
رۆژنامەنوسێكی دیاری بزوتنەوەی گۆڕان ئاماژە بۆئەوەدەکات مەسعود بارزانی نەك تەنها لەسەرۆكایەتی هەرێمی كوردستان، بەڵكو لەسەرۆكایەتی حزبەكەشی شەرعیەتی سەرۆكایەتی نەماوە، كە كۆنگرەی حزبەكەی بە دەق رێگری لێكردووە".
بەپێی بەدواداچونێك كە رۆژنامەنوس سیروان رەشید میدیاكاری بزوتنەوەی گۆڕان و بەرپرسی پەیوەندیەكانی تۆڕی میدیایی ئەو بزووتنەوەیە ئاشكرایكردووە "مەسعود بارزانی لەسەرۆكایەتی پارتی دیموكراتیش شەرعیەتی سەرۆكایەتی نەماوە، كە كۆنگرەی حزبەكەی بە دەق رێگری لێكردووە".
بەپێی ئەو بەدواداچونەی ئەو میدیاكارە كردوویەتی"كۆنگرەی سیانزەی پارتی دیموكراتی كوردستان لە رۆژی 11 ی كانونی یەكەمی 2010، لە شاری هەولێر ئەنجامدرا، بەپێی مادەی 22ی پەیڕەوی ناوخۆی پارتی كە لەو كۆنگرەیەدا بڕیاری لەسەر دراوە، تەمەنی ویلایەتی سەرۆكی حزب و ئەنجومەنی سەركردایەتیەكەی بۆ ماوەی چوار ساڵە".
ئەو رۆژنامەنوسە دەشڵێت: بەپێی بڕگەی سێی مادەی 22 بەدەق دەڵێت" تەمەنی یاسایی نێوان دوو كۆنگرە چوار ساڵ دەبێت لەحاڵەتی زۆر پێویستدا ئەنجومەنی سەركردایەتی مافی درێژكردنەوەی تەنها یەك ساڵی تەمەنی یاسایی كۆنگرەی هەیە".
ئاماژەش بۆ ئەوە دەكات "هەربۆیە دەبوو مانگی كانونی یەكەمی ساڵی 2014، پارتی كۆنگرەی 14ی ببەستایە، بەڵام بەوپێیەی دەستوری حزبەكەی بۆ ساڵێك ئەو مافەی بەسەركردایەتیەكەی داوە، كۆنگرە دوابخات، دەبوو بەر لە 11 ی كانونی یەكەمی 2015، دیسان كۆنگرەی ببەستایە، پێش تەواوبونی ئەو ساڵە كە ئەنجومەنی سەركردایەتی بۆی درێژكردۆتەوە، هەربۆیە ئێستا ئەو ساڵەش تەواو بووەو بەوپێیە ئێستا بارزانی لەسەرۆكایەتی حزبەكەشی شەرعیەتی لەدەستداوە".
هەروەها ئەو رۆژنامەنوسە دەڵێت"ئەمە سەرباری ئەوەی یاسای ژمارە 17ی ساڵی 1993ی یاسای پارتە سیاسییەكانی هەرێمی كوردستانی عیراق، داوا لە حزبە سیاسیەكان دەكات پابەندبن بە بنەما دیموكراسیەكانی هەڵبژاردن و ئەنجامدانی كۆنگرە لەكاتی خۆیدا".


