
دوو یەکێتی نیشتمانی کوردستان

دوای دان بەخۆدا گرتنێکی زۆر لە کودەتای 8ی تەموزی نێوخۆیی یەکێتی نیشتمانی کوردستان و ڕۆژ بەڕۆژ خراپ بونی دۆخی ئەو حزبە لە هەموو ئاست و کایەکان و ڕەنگدانەوەی دۆخی خراپی حزبەکە و کاریگەری نێگەتیڤی لەسەر هەرێمی کوردستان بە گشتی و زۆنی سەوز و شاری سلێمانیەوە بەتایبەتی داناوە ، لاهور شێخ جەنگی هاوسەرۆکی یەکێتی نیشتمانی کوردستان هەفتەی ڕابردوو 2023/2/22 پشت بەستوو بە پەیڕەوی ناوخۆی یەکێتی و بڕیاری دادگا و بنەماڵەی شەهەیدان و هێزی پێشمەرگە و تێکۆشەرە دێرینەکان و گەنجە خوێن گەرمەکان و کۆمەڵانی خەڵکی کوردستان و بەسوود وەرگرتن لە هاوکێشە تازە ناوخۆیی و هەرێمایەتی و نێو دەوڵەتیەکان ، بێ دەنگی شکاند و پەیامێکی نوسراوی ئاڕاستەی ئەنجومەنی سەرکردایەتی حزبەکەی کرد و دواتر لە پەیامێکی ڤیدیوێی لە سەر پەیامەکەی بڵاو کردەوە و دەرفەتێکی تازەی خستە بەردەم سەرکردایەتی حزبەکەی بۆ کاری هاوبەش بە ئومێدی ڕاستکردنەوەی باری لاری یەکێتی نیشتمانی کوردستان و باش کردنی دۆخی نەخوازراوی زۆنی سەوز و بەهێز کردنەوەی پێگەی هەرێمی کوردستان .
لاهور شێخ جەنگی و هاوڕێکانی بە بەرچاو ڕونی تەواوەوە بۆ دۆخی یەکێتی و زۆنی سەوز ، دۆخی هەرێمی کوردستان و حکومەتی هەرێم ، دۆخی کەرکوک و ناوچە دابڕێنراوەکان ، دۆخی هێزی پێشمەرگە ، دۆخی عێراق ،دۆخی وڵاتانی دراوسێ ، دۆخی پارچەکانی تری کوردستان و ئاگادار لە هاوکێشە تازەکان و لەسەر داوای چین و توێژە جیاوازەکانی کۆمەڵانی خەڵکی کوردستان ئەو بڕیارەیان داوە وەک ئەرکی مێژویی خۆیان بەرپرسیارێتی ڕاستکردنەوەی ئەو دۆخە نەخوازراوە هەڵگرن و درێژە بە خەباتی خۆیان بدەن ..بۆ ئەو مەبەستەش پلانی( A'B'C ) یان داڕشتووە و وەک هەنگاوی یەکەم دەستی هاوکاری و هەماهەنگی و کاری هاوبەش ئاڕاستەی هەڤاڵان و هاوسەنگەرانی خۆیان لە سەرکردایەتی یەکێتی کردوە چونکە خۆیان یەکێتی دەزانن و مێژوی یەکێتی بە مێژوی خۆیان دەزانن .
لە حاڵەتی بەدەنگەوە نەهاتن و پشتگوێ خستن و نەخوێندنەوەی پەیامەکە بێ باک بون لەو مێژوە هاوبەشە بەرپرسیارێتی لە دەستدانی ئەو دەرفەتە بۆ کاری هاوبەش دەکەوێتە ئەستۆیان و یەکێتی دەخەنە بەردەم دوڕیانێکی تری نەخوازراوەوە ،
چونکە کەس ئامادە نیە دەستبەرداری مێژوی خۆی بێت و بۆ درێژەدان بەو مێژووە هەر لە ژێر ناوی یەکێتی دا درێژە بە خەبات دەدەن و کاری سیاسی خۆیان دەکەن بەپێی ڕێکارە یاساییەکان دەچنە پرۆسەی هەڵبژاردنەوە بەمەش یەکێتی لە هەڵبژاردنی ئایندە زیاتر لە لیستێکی دەبێت .
بە داخەوە باڤڵ تاڵەبانی هاوسەرۆکی یەکێتی نیشتمانی کوردستان ئەمڕۆ 2023/3/1 لە کۆڕبەندی هەولێر دوافیشەکی بە جەستەی یەکێتیەوە نا ، بێ باکانە خۆی لە پەیامەکەی لاهور شێخ جەنگی بێ ئاگا کرد بئ ئاگا لەوەی یەکێتی بەرەو کوێ دەبات بەوەش کاری هاوبەشی ڕەتکردەوە و نوقڵانەی کەرت بونی یەکێتی لێدا و یەکێتی خستە قۆناغێکی ترەوە کە لە ئەمڕۆوە ئیتر دوو یەکێتی لە گۆڕەپانی سیاسی عێراق و کوردستان کار دەکەن .