
سەرۆكایەتی داواكاری گشتی لەبارەی رووداوەكەی لالەزار، فەرمانگەی داواكاری گشتی سلێمانی ڕادەسپێرێت بۆ بەدواداچوونی رووداوەكە و پاراستنی مافی هەمووان لە چوارچێوەی یاسا و دەستور، راشیدەگەیەنێت، لەكاتی جێبەجێكردنی هەر فەرمان و بڕیارێكی دادگا، دەسەڵاتی جێبەجێكردن پێویستە بەوپەڕی پەرۆشیەوە ڕەچاوی بنەما یاسایی و دەستورییەكان بكات لە پاراستنی گیان و كەڕامەتی هاوڵاتیان و پاراستنی سامانی گشتی و تایبەتی و مافەكانی خودی تۆمەتباریش كە لە یاسا و دەستوردا هاتووە.
سەرۆكایەتی داواكاری گشتی لە راگەیەندراوێكدا كە ئەمڕۆ دووشەممە 25-8-2025 بڵاویكردووەتەوە، داواشی لە هەموو دەزگاكانی ڕاگەیاندن و خاوەنی پەیج و هەژمارەكانی تۆڕە كۆمەڵایەتیەكان كردووە، بە شێوەیەكی بەرپرسانە و دوور لە ئاڵۆزكردنی زیاتر، مامەڵە لەگەڵ ئەم ڕووداوە و لێكەوتەكانی بكەن.
دەقی راگەیەندراوەكە:
وەك ئاشكرایە لای هەموو لایەك كە یەك لە ئامانجە سەرەكییەكانی یاساكان بریتییە لە پاراستنی ماف و ئازادییەكان و ئاسایشی هاوڵاتیان و پێویستە هەموو كەسێك پابەندی یاسا بێت و كەس لە سەرووی یاسا نەبێت. بۆیە و پاڵپشت بەو ئەركە یاساییەی كە دەزگای داواكاری گشتی هەیەتی لە پاراستنی سیستەمی هەرێم و چاودێری ڕەوایی (مراقبە المشروعیە) و پاراستنی ســەروەری یاسا و باش پیادەكردنی حوكمەكانی و چاودێری جێبەجێكردنی بڕیارەكان بەپێی ماددە (١/یەكەم، چوارەم) لە یاسای داواكاری گشتی هەمواركراو، بۆیە جەخت دەكەینەوە كە لەكاتی جێبەجێكردنی هەر فەرمان و بڕیارێكی دادگا دەسەڵاتی جێبەجێكردن پێویستە بەوپەڕی پەرۆشیەوە ڕەچاوی بنەما یاسایی و دەستورییەكان بكات لە پاراستنی گیان و كەڕامەتی هاوڵاتیان و پاراستنی سامانی گشتی و تایبەتی و مافەكانی خودی تۆمەتباریش كە لە یاسا و دەستوردا هاتووە.
بۆ جێبەجێكردنی فەرمان و بڕیارەكانی دادگا، یاسا ڕێوشوێنی ئەوتۆی دیاریكردووە كە نەبێتە هۆكاری پشێوی و نا ئارامی و زیان گەیاندن بە سامانی گشتی و تایبەتی هاوڵاتیان لە چوارچێوەی بنەما دەستوری و یاساییەكان وە هەر لەم چوارچێوەیە زۆر گرنگە مافی ژیان و كەڕامەت و ئازادی هاووڵاتیان پارێزراو بێت.
لێرەدا جەخت لەسەر هەموو دەزگاكانی ڕاگەیاندن و خاوەنی پەیج و هەژمارەكانی تۆڕە كۆمەڵایەتیەكان دەكەین كە بە شێوەیەكی بەرپرسانە و دوور لە ئاڵۆزكردنی زیاتر، مامەڵە لەگەڵ ئەم ڕووداوە و لێكەوتەكانی بكەن.
فەرمانگەی داواكاری گشتی سلێمانی ڕادەسپێرین بۆ بەدواداچوون بۆ ئەم ڕووداوەی شەوی ٢١لەسەر ٢٠٢٥/٨/٢٢ و پاراستنی مافی هەمووان لە چوارچێوەی یاسا ودەستور.
سەرۆكایەتی داواكاری گشتی
٢٠٢٥/٨/٢٥