هێمن هەورامی، ئەندامی مەکتەبی سیاسی پارتی جەختی لەوەکردەوە کە کاتی ئەوە هاتوە کۆتایی بە بیانوەکان بۆ پەکخستنی پەرلەمان بهێنرێت و لایەنە سیاسییەکان بە بەرپرسیارێتییەوە کار بۆ کاراکردنەوەی ئەم دامەزراوە دەستورییە بکەن. ناوبراو ئاماژەی بەوە دا "چیتر بیانو بۆ پەکخستنی پەرلەمان نەماوە و دەبێت دەستبەکار بێتەوە".هێمن هەورامی، لە میانی دیدارێکدا لەگەڵ ئەندامانی حزبەكەی لە هەڵەبجە رایگەیاند، پاش تێپەڕبونی 20 مانگ بەسەر هەڵبژاردنەکان و واژۆکردنی چەندین ڕێککەوتنی سیاسی، چیتر هیچ پاساو و بیانویەک بۆ پەکخستنی پەرلەمانی کوردستان قبوڵکراو نییە.
ئەو بەرپرسەی پارتی ئاماژەی بەوەکرد، پارتی هەمو هەوڵێکی خۆی داوە و لە ڕێککەوتنی 18ی (ئایار/5)ـی 2025 لەگەڵ یەكێتی، بە ڕونی پرسی شەراکەت و بەڕێوەبردنی هاوبەشی یەکلاکردۆتەوە.
ئەو جەختی کردەوە کە دەبێت هەمو ئەو لایەنانەی خاوەن کورسین لە پەرلەمان، بەرپرسیارێتی مێژویی و نیشتمانی هەڵبگرن بۆ کاراکردنەوەی پەرلەمان بە مەبەستی هەڵبژاردنی دەستەی سەرۆکایەتی و دەستنیشانکردنی لیژنەکان، تاوەکو پەرلەمان بتوانێت ڕۆڵی یاسادانان و چاودێری خۆی ببینێت.لە بەشێکی تری قسەکانیدا، هێمن هەورامی ڕەخنەی لەو هێزانە گرت کە پەنا بۆ "ڕێککەوتنی گوماناوی" دەبەن و وتی، "هەر هێزێک خۆی بە زۆرینە بزانێت، نابێت ترسی لە کاراکردنەوەی پەرلەمان هەبێت." هەروەها ستایشی خۆڕاگری جەماوەری پارتی کرد لە ناوچەی هەڵەبجە و شارەزور کە سەرەڕای فشارەکان، هەمیشە وەفاداری ڕێبازی بارزانی بون و پێگەی مێژویی پارتییان پاراستوە.ههرچهنده له 20ی 10ی 2024ـەوه ههڵبژاردنی پهرلهمانی كوردستان بهڕێوهچوه، بهڵام تاوهكو ئێستا لایهنهكانی ههرێمی كوردستان نهگهیشتونهته رێكهوتن بۆ پێكهێنانی كابینهی دهیهمی حكومهتی ههرێمی كوردستان و ناكۆكی قوڵ لەنێوان یەكێتی و پارتیدا لەسەر ئەو پرسە هەیە.
