
باری نائاسایی لەناو یانەی بەرشەلۆنە راگەیەنراوە، ئەوەش بەهۆی ئەو ئەنجامە خراپەی یانەكە لەیاری چوونی قۆناغی 16 خولی یانە پاڵەوانەكانی ئەوروپا تۆماریكرد.
باری نائاساییەكە بەشێوەیەكە رۆژی چوار شەممە كۆبوونەوەی دەستەی ئیداری یانەكە رێكخراوەو بڕیارە ئەمڕۆش كۆبوونەوەكە بەردەوامبێت، كە ئامانجی كۆبوونەوەكە بۆ تاوتوێكردنی ئەو ئەنجامە خراپەیە یانەی بەرشەلۆنە لەخولی یانە پاڵەوانەكانی ئەوروپا تۆماریكرد.
رۆژی سێ شەممەی رابردوو یانەی بەرشەلۆنە لەیاری چوونی خولی یانە پاڵەوانەكان لەقۆناغی 16 رووبەڕووی یانەی پاریس سان جێرمان بووەو یارییەكەشی بەئەنجامی چوار گۆڵی بێبەرانبەر دۆڕاند، كە زۆربەی ئاماژەكان بۆ ئەوەن، لویس ئەنریكی راهێنەری یانەكە بەرپرسە لەو ئەنجامە.
میدیا كەتەلۆنییەكان، لەوانە مۆندۆو سپۆرت بڵاویانكردووەتەوە، كە ئیدارەی یانەی بەرشەلۆنە جەختیان كردووەتەوە، لەو شێوازی یاریكردنەی یانەكە بەراهێنەرایەتی ئەنریكی رازی نین.
رۆژنامەكان ئەوەشیان ئاشكراكردووە، كە ئیدارەی یانە كەتەلۆنییەكە گەیشتوون بەو ئەنجامەی، دەبێت یانەكە لەهاوینی داهاتوو بیر لەهێنانی راهێنەرێكی تر بكەنەوە، ئەوەش وەك شوێنگرەوەی ئەنریكی، كە ئێستا نێوانی لەگەڵ یاریزانەكانی یانەكەشی باش نییە.