
وه‌فایه‌ك..
له هه‌شته‌مین ساڵڕۆژی ژیانئاوایی مام جه‌لالدا
مه‌لا به‌ختیار
هه‌شته‌مین ساڵڕۆژی ژیانئاوایی مام جه‌لال، ساڵڕۆژی یه‌كێك له گه‌وره‌ترین كاریزماكانی مێژووی هاوچه‌رخی كوردستانه، كاریزمایه‌كه، گرێدراوی سێ چاره‌كه سه‌ده خه‌باتی رزگاریخوازی كوردستان و سیاسه‌تی عێراقیشه. هه‌روا، هی ناوچه‌كه‌شه. ئه‌م وتاره‌م، له‌م ساڵڕۆژه‌دا، ته‌نهاوته‌نها په‌یوه‌ندی به په‌یوه‌ندی به‌نده و مام جه‌لاله‌وه، وه‌كو سیاسیه‌ك هه‌یه، كه زۆربه‌ی ته‌مه‌نی خه‌باتم، له‌ناو ئه‌و سه‌نگه‌ره‌دا گوزه‌راندووه، كه مام جه‌لال پێشه‌نگی بووه. چ له‌ناو كۆمه‌ڵه‌ی ره‌نجده‌راندا (1970) و چ له دامه‌زراندنی یه‌كێتیه‌وه (1975) و چ له به‌رپابونی سه‌رله‌نوێی شۆڕشی چه‌كداریه‌وه (1976)، ئینجا، له‌و به‌یانیه‌ی گوندی (ماسی رۆ)ی دوا گوندی هه‌كاریه‌وه، كه (20/7/1977) وه‌كو نوێنه‌ری كۆمه‌ڵه و شه‌هید ئارام، یه‌كه‌مین پێشمه‌رگه‌ی كوردستان بووم، پێشوازیم لێ‌كرد. خۆی و گۆچانێك، هاته‌وه كوردستان و ناو شۆڕش. ئه‌و مێژووه (1970-2017)، (47) ساڵی ره‌به‌قه.. له‌نزیكه‌وه، چ وه‌كو رابه‌رێك، چ وه‌كو هه‌ڵوێستی جیاواز و ململانێ، چ وه‌كو روداوی چاره‌نوسساز و رۆژگاری هه‌ره سه‌خت، كه مه‌رگه‌ساتیشی تیادا بووه، مام جه‌لال ده‌ناسم. واش رێكه‌وتووه، له سێ روداوی عه‌سكه‌ریشدا، له‌نزیكه‌وه ئازایه‌تی (مام) ببینم. یه‌كه‌میان: له شه‌ڕی (7) رۆژه‌ی شێنێ، ترسنۆكه‌كانم ده‌بینی چۆن زراویان چووبوو! مام جه‌لالیش به‌وپه‌ڕی وره‌وه، له‌كاتێكدا له‌لایه‌ن عێراق و ئێرانه‌وه گه‌مارۆ ده‌دراین، وره‌ی پێشمه‌رگه و فه‌رمانده‌كانی به‌رزده‌كرده‌وه. فیشه‌كی له پێشمه‌رگه‌كانی كه‌رته‌كانی سه‌ركردایه‌تی، كۆده‌كرده‌وه‌و ده‌ینارد بۆ شێنێ.. یه‌كه‌مین سه‌نگه‌ری به‌ره‌نگاری له سه‌ركردایه‌تی. دووه‌میان: (به‌هاری 1979) دوو كۆپته‌ری ئێرانی هاتنه سه‌ر ئاسمانی (خڕی نێر زه‌نگ) و ده‌ستڕێژێكیان لێكردین.. مام و عه‌زیز به‌گ و به‌نده وه‌ستابوین، مام، مێش میوانی نه‌بوو. ئازادی سه‌گرمه فریاكه‌وت، ده‌ستڕێژی دۆشكه‌ی تێگرتن و كۆپته‌ره‌كان هه‌ڵهاتن. بۆ به‌یانیه‌كه‌ی له‌گه‌ڵ داریۆشی فروهه‌ری وه‌زیرێكی ئێران، له نشكۆڵان كۆبونه‌وه هه‌بوو، بۆ چاره‌سه‌ری كێشه‌ی رۆژهه‌ڵاتی كوردستان، فڕۆكه‌وانه‌كان له‌وێ بوون و گلله‌ییان كرد كه ته‌قه‌یان لێكراوه. مام ده‌ستوبرد گوتی: شوكری خودا بكه‌ن نه‌كه‌وتنه‌خواره‌وه، چۆن به‌بێ ئاگاداری ئێمه دێنه ئاسمانی ناوچه‌كه‌مان. من فریاكه‌وتم دژه ئاسمانیه‌كان نه‌تانخه‌نه خواره‌وه. (ئه‌وكاته‌ش دوو دۆشكه هه‌بوو، دوای چه‌ند فیشه‌كێك ده‌وه‌ستان). كابرای ئه‌فسه‌ری فڕۆكه‌وان، شه‌رمه‌زار بوو، به مامی گوت: سوپاسگوزارین جه‌نابت فریامان كه‌وتوی!! سێهه‌م: له دێی (نشكۆڵان)ی رۆژهه‌ڵاتی كوردستان-سه‌رده‌شت، بۆ دانوستاندنی شۆڕشی به‌رگری رۆژهه‌ڵات و كۆماری ئیسلامی ئێران، ده‌چوین، دیسان پاسداران ده‌ستڕێژیان لێكردین، مام ته‌نانه‌ت خۆی نه‌دایه په‌نایه‌كیش هه‌تا بپارێزرێ. هی واش هه‌بوو كونه‌مشكی لێ بوبوو به قه‌یسه‌ری!! ئه‌وه‌یان له شه‌ڕدا.. ئینجا، له‌كاتی كاره‌ساتی هه‌كاری و راگواستنی دێهات و هه‌ره‌سی شۆڕشدا (1978-1979) مام رۆڵی رابه‌رێكی هه‌ره كاریگه‌ری بینی، بۆ رابونه‌وه. دیاره ئه‌مه‌ش پێش روخاندنی شا بوو! له‌گه‌ڵ حكومه‌ته‌كانی ئێران و عێراقیش، له گه‌رمه‌ی دانوستانه‌كاندا، هه‌ندێك جار له‌ته‌كی بووم.. كه ئازایه‌تیه‌كه‌م لێده‌بینی له به‌رگری له كوردستان و خه‌باتی ره‌وای كورد له به‌شه‌كانی كوردستانیشدا، هه‌تا بڵێی مایه‌ی شانازی بوو. بۆچونه‌كانیشی له‌دوای ئه‌نفال و كیمیابارانه‌وه، بروسكه و نامه‌كانی بۆ مه‌كته‌بی سیاسی یه‌كێتی، رۆشن رۆشنن، كه چه‌ند به وره و چه‌ندیش ئاسۆی هاوكێشه‌كانی گه‌لێ رونتر له سه‌ركرده‌کانی دیكه‌ی كوردستان، بینیووه. ئه‌وكاته، فڕۆكه‌خانه‌ی تاران و دیمه‌شق به‌رنه‌ده‌كه‌وتن، له سه‌ركرده و فه‌رمانده چۆك شكاوه‌كانی كوردستان، هه‌تا خۆیان بگه‌یه‌ننه وڵاتێك.. یان پاره‌ی دزراویان بكه‌نه قوزه‌ڵقورت، یاخود كارێكی بێ‌نرخ دابین بكه‌ن. ده‌پرسم: ئه‌گه‌ر (1988-1990) له‌دوای ئه‌نفاله‌كانه‌وه، بڵاوه به پێشمه‌رگه و بنكه‌كانی یه‌كێتی كرابا، له‌دوای داگیركردنی كوێت، چی به‌سه‌ر یه‌كێتی و كوردستان ده‌هات؟ مام جه‌لال رۆڵێكی هه‌ره كاریگه‌ری هه‌بووه، بڵاوه به یه‌كێتی نه‌كرێ. (به‌ڕێزان كۆسره‌ت ره‌سول و جه‌بار فه‌رمانیش هه‌روه‌ها) چونكه دڵنیابووه به‌ده‌ردی جه‌لالیه‌كان (1970) ده‌چنه‌وه. ئه‌و مه‌ڵۆ مه‌ڵۆیه‌ی روداوه‌كانم، له شارای ئه‌م وتاره‌دا، له‌م ساڵڕۆژه‌دا، بۆیه ده‌ستكه‌نه كرد، هه‌تا خوێنه‌ر بزانێ چه‌ند ئه‌ركه به‌رامبه‌ر ساڵڕۆژی مام جه‌لال، مێژوو وه‌كو خۆی.. وه‌كو رویداوه، بخوێنینه‌وه، نه‌ك وه‌كو ئاره‌زوومان ده‌یخوازێ. ئاره‌زوو، كه تێكه‌ڵ به پێوه‌ری سیاسه‌ت ده‌كرێ.. كوت و مت.. ده‌یشه‌مزێنێ! مه‌ترسیدارترین هه‌ڵسه‌نگاندن، ئاره‌زووه‌كان یان رقه‌كان یان مه‌رامه‌كان، ئاوێته‌ی هه‌ڵسه‌نگاندنی روداوه‌كان بكرێ. تكاشم وایه، خوێنه‌ر، لێكدانه‌وه‌ی ئاره‌زومه‌ندانه بۆ وتاره‌كه‌م نه‌كات. با بۆیان رون بكه‌مه‌وه.. كه: نه كه‌ین و به‌ینم له‌گه‌ڵ سه‌ركردایه‌تی ئێستای یه‌كێتی و سه‌رۆكه‌كه‌ی هه‌یه. نه له‌م دۆخه نه‌خوازراوه‌ی كوردستان و ناو یه‌كێتیش به‌ته‌مای هیچ داخوازیه‌كم. ته‌نانه‌ت گه‌لێ قورسه به‌ره‌سمی و شه‌خسی، كۆبونه‌وه‌شیان له‌گه‌ڵدا بكه‌م. به‌ڵام خوێندنه‌وه‌م بۆ مێژوویه‌ك، به گه‌ش و خامۆشیه‌وه، به شانازی و شه‌رمه‌زاریه‌وه، بوم و هه‌م.. بۆ یه‌ك رۆژیش له راگواستنی دێهاته‌وه، له ئه‌نفال و كیمیابارانیشدا، له زیندانیكردنی ئه‌وپه‌ڕی غه‌درلێكردن به‌رامبه‌ر خۆم و هاوڕێكانیشم، نه سه‌ربه‌رزی هاوڕێكانم و نه كێلی بڵندی شه‌هیدانم، نه‌وی نه‌كرد و له‌ژێره‌وه، له‌وپه‌ڕی نه‌هاته‌می خۆمدا، ئاماده نه‌بووم ژێربه‌ژێر، په‌یوه‌ندی به ده‌زگا سیخوڕه‌كان بكه‌م.. هه‌تا گیرفانم گه‌رم بكه‌م و، ویژدانم سڕ بكه‌م. ئاماده نه‌بووم سه‌نگه‌ری خه‌بات جێبهێڵم و دێهاتی وێران، هه‌ڵه‌بجه، گۆپته‌په، سێوسێنان، بالیسان، شێخ وه‌سانان و دۆڵی بازێ.. فرمێسكی ژنه ئه‌نفاله‌كان.. مناڵانی بێ دایك و باوك.. گۆڕستانێك له شه‌هیدانی هاوسه‌نگه‌ر.. به‌جێبهێڵم.. چونكه نه‌مده‌ویست له‌ده‌ره‌وه‌ی وڵاته‌وه، زمانم به‌ر بده‌مه به‌رپرسانی شكست.. ته‌نها بۆئه‌وه‌ی جه‌سته و گیانی خۆم ده‌رباز بكه‌م. ئێستاش.. له روداوه‌كانی دوای راپه‌ڕینه‌وه، مێژووی مام جه‌لال ناده‌مه به‌ر نه‌شته‌ری رقه‌به‌رایه‌تی.. به میتۆدی ره‌خنه‌گرانه، رابوردوو ده‌خوێنمه‌وه، قه‌ت چاویش له گه‌نده‌ڵی و كاڵفامی سیاسیه‌كانیش، ناپۆشم. دڵنیاشم.. ده‌رگای دادگای مێژوو، بۆ ته‌واوی سه‌ركرده‌كان، لایه‌نه‌كان، تێكۆشه‌ران، گه‌وره و بچوك.. كراوه‌یه. هه‌موو كه‌سێك به خۆی و هه‌گبه‌ی كار و ئاكاره‌كانی، ده‌بێ بچێته به‌رده‌م حاكمه‌كانی دادگای مێژوو. دڵنیام كه‌س.. ڤیتۆی