نوێترین

recent

04/10/2025

کەرێك و هەزار مرۆڤ.

 





                     کەرێک و هەزار مرۆڤ

 

   د. ئەمیر حسێن

   چیرۆکەلە دەڵێت : پاشا بڕیاریداوە کەرێک لەگەڵ هەزار کەس پێکەوە لە سێدارە بدات ، ئەم دەنگۆیە هەر زوو بەناو خەڵکدا بڵاو بۆوە ، تا ڕۆژی جێبەجێکردنی بڕیارەکە ، هەموو خەڵک پرسیاریان دەکرد جا ئەو کەرە بۆ ؟ ڕۆژی لە سێدارەدانەکە ڕاوێژکارەکە بە تەنیشتی پاشاوە وەستابو بە پێکەنینەوە ، پێم نەوتی گەورەم هەموو خەڵک لە کەرەکە دەپرسن و کەس لە هەزار کەسەکە ناپرسێ .

   ئەم چیرۆکە لە ڕوکەشدا زۆر گاڵتە ئامێزە ، بۆیە گومانم نیە سەرەتا تەنانەت لای بەشێکی زۆرلە خوێنەرانیش ، سەرنجەکان بەسەر کەرەکەوە بنیشنەوە ، بەڵام گەر چیرۆکەکە وەک پارادایم وەرگرین ئەوە دەرفەت دەڕەخسێت بۆ ئەوەی باشتر لە داڕمانی ئەولەویەتەکانی مرۆڤی ئەم سەردەمە و گاڵتەجاڕیەکانی ڕۆڵی مێدیا تێبگەین ، کاتێک مرۆڤ  لە جەوهەرە  فرە ڕەهەندیەکەی دادەماڵێ و تەنها لە ڕەهەندی ژمارەدا پوختی دەکاتەوە ، لێرەوە جێگۆڕکێیەکی ترسناک ڕودەدات ، وادەکات ڕوداوە جدیە کارەساتبارە مرۆییە چارەنوس سازە گەورەکان داکشێن و بکەونە پەراوێزەوە ، لە بەرامبەردا پەراوێزە پوچ وبێ ماناو هەڵبەستراوەکان هەڵکشێن و ببنە جێگەی گرنگی و ماشێتی تۆخی پڕ بایەخ .

   فۆکۆ لە ڕاڤەکردنی چەمکی بایۆپۆلۆتیکدا( Biopolitics ) ئاماژە بۆ ئەوە دەکات ، دەوڵەتی نوێ تەنها دەسەڵات بەسەر جەستەی مرۆڤدا پراکتیزە ناکات لە ڕێگەی لێپرسینەوەو سزاوە ، بەڵکو دەستی بەسەر خودی ژیاندا گرتوە و ماف بەخۆی دەدات بڕیاربدات : “ کێ مافی هەیە بژی وەکێ دەبێت بمرێت “ . واتا بایۆپۆلۆتیک ئەو هەڵگەڕانەوە گەورەیە وا دەکات دەسەڵاتی سیاسی بایەخ بەژیانی بایۆلۆژی مرۆڤ ، بکاتە بابەت و ئامڕازی بەڕيوەبردن و کۆنتڕۆڵکردن ، لێرەوە پادشای ناو چیرۆکەکە ئەو واقیعە تاڵەمان بیردەخاتەوە : دەسەڵات دەتوانێت هەردووک چەمکی ژیان و مردن جارێکیتر پێناسە بکاتەوە ، بەپێی ویست و بەرژەوەندی خۆی یان جێگۆڕکێیان پێبکات، کاتێک میدیای مۆدێرن وەک بڵندگۆیەک بۆ ئەم لادان و جێگۆڕکێ ترسناکە ، ماشێنێکی زەبەلاح لە ئامڕازە جۆراوجۆرەکانی گەیاندن لەگەڵیدا لەشکرێک ڕۆژنامەوان دەخاتە گەڕ: لێرەوە ئیتر سەرنجی کۆمەڵگاش بەلای ئاراستە کەرنەڤاڵیەکەدا دەفڕێ ، نەک کارەساتە مرۆییە ڕاستەقینەکە، چوونکە ئەوەی هەستەوەرەکانمان دەجووڵێنێت، قووڵایی تراژیدیای ڕووداوەکە نییە ، هەزار مرۆڤ بەیەکجار بڕیاری لەسێدارەدانی بۆ دەرچوە ، بەڵکو کەرنەڤاڵی نمایشە ئاهەنگ ئامێزە سەرنجڕاکێشەکەیە ، کەرێک بە تۆمەتی چی و چۆن لە سێدارە دەدرێ ؟ ئەمە وامان لێدەکات چاومان لە هەزار مرۆڤەکە دابخەین و سەرنجمان لەسەر کەرە ڕەمزییەکە بێت وەک بێتاوانێک .

