان هەرێم و بەغدایش، پەنا بۆ ئەم لێدوان و قسە بێبنەمایانە دەبات".
kdp.info