نوێترین

recent

22/06/2025

هەڵپەساردنی ژن زوڵمێکە بەرامبەر بە ئافرەت دەکرێت.

 









هەڵپەساردنی ژن زوڵمێکە بەرامبەر بە ئافرەت دەکرێت.
..
پارێزەری راوێژکار لانە ئامانج
ناردنەوەى ئافرەت لەلایەن مێردەکەیەوە بەبێ ئەوەى تەقەڵاى بدات، پێیدەڵێن "ژنى هەڵپەسێردراو" لەڕووی شەرعیەوه ئەم جۆرە هاوسەرگیرییە خواى گەورە حەرامى کردووە"، لەڕووی یاسایەوەس مێردەکەى تووشى بەرپرسیاریێتى یاسایی دەبێت..
ژنى هەڵپەسێردراو چییە؟
پیاوێک هاوسەرەکەى ڕەوانەى ماڵى باوکى دەکاتەوە، پیاوە نە دەیهێنێتەوە لاى خۆى، نە بڕیارى جیابوونەوە دەدات، هاوسەرەکەى لەو دۆخە بەجێدەهێڵێت، ئەمە پێدەگوترێت ژنى هەڵپەسێردراو.
لێرەدا مەبەست ئەو ئافرەتانەیە کە هاوسەرەکانیان جێیان دەهێڵن کە نە لە پرۆسەی هاوسەرگیری دان و نە خاوەن هاوسەریشن، هاوسەرەکانیان تەڵاقیان نادەن بۆ ئەوەی ئازاد بن و شوو بکەنەوە، ئەوانە پێیان دەگوترێت ‌ئافرەتی هەڵپەسێردراو ( الزوجە المعلقە) ، ئینجا هۆکاری بەجێ هێشتنەکەی تەنها سەفەرکردنی پیاو نییە، بۆ دەرەوەی وڵات لەوانەیە ژنێکی تری هێنابێت و ژن و منداڵەکانی ناردبێتەوە ماڵی باوکی، لێیان نەپرسێتەو.

مافی ژنی هەڵپەسێردراو لە یاسا..
ئافرەت بۆى هەیە لەم حاڵەتە بەپێی یاسایی باری کەسی عێراقی، مادە (٤٣) بڕگە (٢) بۆی هەیە داوای جیابوونەوە بکات، ئەگەر هاوسەرەکەی بۆ ماوەی ساڵێک زیاتر لێی دوور بوو، سەرەڕای ئەوەی بژێویشی بدات."
ئەگەر پیاوەکە ژنى دووەمی هێنا بێت و بژێوی ژنی یەکەمی نەدا، بە پێی بەندی (٥) ئەم یاسایە دەگرێتەوە کە پیاوەکە سەرپێچی ئەو خاڵە دەکات، "کە بەڵێن دەدات یەکسانی بکات لە نێوان ژنەکانی بەڵێنەکەی جێبەجێ نەکرد ئەوە بە بەندکردن سزا دەدرێت کە کەمتر نەبێ لە شەش مانگ و زیاتر نەبێ لە ساڵێک یان بە پێ ژماردن بە ١٠ ملیۆن دینار سزا دەدرێت."
ئەگەر چی ئەو یاسایانە گرێنتی ژنی هەڵپەسێردراو دەکەن داوای جیابوونەوەی دادگایی بکات، بەڵام زۆرجار ژنەکە تێچووی ئەو داوایەی نییە بچێتە دادگا، یان چەند ساڵانێک بەسەر جێهێشتنەکەی دەروات کە دەرفەتی شووکردنەوە و منداڵ بوونی نامێنێت، یاسای باری کەسی هیچ قەرەبوو کردنەوەی بۆ ئەو حاڵەتە دانەناوە و چەندەها حاڵەتی وا هەبووە، تەنها دادوەر حوکمی جیابوونەوەی دادگایی داوە، لێرەدا زیان مەندی یەکەم و کۆتاییش خودی ئافرەتەکە بووە.
ئەوە ستەمە لە ژنەکە دەکرێت، خوای گەورەش مافی تەڵاقی داوە بە پیاو، بەڵام بەشێوەیەک بەکاری بهێنێت کە ستەم لە ژنەکە نەکات خوای گەورە دەفەرموێت (الطَّلَاقُ مَرَّتَانِ فَإِمْسَاكٌ بِمَعْرُوفٍ أَوْ تَسْرِيحٌ بِإِحْسَانٍ)."

ژنى هەڵپەسێردراو بەپێى شەرع دروست نییە
بۆ ئەو بابەتانە ئێمە دەچینەوە سەر ئایەتەکانی قورئانی پیرۆز، خوای گەورە باسی ئەو ئافرەتانەی کردووە بە (معلق) دەمێننەوە، کە پیاوەکانیان نە تەڵاقیان دەدەن و نە دەشیانگرنە خۆیان، خوای گەورە لە ئایەتێکی قورئاندا دەفەرموێت (وَإِذَا طَلَّقْتُمُ النِّسَاءَ فَبَلَغْنَ أَجَلَهُنَّ فَأَمْسِكُوهُنَّ بِمَعْرُوفٍ)، یان تەڵاقیان بدەن یانیش بیانگەرێنەوە لای خۆتان زیانیان پێمەگەینن، لەڕووی شەرعیەوە ئەو جۆرە مامەڵەکردنە بەرامبەر بە ئافرەتان حەرامە و جائیز نییە، ئەو ئافرەتە دەتوانێ بچێتە لای دادوەر و داوای مافی خۆی بکات لە رووی شەرعیەوە دادوەر دەتوانێ بڕیار لەسەر جیابوونەوەکەی بدات، ئەو جۆرە مامەڵەیە نەک هەر بە توندوتیژی بەرامبەر بەژن دادەنرێت، بەڵکو زوڵمێکە بەرامبەر بە ئافرەت دەکرێت..

Picsart-24-02-23-21-31-09-085