    مرۆڤەکان تەنها وەک ژمارە لە سەر شاشەو ڕوپەڕی ڕۆژنامەو ماڵپەڕەکان بە بەر چاومانەوە هەڵدەوەرن و دەسڕێنەوە ، (١٠) کەس لەوێ ،(٥٠) کەس لەوشار ،(١٠٠) کەسی تر لە فڵان شوێن ، (١٠٠٠) لە ڕۆژێکدا ، (١٠٠٠٠) لە بە یەکدادانێکدا ، (١٠٠٠٠٠٠) لە جەنگێکدا ….دەمرن یان دەکوژرێن و ئاوارە و ماڵ وێران و دەربەدەردەبن، بەڵام دواجار هیچ شتێک ناگۆڕێ ، تەنها ژمارەکان کەم دەکاو ئاڵوگۆڕیان بەسەردا دێت ، چونکە ئەم ژمارانە بونەتە جۆرێک لە ڕۆتینی ئاسایی بیرۆکراتیانەی ڕۆژانە و مێدیاکان یارمەتیمان دەدەن بۆ ئەوەی بەئاسانی قوتیان بدەین و بێ هەڵچون و کاردانەوە ، بەسەرماندا تێپەڕن ، لە بەرامبەردا ، مێدیا سەر ڕێژمان دەکات ، لە هەواڵی پوچی ، لە سێدارەدانی کەرێک ، یان قەپی دۆلفینێک لە خاوەنەکەی ، یان هاوکاری سەگێک لە ڕزگارکردنی منداڵێکدا ، یان بەریەککەوتنی دوو یاریزان لە ناو گۆڕەپانێکدا …… تا دەگاتە فەتحەی تەنورەکەی کیم کارداشیان و گۆرەویە ڕەنگاوڕەنگەکانی جی دی فانس ، ئەم هەواڵانە هەڵچونی ملیۆنان کەسی لێدەکەوێتەوە ، بە ئەندازەیەک سەدای دەنگدانەوەی هێندە دوور دەفڕێ ، تا دەگاتە کەشتیەوانەکانی ویستگەی جیهانی لە بۆشایی ئاسمان . جان بۆدیار ڕاستی فەرموو کاتێک دەڵێت : درۆیە مێدیا حەقیقەت ناگوازێتەوە ، بەڵکو بەردەوام حیکایەتی دیزاینکراوی نوێ بۆ ڕوداوەکان دەهۆنێتەوە .

     لە کۆتایدا گەر ئەم چیرۆکە وەک مێتافۆڕ وەرگرین دەبینین : چۆن ئیسلامی سیاسی لە کوردوستان ، چاویان لە بەرامبەر دەیان و بگرە سەدان هەزار ڕۆڵەی کورد داخستوە ، کە بەدرێژایی مێژوو بە ناحەق کوژراون و دەکوژرێن ، بەڵام سەرنجیان خستۆتە سەر نمایشێکی هونەری ، گوایە کۆمەڵێک کیژۆڵە کاژیان فڕێداوەو ، دووبارە بە بەرگی ڕەسەنی کوردیەوە لە دایک بونەتەوە ، لە کاردانەوە بەرامبەر ئەم چالاکیە ، شانە نوستوەکانی فاشیزمی ئیسلامی سیاسی ( ئیخوانی و سەلەفی و جیهادی ) بە خێرایی بێداربونەوە ، ئەمە لە کاتێکدا کورد وەک گەلێک بە درێژایی مێژوو، هەمیشە لەبەردەم مەترسی وشیمانەی لە ناوبردندا وەستاوە ، بە داخەوە زۆربەی پەلامارەکان ، لە ژێر سێبەری سوڕەتی ئەنفال و الفتح و الجهاددا کراوەتە سەری ، کەچی ئەم توێژە سیاسیە ئاینیە ، جارێک لوتفیان نەکرد دەنگیان هەڵبڕن ، زۆر لە مێژ نیە هەزاران ژن و منداڵی کوردی ئێزیدی ، لە بازاڕی کۆیلە ( سوق النخاسة ) کڕین و فرۆشتنیان پێوە دەکرا ، کەس لە برا ئاینیەکانمان ویژدانی نەجوڵا ، بەڵام وەکو محقیقەکانی سەردەمی محاکمی تفتیش ، بە زەڕەبین بەدوای ئەوەوەن بزانن کورد بەرامبەر ئەو هەموو غەدرەی لێیکراوە کاردانەوەی چۆنە ، تەنانەت لە نمایشێکی هونەریدا یان تابلۆیەکدا ، ستەمی برا دینیەکانی بخاتە ڕوو ، بيشەرمانە بە دەنگ دێن و عەقیدە ڕادیکاڵیەکەیان دەمە زەرد دەکەنەوە ، بۆ جەستەی گەلێکی ستەم لێکراو. دەستەبژێری سیاسی دەسەڵاتداری هەرێمیش ، لە دەرەوە خۆیان بە عیلمانی و مۆدێرن و دیموکرات و سۆسیال دیموکرات هەڵدەکێشن ، لە ناوخۆش وەک نەعامە ملیان کردوە بە بیرە نەوتەکانداو ، هەرچی ڕوودەدات بەلایانەوە ئاساییە ، بەمەرجێک زەرەدی بۆ پەزەکان نەبێت .

 


Picsart-24-02-23-21-31-09-085