
خاوەنی بیرۆكەی دروستكردنی هێزی چەكدار و هەڵسوڕاوی بزوتنەوەی گۆڕان لەسەر پێشنیاری دروستكردنی یەكەی 90 ڕایدەگەیەنێت كە تا ئێستا هەڵوێستی فەرمی بزوتنەوەكە نیە.
عەدنان عوسمان پەرلەمانتاری پێشوی بزوتنەوەی گۆڕان لە ڕونكردنەوەیەكدا نوسیویەتی" پێش چەند ڕۆژێك بابەتێكم بڵاوكردەوە بە ناونیشانی بەرەو پێكهێنانی یەكەی نەوەد. ئەم بابەتە لە ئێستادا بووەتە جێی گفتوگۆیەكی گەرم چ لە نێوخی گۆڕان و چ لە دەرەوەیدا." ئاماژەی بەوەش كردووە مەبەستی سەرەكی ئەو لەم باسەدا سێ خاڵی گرنگ بووە.
ئەو دەنوسێت خاڵی یەكەم" هەنگاونانی خێرا بۆ یەكخستنەوەی هێزی پێشمەرگەو كۆتایی هێنان بە هەیمەنەی حزب و ئیرادەی حزبەكان بەسەر هێزە چەكدارەكانماندا، كە حەتمەن ویستی پێكهێنانی هێزیتر لەدەرەوەی ریزەكانی یەكێتی و پارتی یەكێكی تر ئەبێت لە فشار و میكانیزمەكان".
هەروەك خاڵی دووەم دەنوسێت" پەیامێكە بۆ دەرەوەی گۆڕان و بەتایبەت پارتی، كە گۆڕان وەك هێزێكی گەورەو كاریگەر وخاوەن توانا، كۆمەڵێك ئەگەر و خیارات لەبەردەستیدا هەیەو دەتوانێت بە گوێرەی پێشهادە نوێكان گۆڕانكاری لە كارتە سیاسیەكانی خۆی بكات. گۆڕان هێزێكی زیندووە، هەر بۆیە ناكرێ بەم شێوەیە هەوڵی پەراوێزخستن و لاوازكردنی بدرێت. كاردانەوەی گۆڕان لە پێناو سەقامگیری و بەرژەوەندیە باڵاكانی میللەتدا، دەبێت بە گوێرەی ئەو پێشهادانە بێت".
هەروەك دەشڵێت" پەیامێكی ناوخۆیە بۆ گۆڕانخوازان كە لە گفتوگۆیەكی گەرمدا بن لەسەر ئەگەر و پێشهادەكان و خۆیان بە بەشێك لەو كێشمەكێشە ناوچەیە زەبەلاحە ببینن و پێیان وانەبێت ئەوان هێزێكی مەحەلی لاواز و بێكاریگەرن".