نوێترین

recent

20/01/2016

بزوتنەوەیەکی نوێ لەکوردستان دامەزراندنی خۆی ڕاگەیاند

سەرباری ئەوەی وەزارەتی ناوخۆی حکومەتی ھەرێم مۆڵەتی کارکردنی پێنەداون، بەڵام بزوتنەوەیەکی نوێی سیاسی لەھەرێمی کوردستان دامەزراندنی خۆی ڕاگەیاندو ڕاشیدەگەیەنێت، ئەوان چاوەڕوانی وەڵام لەحکومەت ناکەن.

بزوتنەوەی یەکسانی و دادپەروەری کە لەئێستادا سەرقاڵی بەکرێگرتنی باڵەخانەیە لەسلێمانی بۆئەوەی دەست بەچالاکیەکانی بکات، بەگوێرەی پەیڕەوی بزوتنەوەکە لەپەیڕەوەکەیاندا داوای ئازادیی و دادپەروەری کۆمەڵایەتی دەکات، بەڵام تائێستا لەلایەن وەزارەتی ناوخۆوە مۆڵەتی کارکردنیان پێنەدراوە.

جەزای فەتاح بەگ سەرۆکی بزوتنەوەی یەکسانی و دادپەروەری ڕایگەیاند، ئامانجی سەرەکی بزوتنەوەکەیان، بەدیھێنانی دادپەروەریی و یەکسانیی کۆمەڵایەتی، ژیانێکی خۆش بۆ ھاوڵاتیانە.
سەبارەت بەجیاوازی پەیڕەوو پرۆگرامی بزوتنەوەکە لەحزبەکانی تری ھەرێم، جەزای فەتاح بەگ ئاماژەی بەوەدا، جیاوازی زۆر لەپەیڕەوو پڕۆگرامیاندا ھەیە، بەجۆرێک داوای ئاسودەیی بۆ ھاوڵاتیان دەکەن.

سەبارەت بەشێوازی مۆڵەت وەرگرتن و ڕێگەپێدانیان بۆ دامەزراندنی بزوتنەوەکە، سەرۆکی بزوتنەوەی یەکسانی و دادپەروەری ئاشکرایکرد:"کۆمەڵێک کاری یاساییمان ئەنجامداوە، بەگوێرەی یاسای ژمارە ١٧ی ساڵی ١٩٩٧، ھاوکات بەگوێرەی بڕگەی دووی یاسای ھەمان ساڵ، ئەگەر لەماوەی ٩٠ ڕۆژدا وەڵامی دواکاریەکەمان نەدرێتەوە، ڕاستەوخۆ بەقبوڵکراو ئەژمار دەکرێین و دەتوانین دەست بەچالاکی بکەین".

وتیشی:"بەھۆی سەرقاڵیەوە ئەگەر جوابی کەسانێکی وەک ئێمەش نەدەنەوە، ئێمە بەیاسا ھەڵسوکەوت دەکەین".

سەبارەت بەژمارەی ئەندامەکانیشیان سەرۆکی بزوتنەوەکە وتی:"نزیکەی چوار ھەزار ئەنداممان لەسەرجەم ناوچەکانی کوردستان ھەیە، ناوی ٥٤ ئەندامی دەستەی دامەزرێنەریشمان ئاراستەی وەزارەتی ناوخۆ کردوە".
سەبارەت بەپشتگیریکردنی فەرمانبەرو مامۆستایانیش لەدۆخی ئێستادا بەھۆی دواکەوتنی موچەوە، جەزای فەتاح بەگ ڕەتیکردەوە پشتگیریی لەخۆپیشاندان بکەن، وتیشی:"ئێمە لەگەڵ مانگرتنێکداین کە دوربێت لەشەڕو ئاژاوە".

لەبارەی سەرچاوەی داھاتی بزوتنەوەکەش وتی:"تەنھا پشت بەئابونەی ئەندامەکانمان دەبەستین، جگە لەو ئابونەیە ھیچ سەرچاوەیەکی تری داھاتمان نییە".
Picsart-24-02-23-21-31-09-085