

شەش چەكداری داعش لە گوندێكی شارۆچكەی لەیلانی نزیك كەركووك لەلایەن هێزەكانی پێشمەرگە، ئاسایش و پۆلیس گەمارۆدراون و دەرفەتی راكردنیان نییە.
رۆژی یەكشەممە 30-10-2016، سەرچاوەیەك لە بنكەی ئاسایشی ناحیەی لەیلان بە رووداوی راگەیاندوە "لەنێو گوندی (یارمجە)ی سنووری شارۆچكەی لەیلانی نزیك كەركووك، شەش چەكداری داعش گەمارۆدراون".
ئەو گوتی "پۆلیس و ئاسایش و پێشمەرگە چواردەوری گوندەكەیان گرتووە، هیچ دەرفەتێكی دەرچوون بۆ چەكدانی داعش نەماوە، یان دەكوژرێن، یاخود دەبێت خۆیان بەدەستەوە بدەن".
بەپێی زانیارییەكانی رووداو، ئەو چەكدارانەی داعش شەوی رابردوو بە گوندەكەدا گەڕاون و داوای نانیان لە خەڵك كردووە، بەو هۆیەشەوە ئاشكرابوون و دەزگا ئەمنییەكان ئاگاداركراونەتەوە.
شارۆچكەی لەیلان بەدووری 5 كلیۆمەتر دەكەوێتە رۆژهەڵاتی شاری كەركووك، لەدوای 21 ی مانگ كە زۆرتر لە 100 چەكداری داعش هێرشیان كردە سەر كەركووك، چەندجارێك چەكدارانی داعش لەو سنوورە بینراون و لەلایەن هێزە ئەمنییەكانەوە كوژراون.