
وشەیەك بۆ "ئاوات"ی خوشكی لاهور لەهەر كوێ بێت
فوئاد سدیق
لە شەوێکی تەمومژاوی سلێمانیدا، کاتێک دەبوو شار لە هەناسەی ئارامیدا نقووم بێت، پەردە لەسەر دیمەنێکی تری ئەو شانۆگەرییە کۆنە هەڵدرایەوە کە تێیدا خوێن ڕەنگی ڕەش هەڵدەگەڕێت و مێژوو خۆی دەجوێتەوە. هێزێک، کە بە نا لۆژیکی فیشەک و فەرمانی سەربازی دەجوولایەوە، گەمارۆی قەڵایەکی بچووکی دابوو بە ناوی لالەزار. ئامانجەکە تەنیا گرتن نەبوو، بەڵکو ڕووشاندنی ڕۆح بوو؛ وردوخاشکردنی شکۆی ڕکابەرێک لەبەردەم عەدەسە بێبەزەییەکانی کامێرادا بوو، کە وەک چاوی کراوەی مێژوو، چاوەڕێی تۆمارکردنی چرکەساتی هەرەسهێنانیان دەکرد. دەیانویست وێنەی تەسلیمبوونێک بگرن کە سبەینێ، لەسەر مێزی قوماری سیاسی، ببێتە بەڵگەی لاوازی و شکستی ئەوی تر.
ئەمە دووبارەبوونەوەی هەمان سیناریۆی نەفرەتی بوو: من ی دەسەڵات، بە هەموو قورسایی ئاسن و ئاگرەوە، هەوڵی سڕینەوەی بوونی من ێکی تری دەدا، بێ ئەوەی گوێ بداتە ئەو ڕاستییەی کە لەم پرۆسەیەدا، جەستەی شەکەتی ئێمە ی نیشتمان جارێکی تر دەتەنێتەوە.
پرسیارە وجودییەکە لێرەدا سەرهەڵدەدات: سلێمانی، ئەو شارەی کە کێوی شانی پیاوەکانی لە کێوی ئەزمەڕ بەرزتر دەنواند، ئەو شارەی ڕۆشنبیرەکانی لە قاوەخانە تیۆرییەکاندا بانگەشەی ڕووناککردنەوەی تاریکترین گۆشەکانی مێژوویان دەکرد، ئەو شارەی شێخ و سەرۆک عەشیرەتەکانی بە تەسبیح و مشتەرییەوە سوێندیان بە یەکڕیزی دەخوارد، چۆن بوو لە ساتەوەختی تاقیکردنەوەدا، بووە شارێکی پەیکەری مات و مردوو؟ چەندین ساڵە بە دەنگی بەرز دەچڕن، بەڵام بانگەشەکانیان وەک دەنگی دەهۆڵ لە دوورەوە خۆش بوو، ئاخرلە کاتی ئەم شەوەی ڕووبەڕووبوونەوەدا، دەهۆڵەکە کون بوو. چونکە دیوار دروست نابێت کاتێک هەر خشتێک گومانی لە خشتەکەی تەنیشتی هەبێت. بێدەنگیی شار، بێدەنگیی ئارامی نەبوو، بەڵکو بێدەنگیی مردنی متمانە بوو. ڕۆشنبیرەکان قەڵەمەکانیان تەنیا توانای نووسینی شیوەننامەی دوای کارەساتەكەشیان نەبوو. شێخەکانی تەریقەت و گەورەکانی عەشیرەت، کە دەبوو ببنە چەتری کۆکەرەوە، لەژێر عەبای بەرژەوەندییەکانیاندا خۆیان حەشاردابوو. تەنانەت چەند ڕۆژێکیش دوای ڕووداوەکە، هێشتا بەیاننامەیەکی ڕوون و یەکگرتوومان لێیان نەبینی؛ ئەمەش نیشانەی پووکانەوەی ئەخلاقیی ئەوان بوو.
لەناو ئەم بۆشاییەدا، لەناو سیمفۆنیای گوللە و هەورەبرووسکەی ئاگردا، کاتێک دووکەڵی چڕ لە گێژەنێکی قووڵدا دەخولایەوە، لەو چرکەساتەی هەزاران پەنجە لەسەر پەلاپیتکەی تفەنگەکان سارد ببوونەوە، خوشکێک، بە ناوی ئاوات، خوشکی لاهووری شێخ جەنگی، لەناو بازنەی ئاگر و ئاسندا،بەرانبەر تانك و دەبابەو فرۆكەی بێ فڕۆكەواندا، وەک چرایەکی یاخی لە دڵی تاریکیدا دەرکەوت. چەکەکەی ئەو وەفای ڕەها بوو؛ ئەو پێوەندییە ئەزەلییەی کە تەماحی کورسی و ترس لە مەرگ هەرگیز ناتوانن بیپسێنن. ئەو لە یەک چرکەساتدا فەلسەفەی شەڕەکەی نەگۆڕی، بەڵکو مێژووی هەڵوەشاندەوە. جەستەی خۆی کردە قەڵایەکی زیندووی مرۆیی کە بەرگەی هەموو تانک و تۆپ و فڕۆکە بێ فڕۆکەوانەکانی دەگرت.
ئەو زۆر باش لە یاساکانی ئەم شانۆگەرییە تێگەیشتبوو؛ دەیزانی بریندارکردنی کەرامەت لە کوشتن کاریگەرترە. بۆیە ڕووی کردە کامێراکان و بە هاوارێک کە تێکەڵەیەک بوو لە تووڕەیی و خۆڕاگری، نەیهێشت ئەو دیمەنە تۆمار بکرێت کە دوژمنەکانی دەیانویست. ئەو براکەی لە قووڵایی شەڕەکەدا جێ نەهێشت.
با بە ڕوونی بیڵێین: ئەگەر ئەو شەوە ئاوات ی خوشكی لاهوور نەچووبایە لالەزار، سیناریۆکە زۆر قێزەونتر لە ئێستا بە خوێن دەنووسرایەوە و دوا بزماریش لە تابووتی پێکەوەژیانی سلێمانی دەدرا. ئەگەر ئەو نەبوایە، ئەو شەوە دەبووە شەوی کردنەوەی دەرگاکانی دۆزەخ و دەستپێکی تۆڵەسەندنەوەیەکی بێ کۆتایی. ئەگەر ئەو نەبوایە، بەیانییەکەی شار لەسەر دەنگی گریانی دایکەکان و سوێندی تۆڵەی کوڕەکان بەخەبەر دەهات. ئەو بە تەنیا، بە هێزی بوونی خۆی، بووە ئەو بەربەستەی کە نەیهێشت شار بکەوێتە ناو قووڵایی شەڕێکی ناوخۆییەوە کە ئاگرەکەی هەرگیز نەدەکوژایەوە.
با لێرەدا بەراوردێکی فەلسەفی لەگەڵ کڵاوزێڕی پێكهێنەری دوازدە سوارەی مەریوان بکەین. ئەگەر کڵاوزێڕ، دوای کارەساتەکە، شیوەنی کردە سوێندی تۆڵە، ئەوا (ئاوات)لە ترۆپکی قەیرانەکەدا، هاواری کردە قەڵغانی بەرگری. کڵاوزێڕ هات بۆ سڕینەوەی پەڵەی خیانەت؛ بەڵام ئاوات هات بۆ ئەوەی ڕێگری لە لەدایکبوونی پەڵەکە بگرێت. كڵاوزێڕ شەرەفی لەدەستچووی گەڕاندەوە، (ئاوات) نەیهێشت شەرەف لەدەست بچێت. بەڵام ئەوەی هەردووکیانی پێکەوە گرێدەدا، لە هەموو شتێک گەورەترە: لەو شەوە پڕ لە ئاگرەدا، هەردووکیان ترسیان لە دڵیاندا ناشتبوو. ئەوان ئازاتر بوون لە هەموو عەشیرەت و پیاوانی تەریقەت و ڕۆشنبیرانی شار، چونکە ئازایەتیی ئەوان لەپێناو بەرژەوەندی و ناوبانگدا نەبوو، بەڵکو لە کانگای وەفایەکی ڕەسەنەوە هەڵدەقوڵا.
ئاوات، وەک پڵنگێکی بریندار، خۆی هاویشتە ناو جەرگەی ئاگرەکەوە. کردەوەکەی ئەو شۆڕشێک بوو دژی فەلسەفەی ترس و خۆپەرستی. ئەو نەچوو شەڕ بکات، بەڵکو چوو بۆ ئەوەی پێناسەیەکی نوێ بۆ وجود بنووسێتەوە؛ وجودێک کە مانای پێکەوەبوونە لەناو مەرگدا، نەک "تەنیا مانەوە لەسەر وێرانەی یەکتردا. ئەو شەوە، لە لالەزار، خوشکێک نەک هەر ئەوەی سەلماندی کە ژنێکی ڕاستگۆ دەتوانێت مێژوو بنووسێتەوە، بەڵکو سەلماندی کە دەتوانێت ڕێڕەوی مێژوو بگۆڕێت و شارێک لە چارەنووسێکی ڕەش ڕزگار بکات. ئەو بووە دوا سەنگەری مرۆڤایەتی لەناو جەنگەڵستانی سیاسەتی ئەمڕۆدا.