
دوای ئەوەی کۆسرەت رەسوڵ عەلی جێگری یەکەمی یەکێتی لە چاوپێکەوتنێکی رۆژنامەوانیدا لەگەڵ گۆڤاری شار تیشکی خستە سەر کۆمەڵێک گرفتی ناوخۆ، چەند کاردانەوەیەکی لێکەوتەوەو بەهۆیەوە سلێمانی کەوتە جوڵەیەکی بەرچاوی ئەندامانی سەرکردایەتی ئەو حزبە.
ئامانج لەو جوڵە خێرایە دۆزینەوەی رێگەچارەیەک بوو بۆ گرفتە هەڵواسراو و چەقبەستووەکانی ناو یەکێتی کە لە ئەنجامدا بەپێی زانیارییەکانی نیشان پرێس چەند ئەنجامێکی سەرەتایی لێکەوتۆتەوە. بەپێی زانیارییەکان، هێرۆ ئیبراهیم ئەحمەد داوای لە کۆسرەت رەسول کردووە وەک جێگری یەکەم بەرپرسیاریەتی تەواوی یەکێتی بگرێتە ئەستۆ تا کۆنگرە، هاوکاتیش کار بکرێ بۆ دروستکردنی کۆمیتەیەکی باڵای بەڕێوەبردنو ئەگەر پێویستیش بکات دەستەی کارگێڕ جارێکی تر چاوی پێدا بخشێنرێتەوەو بەر سەرپەرشتی کۆسرەت رەسول بەڕێوە بچێ.
لە لایەکی تریشەوە بەشێکی زۆری کادرانی یەکێتی بێزاریو توڕەیی خۆیان لە هەڵوێستی سەرکردەکانیان دەربڕیوەو جوڵەیەکیش لەسەر ئاستی ئەو کادرانە پەیدا بووە بەشێوەیەک هەندێ بە نەرمیو هەندێکیش بە شێوەیەکی توندو تەنانەت هەڕەشە، لەبەردەم سەرکردەکانیان وەستاونەتەوەو داوا دەکەن کە بە زووترین کات کۆتایی بەو تێکهەڵچوونو گرفتە ناوخۆییانەیان بێننو پێکەوە کار بکەن بۆ بەستنی کۆنگرەو دەربازبوون لەو قەیرانە ناوخۆییە.
بەپێی زانیارییەکانیش بڕیارە دانیشتنەکان بەردەوام بن تا دۆزینەوەی رێگاچارەیەکی کۆتایی، هەر لەم چوارچێوەیەشدا بەرهەم ساڵح ئەمڕۆ ئێوارە دەوامی ئاسایی خۆی لە مەکتەبی سیاسی کردووە لە شاری سلێمانیو بڕیاریشە لەگەڵ ئەندامانی تر بگەنە رێککەوتنێکی سەرەتایی بۆ ئەنجامدانی کۆبوونەوەی مەکتەبی سیاسیو بڕیاردان لەسەر چەند خاڵێکی هاوبەشو ئیدارەدانی یەکێتی تا کۆنگرە.