
فاتیحەیێک بۆ لایەنەکانی دیکەی کوردستانیش
لەتیف نێروەیی
سیاسەتمەدارو تێکۆشەری دێرین جەنابی کاک مەلا بەختیار لە دوا دیداریدا لە کەناڵی (الشرقیة)ی عیراقی لەسەر ئەنجامی دوا هەڵبژاردنەکانی پەرلەمانی کوردستان رایگەیاند کە یەکێتی خوا لێی خۆشبێت تەنها 2% ی دەنگەکانی سلێمانی بەدەست هێناوە !!!!. دوای بڵاوبوونەوەی ئەو پەیامە ، میدیای زۆربەی حزب و لایەنە سیاسییەکانی کوردستان کە هەرچەندە ئەنجام و داتای دوا هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستانیان لەلایە، بەڵام وەکو ئەوەی هەنگوینیان لەناو کونە داربەرودا دۆزیبێتەوە ، نەک هەر وەکو هەواڵێکی گرنگ و سەرەکی بڵاویانکردەوە ، بەڵکو هەندێک زانیاری دیکەی نادوستیان ژەنی و خستیانە پاڵ پەیامەکەی جەنابی کاک بەختیارو بازاڕی خۆیان پێ گەرم وگوڕ کرد و وەکو پەیامێکی گرنگی بانگەشەی پێشوەختە لەدژی یەکێتی بەکاریان هێنا . ئەو سەرچاوە میدیاییانە لەسەر پەیامەکەی جەنابی کاک بەختیار بەشوەیەک سەرنجی بەندەیان راکێشا کە هەڵوەستەیەک لەسەررێژەی 2% ی دەنگەکانی یەکێتی بکەم و بەراوردی بکەم لەگەڵ دەنگی هێزو لایەنە سیاسییەکانی دیکەی کوردستان ، هەروەک بەراوردی بکەین لەگەڵ ئەو ئەنجامەی لەلایەن کۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆیی هەڵبژاردنەکانی عیراقەوە بڵاوکراوەتەوە ، بۆئەوەی بزانین ئەگەر رێژەی دەنگی یەکێتی تەنها 2%ی دەنگەکانی بازنەی پارێزگای سلێمانی بێت ، ئاخۆ دەبێ رێژەی دەنگی حزبەکانی دیکەی کوردستان لەو پارێزگایە چەند بێت؟. ئەگەر لە پارێزگای سلێمانی داوای خوالێخۆش بوون بۆ یەکێتی بکرێت کە هێزی یەکەمی بێ رکابەرە ، ئاخۆ دەبێ چ جۆرە دوعایێک بۆ حزبەکانی دیکەی کوردستان بکرێت بە حزبی دەسەڵات و ئۆپۆزسیۆنەوە ؟.
دەگەڕێینەوە بۆ رێژەی 2% ی دەنگەکانی یەکێتی لەسلێمانی و ئەگەر ئەم ژمارەیە وەکو داتایەکی حەقیقی وەربگرین و هەڵسەنگاندنێکی بابەتیانەی بۆ بکەین ، ئەوا دەبێت رێژەی بەشداریکردنی دەنگدەرانی سلێمانی تەنها 4% بێت و ناگاتە 5%، چونکە دەنگی یەکێتی لە پارێزگای سلێمانی نزیکەی دەنگی کۆی هێزو لایەنە سیاسییەکانی دیکەی کوردستان دەبێت. ئەم ئەنجامە پرسیارێک رووبەرووی میدیا ، بەش ، مەکتەب و ناوەندی هەڵبژاردنی لایەنە سیاسییەکان و کۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانی عيراق دەکات ، هەڵبژاردنێک کە کەمتر لە 5% ی دەنگدەران بەشدارییان تیایداکردبێت ، چۆن دەبێت لەلایەن کۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانی عیراقەوە پەسەندکرابێت ؟!. بۆیە ئەگەر وەکو زانیارییەکی دروست مامەڵە لەگەڵ ئەو داتایەدا بکرێت ، ئەو کاتە جگە لەوەی ئەنجامی هەڵبژاردنەکە ئەنجامێکی نا شەرعی دەبێت ، لەهەمانکاتدا بۆ حزبەکانی دیکەی کورستان وەکو پارتی و حزبەئیسلامییەکان و نەوەی نوێ و بەرەی هەڵوێست و ئەوانی دیکە زیاتر لەیەکێتی ئیحراجی دەبێت ، چونکە رێژەی دەنگی زۆربەیان ناگاتە 1% بەڵکو رێژەی دەنگەکانی بەشێکیان تەنها چەند پۆینتێک دەبێت ، تەنها رێژەی دەنگی
