
تۆڕی هەواڵی عێراقی کە پشتی بەسەرچاوەیەکی سیاسیی نزیک لەیەکێتیی نیشتمانیی کوردستان بەستوە، ئاشکرایکردوە، لەنێوان مەسعود بارزانی سەرۆکی پارتی دیموکراتی کوردستانو محەمەد شیاع سودانی، سەرۆک وەزیرانی عێراق، لێکتێگەیشتنی ڕانهگەیەنراو لەبارەی پۆستی سەرۆک کۆماری داهاتوو هەیە.
پێگەکە باسی لەوەکردوە، ئەم لێکتێگەیشتنانە بەئامانجی لاوازکردنی ئەو سازانە سیاسییەیە کە لەسەر دابەشکردنی پۆستە باڵاکان هەیە.
سەرچاوەکە ئەم لێکتێگەیشتنانە بەمەترسیدار وەسفدەکات، بەڵام لەهەمانکاتدا جەخت لەوەدەکاتەوە، چارەنوسهكهى شکستهێنانە.
سەرچاوەکە، کە داوایکردووە ناوی ئاشکرانەکرێت، وتویهتى، "گفتوگۆیەکی سیاسیی نهێنیی لەئارادایە، کە تێیدا پارتی دیموکراتی کوردستان پۆستی سەرۆک کۆمار وەردەگرێت لەبەرامبەر پشتگیریکردنی سودانی بۆ خولێکی دیکە لەسەرۆکایەتیی حکومەت".
ئهوهشى وتوه، "ئەم هەنگاوە هەڕەشەیە بۆسەر هاوسەنگیی سیاسی کە لەساڵی 2003وە بونی هەیە، بەڵام هەلی سەرکەوتنی نزیکە لەسفر، ئەمەش بەهۆی ئەوەی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان پەیوەندییەکی ستراتیژیی لەگەڵ هێزەکانی چوارچێوەی هەماهەنگی هەیە، کە هەر هەوڵێک بۆ تێپەڕاندنی شێوەی سازانی ئێستا پوچەڵدەکاتەوە".
بهوتهى سەرچاوەکە، ژمارەیەک لەهێزە سیاسییەکان بەتوندی دژی هەر جوڵەیەک دەوەستنەوە، ئامانج لێى داڕشتنەوەی دیمەنی سیاسی بێت لەڕێگەی ڕێککەوتنی لاوەکییەوەو لەڕێککەوتنە نیشتمانییەکان لابدات كه پرۆسەی سیاسیی عێراق لەسەر ئەو بنەمایە دامەزراوە.