

سەرچاوەیەک ئەوە ئاشکرادەکات : لە کۆبوونەوەی ڕۆژی 26ی10 ئەنجوومەنی وەزیرانی کوردستان کە وەزیرەکانی یەکێتی و یەگرتوو و کۆمەڵیش بەشداربوون باسی مووچەو فەرمانبەران و کێشەکانیان نەکراو باسی کێشەی پارێزگاری سلێمانیش نەکرا، وەک ئەوەی سلێمانی سەر بە هەرێمێکی تر بێت، بەڵکو لەبری ئەوە بەشێکی وەزیرەکانیان ستایشی ئاشتی هەورامیان کردووەو پشتیان کردووەتە خواست و داواکانی هاوڵاتیان.
سەرچاوەکە زانیارییەکانی بەمشێوەیە گواستەوەو دەڵێت: "عبدولستار مجید کە لەسەر لیستی کۆمەڵی ئیسلامی کراوەتە وەزیری کشتووکاڵ و مانگێک لەمەوبەر واستەی لای نێچیرڤان بارزانی کردبوو و داوای لێ کردبوو تەلەفوون بۆ علی باپیری ئەمیری کۆمەڵ بکا لە حکوومەت نەکشێنەوە، لەکۆبوونەوەکەی ئەمڕۆ بەدەستووری حوجرەکەی کە تەخەرووجی لێ کردووە و شەهادەی لە فەقێیەتی وەرگرتووە، تەنازوولی بۆ ئاشتی هەورامی کردووە و بۆ ڕازی کردنی دڵی قووباد تاڵەبانی و نێچیرەڤان بارزانی گوتوویەتی: بەوخودایە نەمزانیوە ئەم کاک ئاشتییە ئەوەندە پاکە، بۆیە دەڵێم هەرچی باسی کاک ئاشتی بکات خوا ئەیگرێ".
هەروەها گووتی "د.ڕێکەوت حەمە رەشید کە لەسەر پشکی یەکێتی کراوەتە وەزیری تەندرووستی و لەکاتێکدا ئەندام و کادرانی حزبەکەی شەو و ڕۆژ ڕەخنە لە ئاشتی هەورامی دەگرن، لە کۆبوونەوەکەی ئەنجوومەنی وەزیران ستایشی ئیشوکارەکانی ئاشتی هەورامی کردووە و بە شان و باڵیدا هەڵی یاوە. قووباد تاڵەبانی کووڕی مام جلال کە جێگری سەرۆکی حکوومەتە بە هەمان شێوە ستایشی ئاشتی هەورامی کردووە و گووتوویەتی: دەستخۆشی گەرم لە کاک ئاشتی و وتارەکەی و ئیشوکارەکەی دەکەم".