نوێترین

recent

25/01/2016

كێشەكانی نێوان نێچیرڤان بارزانی‌و مەسرور بارزانی لەسەر ئاشتی هەورامی پشتڕاستدەكرێتەوە

رۆژنامەنووسێكی سەر بەپارتی دیموكراتی كوردستان، كێشەكانی نێوان نێچیرڤان بارزانی جێگری سەرۆكی پارتی‌و مەسرور بارزانی ئەندامی مەكتەبی سیاسی ئەو حیزبە لەسەر ئاشتی هەورامی وەزیری سامانەسروشتییەكانی هەرێم پشتڕاستدەكاوە.

چەند رۆژێك پێش ئێستا شارپرێس لەهەواڵێكدا بڵاویكردەوە، كە ئاشتی هەورامی وەزیری سامانەسروشتییەكان كێشەی خستووەتە نێوان نێچیرڤان بارزانی سەرۆكی حكومەتی هەرێم‌و مەسرور بارزانی راوێژكاری ئەنجوومەنی ئاسایشی هەرێمی كوردستان، ئەمڕۆ دوو شەممە رێبوار كەریم وەلی رۆژنامەنووسی پارتی‌و نزیك لەنێچیرڤان بارزانی زانیارییەكانی ناو هەواڵەكەی شارپرێس لەوتارێكدا پشتڕاستكردووەتەوە.

رێبوار كەریم وەلی، كە ئاشتی هەورامی بە "ئەمیر عەبباسی هووەیدا" ناوبردووەو نووسیوییەتی "هووەیدا پیاوێكی خوێندەوارو تێكنۆكراتی رژێمی پاشایەتی ئێران بوو، ماوەی سێزدە ساڵ (درێژترین ماوەی سەرۆك وەزیرایەتی لەئێران) سەرۆك وەزیرانی حەمە رەزا شا بوو، لەئاخیرو ئۆخری حوكمی پاشایەتیدا لەئێران، شا بۆ كپكردنی ناڕەزایەتی خەڵكی خستییە زیندانەوە".

بەوتەی رێبوار كەریم وەلی: ئەو پیاوە هێندە لەدڵسۆزیی خۆی بۆ ئێران‌و خەڵكەكەی دڵنیابوو، كە كاتێك ئینقلاب كراو دەرفەتی ئەوەی هەبوو لەئێران هەڵبێت، مایەوەو خۆی تەسلیمی قەدەری خۆی كرد، كە "چارەنووسێكی تاڵ! پێش ئەوەی بەحوكمی مەحكەمەیەكی (ئیسلامی) بەئیعدام جەزا بدرێت، دوو گوللەیان لێداو گوللەی سێیەمیان لەسەر داوای خۆی لێدا (چونكە نەمردبوو و ئازاری دەكێشا)".

رۆژنامەنووسەكەی پارتی ئەوەشی نووسیوە، بڵاوبوونەوەی هەواڵی دەستبەسەرداگرتنی پارەی خێزانی ئاشتی هەورامی‌و ئەو هەموو تۆمەتانەی، كە خرانە پاڵی، "بریتییە لەوەی كە دەسەڵات‌و كۆڵەگەكانی ناو ئەو دەسەڵاتە، هەردەم ئامادەی قوربانیدان بەسەربازەكانن، وەك یاری شەترەنج، پییۆن (سەرباز)ەكان بۆ خزمەتی گەورەكان بەكاردێنن‌و دوایی سەرفیان دەكەن!".

رێبوار ئەوەشی نووسیوە، ئەو هەواڵانە مەبەست لێدانی ئاشتی هەورامییە تا خێزانەكەیەتی، "ئاشتی بناغەی پیشەسازیی نەوت‌و غازی كوردستانی داناو دەبێت نەوەكانی داهاتوو شانازیی پێوە بكەن، نەك وەك هووەیدای  لێبكەن".

ئەو رۆژنامەنووسە جەختیكردووەتەوە، پارتی ئەگەر باوەڕی بەخۆی، بەكەسەكان‌و سیاسەتەكانی هەیە، ئەگەر لەكۆتاییدا ئامانجی ئەوەیە، كە دەوڵەتی سەربەخۆی كوردستان دروستبكات، "نابێت‌و ناكرێت لەپێناو ئامانجی كورتخایەن‌و ململانێی ناوخۆیی خۆی‌و رازیكردنی جەماوەر، خەڵكی خۆی بكاتە قوربانی، وەختێك خەڵكی خۆت كردە قوربانی، چۆن دەتوانی قەناعەت بەخەڵكی دیكە بێنێت؟".

لەهەواڵەكەی شارپرێس ئەوەش هاتبوو، كە لەسەرچاوەیەكی ناو پارتی وەرگیرابوو: بەهۆی ئەوەی ئاشتی هەورامی "لەپرسی نەوت‌و هەناردەی نەوتی هەرێم سەركەوتووە نەبووە"، كێشەی لەنێوان نێچیرڤان بارزانی‌و مەسرور بارزانی دروستكردووە، كە ئەوەی یەكەمیان جێگری سەرۆك‌و ئەوەی دووەمیشیان ئەندامی مەكتەبی سیاسی پارتی دیموكراتن.

هەر بەپێی سەرچاوەكە مەسرور بارزانی ئاشتی هەورامی بەهۆكاری دروستكردنی قەیرانی دارایی هەرێم دەزانێت، بۆیە لەهەوڵی ئەوەدایە بیگۆڕێت، لەكابینەكەی نێچیرڤان بارزانی.

سەرچاوەكە ئاشكراشیكردبوو، كە لەبەرانبەردا نێچیرڤان بارزانی ئەو بۆچوونانەی مەسرور بارزانی رەتیكردووەتەوەو پێداگیریش بووە لەسەر ئەوەی دەبێت ئاشتی هەورامی لەپۆستی وەزیری سامانەسروشتییەكانی هەرێم بمێنێتەوە، كە بەو هۆیەوە كێشە لەنێوانیان دروستبووە.

چەند رۆژێك پێش ئێستا میدیاكانی پارتی، بەتایبەت ئەوانەی لەلایەن مەسرور بارزانییەوە پشتگیری مادی دەكرێن، دۆسییەكیان لەسەر چرا رەفیق، هاوسەری پێشووی ئاشتی هەورامی جوڵاند، كە گوایە بەهۆی "گەندەڵییەوە دەستگیراوە بەسەر بڕێك پارەی چرا رەفیق، كە یەكێكە لەبازرگانەكانی نەوت لەهەرێمی كوردستان".

سەرچاوەكە ئەوەشی بۆ شارپرێس ئاشكراكردوە، كە جوڵاندنی ئەو دۆسییەیە، پەیوەندی بەو كێشانەوە هەیە، ماوەیەكە لەنێوان نێچیرڤان بارزانی‌و مەسرور بارزانی لەسەر ئاشتی هەورامی لەنێوانیان دروستبووە.

هەروەها شارپرێس لەزاری سەرچاوەكە ئەوەشی بڵاوكردۆتەوە، كە مەسرور بارزانی كەسێكی نزیك لەخۆشی بۆ شوێنگرەوەی ئاشتی هەورامی داناوە، بەڵام تائێستا نێچیرڤان بارزانی بەگۆڕینی رازی نەبووە.
Picsart-24-02-23-21-31-09-085