لایەنێکی سیاسی دەگاتە 1% . ئەمەش نیشانەی نەک هەر شکست بەڵکو هەڵوەشانەوەی پرۆسەی سیاسی دەبێت لە هەرێمی کوردستان و بەپێی ئەو داتایەبێت نابێ میدیای هیچ لایەنێکی سیاسی خۆشحاڵ بێت بەو داتایە چونکە ئەگەر داتاکان لەیەک جیابکرێنەوەو بەراورکاریێک لەنێوان دەنگی هێزو لایەنە سیاسییەکانی کوردستاندا بکرێت لەسلێمان ئەوکاتە بۆ هەندێ لایەن زۆر ناخۆش دەبێت کەرێژەی دەنگەکانیان بەپۆینت دەژمێردرێت.بۆیە یەکێتییەکان چاویان لەوەبوو ئەگەر باس لە رێژەی دەنگەکان بکرێت ، رێژەی دەنگی هەموو لایەنەکان باس بکرێت و لەسەر ئەو بنەمایە بەشێک لەکادیرو ئەندامانی یەکێتی دەڵێن خۆزگە کاک بەختیار هاوشێوەی یەکێتی ، ناو و رێژەی دەنگی لایەنە سیاسییەکانی دیکەی کوردستان لەشاری سڵێمانی بهێنایە .؟!. ئەو کاتە بەرلەوەی داوای خوالێخۆش بوون بۆ یەکێتی بکات کەلە سلێمانی هێزی یەکەمی بێ رکابەوە ، فاتیحەیەک بۆ هێزەکانی دیکەی کوردستانی دەخوێندەوە کە لەسلێمانی دەنگیان ناگاتە نیوەی دەنگی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان. ئەو کاتە میدیای هەندێ لایەنی سیاسیش لەروویان نەدەهات باس لە2% ی دەنگەکانی یەکێتی بکەن و بڵێن کۆچی دوایی کردووە.
هەر چەندە ئەم مژارە پێویست بە راڤەکردن و خستنەڕووی داتاکانی ئەنجامی هەڵبژاردنەکان ناکات کە هەندێک سەرچاوەی میدیایی خۆیان پێ خۆشخاڵ و شپرزە کردووە چونکە:
هەموو خەڵکی کوردستان و عیراق ئەو راستیە دەزانن کەلەدوای ئەنجامدانی کۆنگرەی پێنجەمی یەکێتییەوە ،لەماوەی کەمتر لە دوو ساڵی رابردودا لە عیراق و هەرێمی کوردستان دوو هەڵبژاردنی گرنگ ئەنجامدراون ، لەهەردوو هەڵبژاردنەکاندا دەنگ و کورسی یەکێتی نەک کەمی نەکردووە ، بەڵکو توانیویەتی دوو سەرکەوتنی کەم وێنە بەدەستبهێنێت .
هەڵبژاردنی یەکەم: هەڵبژاردنی ئەنجومەنی پارێزگاکانی عيراق بوو ، رێژەی دەنگ و رێژەی کورسییەکانی یەکێتی لە ناوچە دابڕێندراوەکان زیادیکردو لە هێزی دووەمەوە بووە بەهێزی یەکەم و ، لە رووی رێژەی دەنگ و رێژەی کورسییەوە لەپێش رکابەرەکەی خۆی کەوت کە پارتی دیموکراتی کوردستانە و بەهۆی ئەو سەرکەوتنە گەورەیەوە ، یەکێتی توانی لە کەرکوک لەرێی دانانی پارێزگارێکی دڵسوزو پێکهێنانی ئیدارەیێکی نوێی خزمەتگوزارەوە خزمەتێکی باش پێشکەش بەخەڵکی شارەکە بکات .
هەڵبژاردنی دووەم : هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان بوو ، لەم هەڵبژارنەشدا یەکێتی لەسنووری هەرێمی کوردستان بەتایبەت لەسنووری پارێزگای سلێمانی زیاتر لە %90 ی دەنگەکانی زیادیکردووە و رێژەی کورسییەکانیشی زیادیکردووە و توانی لە هێزی سێیەمەوە ببێتە هێزی دووەم و لەپێگەیەکی بەهێزدا کێبڕکێ لەگەڵ هێزی یەکەمی هەرێمی کورستاندا بکات .
بۆیە جەماوەرو میدیای یەکێتی ناکەونە ژێر کاریگەری هیچ پەیامێکی بانگەشەی پێشوەختەی هەڵبژاردن کە میدیای بەشێک لەلایەنە سیاسیەکانی کوردستان سەرقاڵی بانگەشەی پێشوەختە و خاپاندنی جەماوەرن ، کەی بانگەشە بەرەسمی دەستی پێکرد ئەو کاتە وەک هەڵبژاردنەکانی رابردوو ئەسپی خۆمان تاودەدەین .