
بانگەشە .. ڕیکلام
ئیتر کاتی بانگەشە و ڕیکلامە بۆ پڕکردنەوەی ئەو کورسیانەی چوار ساڵ جارێک دەبێت نوێ بکرێنەوە، بەڵام .. تۆ هەر وەک پێشوو خەریکی قسەی زل و درۆکردن بیت لەگەڵ خۆت و خەڵک ئەوا ئەو بانگەشەی تۆ و بانگەشەی بازرگانێک بۆ برنج و ڕۆن و شامپۆ دەیکات وەک یەک دەبن ! بانگەشە دەبێت باوەشێک پڕۆژەت پێبێت بڵێی ئەمە کارنامەی منە تا چوار ساڵی تر بێ ئیش نابم، بەڵام تۆ هەر لەسەرتاوە زمان نەزانی و بچیتە خولی زمان و خەمی گۆڕینی ژیانی خۆت بێت لەژیانی خەڵکی و چەندانی تر، ئەوا وەک ئەوە وایە بچیتە کۆمپانیایەکی بزنس نەک پەرلەمان !! پەرلەمان کەسی دڵسۆزی گەرەکە کە خەمی خەڵک پێش خەمی خۆی بێت، چاودێری خوا پێش چاودێری خەڵک بێت. بەڵام تۆ ئەم ماوەیە بۆ خەڵک ببیتە فریشتە و پرسە نەمێنێت نەچیت و جوابی دوا پەیوەندی تەلەفۆنی بدەیتەوە ئەگەر نیوەشەویش بێت و چەندانی تریش کە ئێستا دڵت نەرمە، ئەوە دەبێت چۆن بەڵێنت دا قەڵس نەبیت بە تەلەفۆنی دەنگدەرەکانت، چۆن دنیات پڕکرد لە پەڕۆ و پاڵ دار و دیوار بە دروشمەکانت، ئاواش سادە بژی و خۆت لێ نەگۆڕێت، چونکە چوارساڵە و دیسان ئیشتان بەخەڵک دەبێتەوە، جا ئەم بانگەشە و ڕیکلامە شتێکی خراپە، ئەوانەی بۆ خزمەت نابنە پەرلەمانتار ئیشیان لەوانەش تێکداوە کە بەڕاستی دەیانەوێت خزمەت بکەن. هەرچەند کەسانی دڵسۆز بەخوا و خەڵک و خاک ڕیکلامیان ناوێت چونکە بەسیمایاندا دەیان ناسیتەوە.