نوێترین

recent

03/04/2016

لێكتێگەیشتنی سیاسی واژوودەكەن وڵات ناوەڕۆكی وەرەقەكەی گۆڕان بۆ یەكێتی ئاشكرادەكات


بزووتنەوەی گۆڕان وەرەقەیەكی سیاسی خستووەتە بەردەم یەكێتی نیشتمانی كوردستان، ئەوەش بۆ واژووكردنی "لێكتێگەیشتنێكی سیاسی" لەنێوان هەردوولا.

بەپێی ئەو زانیارییانەی لەسەرچاوەیەكی تایبەتەوە دراوە، بزووتنەوەی گۆڕان چەند رۆژێكە وەرەقەیەكی سیاسی خستووەتە بەردەم یەكێتی نیشتمانی، كە وەرەقەكە لەدوو لاپەڕەو چەند خاڵێك پێكهاتووەو لەسەر دوو ئاست كاری كردووە.

هەر بەپێی زانیارییەكان، ئاستی یەكەمی وەرەقەكەی گۆڕان بۆ یەكێتی، هەردوولا بەپەیوەندییەكانی نێوانیان بچنەوە، ئاستی دووەمیش بۆ جێبەجێكردنی میكانزیمەكانی پەیوەندییەكانی نێوانیانە.

هەروەها گۆڕان دەیەوێت لێكتێگەیشتنی دەباشان، لەگەڵ یەكێتی، كە ساڵی 2012 لەنێوان جەلال تاڵەبانی جێگری سكرتێری یەكێتی‌و نەوشیروان مستەفا رێكخەری گشتی بزووتنەوەی گۆڕان واژووكرا، بكاتە بنەمای ئەم لێكتێگەیشتنە نوێیە، كە بڕیارە واژووی بكەن.

هاوكات جگە لەلێكتێگەیشتنی دەباشات، گۆڕان باسی لەوەش كردووە گفتوگۆو رێككەوتنەكانی ماوەی رابردوو لەنێوان هەردوولاو پرۆژە هاوبەشەكانیان بۆ پرسی سیستەمی سیاسی هەرێم بكەنە بنەما بۆ واژووكردنی لێكتێگەیشتنەكە.

 ئەوەش زانراوە، كە گۆڕان چەند دەستپێشخەرییەكی خستووەتە بەردەم یەكێتی، كە بریتین لەدروستكردنی بەرەی هاوبەش، یان هەنگاونان بۆ دروستكردنی "چەترێك لەنێوان هەردوولا"، یانیش هەنگاونان بۆ یەكگرتنەوە.


بڕیاریشە لەماوەی داهاتووشدا هەردوولایان لەسەر ئاستی پارێزگاكان‌و پەرلەمانی كوردستان‌و پەرلەمانی عێراق كاری هاوبەش ئەنجامبدەن، لەگەڵ یەكگرتوویی گوتاریان لەسەر ئاستی هەرێم‌و عێراقیش.

زانیارییەكان باس لەوەش دەكەن، گۆڕان داوای كردووە، كە دەبێت بۆ ئەنجامدانی چاكسازی لەهەرێم، هەردوولا كاری پێكەوەیی هاوبەش ئەنجامبدەن‌و كاریش بكەن بۆ ئەوەی داهاتی نەوت لەهەرێم زیاتر شەفاف بێت، لەئاستی پرسەكانی تریش كاری پێكەوەیی بكەن.

لەبارەی وەڵامی یەكێتی بۆ وەرەقەكەی گۆڕان، ئەوە زانراوە، كە تائێستا بەفەرمی وەڵامنەدراوەتەوە، بەڵام بەشێكی زۆر لەئەندامانی مەكتەبی سیاسی یەكێتی وەرەقەكەیان پێباش بووە، لەگەڵ ئەوەش هەندێك لەئەندامانی مەكتەبی سیاسی تێبینیان لەسەر هەیە.



شار
Picsart-24-02-23-21-31-09-085