له‌به‌رده‌م دادوه‌ردا، نییه و ناشبێ. نه رق و نه سۆزیش، نه په‌رچه‌كردار و كار و كاردانه‌وه، نه ده‌سه‌ڵات و نه بوختان هه‌ڵبه‌ستن، له‌ناو دادگا دادی كه‌سمان نادات و دڵنیام، مه‌چه‌كمان نا، به‌ڵكو ویژدانمان كه‌له‌بچه ده‌كرێ و ده‌بێ چاوه‌ڕێی حوكمی مێژوو بكه‌ین. ئه‌وكاته، ده‌سه‌ڵات و هێز و پاره و میرزاكانی ماستاوكردن، قه‌ڵه‌مه‌كانی تاوان پۆش، ده‌زگاكانی ئه‌شكه‌نجه، به‌ئه‌ندازه‌ی مێشه‌سه‌گانه‌یه‌ك، كاریگه‌رییان نابێ. له هه‌شته‌مین ساڵڕۆژی ژیانئاوایی مام جه‌لالدا، گیانی مام جه‌لال، له‌م هه‌لومه‌رجه ئاڵۆزه‌دا، ته‌نها به‌وه ئاسوده ده‌بێ، كه لێبورده بن.. واز له زه‌بروزه‌نگ بهێنن. له گه‌وره‌یی مام جه‌لاله‌وه، بڕواننه كێشه‌كان. نه‌ك له خواستی ده‌سه‌ڵاتتانه‌وه. نه‌ك له هۆگری پله‌ویایه‌تانه‌وه. دڵنیابن هه‌لپه‌رست و سپڵه‌كان، رۆژێك دێت پشتان به‌رده‌ده‌ن و هێرشتان ده‌كه‌نه سه‌ر. له‌م ساڵڕۆژه‌دا هه‌ق به خۆم ده‌ده‌م.. له رۆحی پاكی مام جه‌لالیش راده‌بینم بڵێم: لاپه‌ڕه‌ی روداوه خوێناوی و نه‌خوازراوه‌كه‌ی لاله‌زار دابخه‌ن.. چاره‌سه‌ر بكه‌نه خه‌ڵاتی یادی مام. خۆشتان ده‌زانن كه ئێوه ئامۆزای هاوسه‌رۆك بوون و چۆنتان ویست، گه‌ز و ره‌زی چواره‌مین كۆنگره‌ی یه‌كێتیتان داده‌پاچی، هه‌نگینێ، لاهور، به‌رامبه‌رم درێغی نه‌كرد. دڵنیابن ئه‌و غه‌درانه‌ی لاهور و ئێوه‌ش، نه‌بۆته رقی كوێرانه به‌رامبه‌رتان (كه من رقی كوێرانه‌م هه‌ر نییه). ته‌نها هه‌ڵوێستی جیاوازم، بۆ قۆناغێكی نوێی سیاسی، كردۆته ئه‌ركی دیموكراسی و دادپه‌روه‌ری و دژایه‌تی گه‌نده‌ڵی. رۆژێكی نزیكیش هه‌ڵده‌بژێرم.. روداوی ترسناكتر له لاله‌زار به‌رامبه‌ر مام جه‌لال ساڵی (1997) پیلانی بۆ كێشرا، باس بكه‌م. به‌ڵام مام، به راوێژ له‌گه‌ڵ به‌نده و چه‌ند هه‌ڤاڵێكی تر، به‌بێ رشتنی خوێنی كه‌سیش، چاره‌سه‌ری كرد. كه باسم كرد.. ده‌زانن روداوه‌كه چه‌ند ترسناك بووه. به‌ڵام مام جه‌لالیش چه‌ند به گه‌وره‌یی خۆی چاره‌سه‌ری كردووه!! له‌كۆتاییدا دوپاتی ده‌كه‌مه‌وه كه: مام جه‌لال، له‌دوای (1970)وه، سه‌باره‌ت به‌و تێكۆشه‌رانه‌ی ده‌رسمان له مێژووی شه‌سته‌كان وه‌رده‌گرت، له روانگه‌ی ده‌هه‌كانی (1970-2017) سه‌یر ده‌كه‌ین. نه‌ك له دۆخی ئێستای یه‌كێتیه‌وه! یان له روداوه‌كانی پێش (1970)وه.