
کۆبوونەوەی هەر چوار سەرۆکایەتییەکەی عێراق لە بارەی دۆخی ناوچەکە کۆتایی هات، پرسی مووچەی فەرمانبەرانی کوردستانیش یەکێک لە تەوەرەکان بوو.
ئێوارەی ڕۆژی یەکشەممە، لە کۆشکی بەغدا، کۆبوونەوەی سەرۆکایەتییەکانی عێراق لەبارەی دۆخی ناوچەکە بەڕێوەچوو، کە پرسی مووچەخۆرانی کوردستانیش یەکێک بوو لە تەوەرەکانی کۆبوونەوەکە. تا ئێستاش هەردوو سەرۆکایەتی پەرلەمان و ئەنجوومەنی وەزیران دوو ڕاگەیێنراوی جیاوازیان بڵاو کردووەتەوە.
بەگوێرەی ڕاگەیێنراوی سەرۆکایەتی پەرلەمان، یەکێک لە تەوەرەکانی کۆبوونەوەکە تایبەت بوو بە "دۆسیەی دابینکردنی مووچەی فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستان، کە تێیدا حکومەتی فیدراڵی ئەو ڕێکارانەی خستەڕوو کە گرتوویەتیەبەر بۆ مسۆگەرکردنی دابەشکردنی مووچە بەشێوەیەکی ڕێک و دادپەروەرانە و بەگوێرەی حوکمە دەستووری و یاساییەکان".
لە ڕاگەیێنراوێکی جیاوازدا، نووسینگەی سەرۆکوەزیرانی عێراق ڕایگەیاند، لە کۆبوونەوەکەدا "بابەتی دابینکردنی مووچەی هەرێمی کوردستانی عێراق تاوتوێ کرا، و داوا لە حکومەتی هەرێم کرا کە بڕیاری دادگای فیدراڵی جێبەجێ بکات؛ تا ڕێگە خۆش بێت بۆ حکومەتی فیدراڵی کە مووچەی فەرمانبەرانی هەرێم دابین بکات و کێشەکانی تریش بەپێی دەستوور و یاسا چارەسەر بکات".
سەرۆکایەتییەکان جەختیان لەسەر پێویستیی ئەنجامدانی هەڵبژاردنەکان لە کاتی دیاریکراوی خۆیدا و مسۆگەرکردنی پاکی و شەفافیەتی کردەوە.