نوێترین

recent

16/10/2016

بارزانی پەیامێکی بڵاوکردەوە.."ئەم بەرپرسە سەربازیانە دوربخرێنەوە"



مەسعود بارزانی لەپەیامێکدا ھۆشداریی لەدەستپێکردنی ئۆپەراسیۆنی موسڵ دەدات و داواش لەوەزارەتی پێشمەرگە دەکات، ھەرکەس یان بەرپرسێکی سەربازیی سەر بەھەرلایەنێک بێت، ئەگەر دور لەگیانی نیشتیمانیی و بەحزبیانە بجووڵێتەوە، ئیجرائاتی لەگەڵدا بکرێت و لەبەرەکانی شەڕ دوربخرێتەوە. دەقی پەیامەکەی بارزانی:

ھاوڵاتیانی خۆشەویستی کوردستان

لەماوەی دووساڵی ڕابردودا گەلی کوردستان خۆڕاگربوو، پێشمەرگە بەقارەمانێتیی خۆی ئەفسانەی داعشی شکاند، ئێستاش شەڕی دژی تیرۆریستان لەقۆناغێکی یەکلاییکەرەوەدایەو ھێزی پێشمەرگە بەھەماھەنگی لەگەڵ ھێزەکانی سوپای عیراق بەشداریی شەڕی ئازادکردنی موسڵ دەبێت.

لەو ئۆپەراسیۆنەدا پێشمەرگە یەکڕیزو یەکدەنگ بەبێ جیاوازیی حزبی و ناوچەیی بەشداردەبێت و ئەرک و کاری سەربازیی ھەمولایەک دیاریکراوە، ھەموو پێشمەرگەیەک کوڕو براو ئازیزی منن و کەسوکارو براو پشت و پەنای یەکترن.

داوا لەھەمولایەنەکان و بەرپرسان و ڕاگەیاندنەکان دەکەم، جیاوازیی و موزایەداتی حزبی نەخەنە ناو ڕیزەکانی پێشمەرگە، پێشمەرگە، پێشمەرگەی ھەموو کوردستانەو سەرکەوتنی پێشمەرگەش سەرکەوتنی ھەموو کوردستانییەکە.

لەماوەی بەڕێوەچونی ئۆپەراسیۆنی ئازادکردنەوەی موسڵیش ھەرکەس یان بەرپرسێکی سەربازیی، سەر بەھەرلایەنێک بێت، ئەگەر دور لەگیانی نیشتیمانی و پێشمەرگایەتی و حزبیانە بجوڵێتەوە، پێویستە وەزارەتی پێشمەرگە ئیجرائاتی لەگەڵدا بکات و لەبەرەکانی شەڕ دوری بخاتەوە.

کەناڵ و دەزگاکانی ڕاگەیاندنیش سەر بەھەرلایەنێک بن، ئەگەر لەپۆششدانی ھەواڵی شەڕەکان لەبری خزمەتکردنی کوردستان و پێشمەرگە بکەونە موزایەداتی حزبی، ئەوە لەبەرەکانی شەڕ دوردەخرێنەوەو ڕوبەڕوی یاسا دەبنەوە.

لەخودای مەزن داواکارم کە پێشمەرگە لەو جەنگەدا سەرکەوتوبێت و داواش لەخەڵکی سەربەرزی کوردستان دەکەم وەک ھەموجار پشتیوانی پێشمەرگەبن.

مەسعود بارزانی

١٦ی ١٠ی ٢٠١٦

Picsart-24-02-23-21-31-09-085