

پارتی دیموکراتی کوردستان پەیامێک ئاراستەی بزوتنەوەی گۆڕان دەکات و داوایان لێدەکات، لەحکومەتی ھەرێم و پەرلەمان بکشێنەوەو بچنە دەرەوە، پەرلەمانتارێکی پارتیش لەپەرلەمانی کوردستان دەڵێت:"باشترین کار کە گۆڕان ئەنجامیبدات، چونە دەرەوەیەتی لەحکومەت و پەرلەمان".
فەرحان جەوھەر ئەندامی پەرلەمانی کوردستان لەفراکسیۆنی پارتی ڕایگەیاند، "باشترین کار کە بزوتنەوەی گۆڕان ئەنجامیبدات لەئێستادا، کشانەوەیەتی لەحکومەت، چونکە بەکشانەوەیان لەحکومەت، پەرلەمان و حکومەت کارادەبێتەوە".
ئەو پەرلەمانتارەی پارتیی بەپێویستی زانی، گۆڕان ببێت بەئۆپۆزسیۆن، چونکە وەکو دەڵێت:"مانەوەیان بەمشێوەیەی ئێستا زیاتر پەرلەمان و حکومەت پەکدەخات، بۆیە باشترین بڕیار بۆ بزوتنەوەی گۆڕان چونە دەرەوەیەو ببێت بەئۆپۆزسیۆن، چونکە نابێت گۆڕان لەحکومەت بێت و وەک ئۆپۆزسیۆن مامەڵە بکات".
فەرحان جەوھەر ئەوەشی ڕونکردەوە، پارتی و گۆڕان ناتوانن بەیەکەوە حوکمڕانی بکەن، بەڵکو دەبێت یەکێکیان بچێتە دەرەوە، "بۆیە واباشە گۆڕان کە پێشتر ئەزمونی ئۆپۆزسیۆنی ھەبوە بچێتە دەرەوە".
بەبڕوای فەرحان، گۆڕان بەردەوام ھانی خەڵکیداوە بۆ نانەوەی کێشەو بەردەوامیش ئاڵۆزیی دروستکردوە، ئەو وتی:" بەتایبەتی لەوکاتەی کە لەحکومەت و پەرلەمان بوو، بەتایبەتیش ھێرشکردنەسەر بارەگاکانی پارتی، واتە گۆڕان بڕوای بەڕاماڵین و ھاندان ھەیە، بۆیە باشترین کار بۆ ئەو چونە دەرەوەیەتی لەحکومەت و پەرلەمان".