نوێترین

recent

26/01/2016

بارزانی داوای لە بەشداربووانی کۆبوونەوەکە کردووە پۆستەکەی وەربگرن

ئایدن مەعروف ئەندامی مەکتەبی سیاسی بەرەی تورکمانی بە(تۆڕی میدیایی رووداو)ی راگەیاند:"مەسعود بارزانی سەرۆکی هەرێمی کوردستان چەندجارێک داوای لە بەشداربووانی نێو کۆبوونەوەکە کرد کە کێ ئامادەیە تاوەکو پۆستی سەرۆکی هەرێمی کوردستانی رادەست بکەم".

لە كۆبوونەوەی رۆژی سێشەممەی 26-1-2016 مەسعود بارزانی سەرۆكی هەرێمی كوردستان و حیزبەكانی بەشدار لە حكومەت و پەرلەمانی كوردستان كە لە پیرمام بەڕێوەچوو، بارزانی داوای لە بەشداربووان كردووە كەسێك پۆستەكەی وەربگریت.

ئایدن مەعروف، سەرۆكی فراکسیۆنی بەرەی توركمانی لە پەرلەمانی کوردستان بە(تۆڕی میدیایی رووداو)ی راگەیاند:"كۆبوونەوەیەكی ئەرێنی و راشكاوانە بوو بۆ چارەسەركردنی قەیرانە سیاسی و داراییەكانی ئەمڕۆی هەرێمی كوردستان لیژنەیەكی بچووك كراوە لە پارتی، یەكێتی و یەكگرتوو  دروستكراوە بۆ كاراكردنەوەی پەرلەمانی كوردستان".

ئایدن مەعروف گوتی:"كاك مەسعود بارزانی نیگەرانی زۆری پێوە دیاربوو سەبارەت بە باردۆخی سیاسی و دارایی ئەمڕۆی هەرێمی كوردستان و چەند جارێك داوای لە هەموو بەشداربووانی كۆبوونەوەكە كرد كە كێ‌ ئامادەیە پۆستی سەرۆكی هەرێمی كوردستان وەربگرێت، ئەو ئامادەیە ئێستا پۆستەكەی رادەستبكاتەوە".

ئایدن مەعروف كە هاوكات ئەندامی مەكتەبی سیاسی بەرەی توركمانییە دەڵێ‌:" كاك مەسعود چەند جارێك ئەو قسەی دووبارە كردەوە كە كێ‌ لە ئامادەبووانی كۆبوونەوەكە ئامادەیە پۆستەكە وەربگرێت فەرموو بابێت ئەو ئەركە بگرێتە ئەستۆ منیش پشتگیری دەكەم".

سەرۆكی بەرەی توركمانی ئەوەشی ئاشكرا كرد"هیچ كام لە بەشداربووانی كۆبوونەوەكە وەڵامی داواكەی بارزانیان نەدایەوە"، هەروەها بارزانی رەخنەی تووندی لە كۆبوونەوەی 23ی حوزەیرانی پەرلەمانی كوردستان گرتووە بەوەی ئەو كۆبوونەوەیە هەموو باردۆخەكە تێكداوە.
Picsart-24-02-23-21-31-09-085