
بەڕێوەبەری گشتیی خانەنشینیی هەرێم: موسەننا ئەمین و هاوسەرەكەی هەڕەشەیان لە كارمەندەكانم كردووە
”كاری خێزانی و شەخسیی خۆتان بە خەڵك مەفرۆشن“
بەڕێوەبەری گشتیی خانەنشینیی هەرێم ڕوونكردنەوەیەك بڵاو دەكاتەوە و قسەكانی موسەننا ئەمین بەدرۆ دەخاتەوە و ئاشكرای دەكات كە ئەو پەرلەمانتارەی یەكگرتوو لەگەڵ هاوسەرەكەی هەڕەشەیان لە كارمەندانی بەڕێوەبەرایەتییەكەی كردووە.
مەریەم عوسمان، بەڕێوەبەری گشتیی خانەنشینیی هەرێمی كوردستان ڕوونكردنەوەیەكی لەبارەی موسەننا ئەمین بڵاو كردەوە و رای گەیاند: ”ئەمڕۆ پەرلەمانتاری یەکگرتوو موسەننا ئەمین بۆ ئیشی خێزانی سەردانی بەڕێوەبەرایەتیی ئێمەی کردووە و کاتێک هاتۆتە ژوورەوە، یەکەم قسەی ئەوە بووە بۆ ئێمە لەبەر دەرگا پێشوازیمان لێی نەکردووە! وەک بەرچاوڕوونی بۆ كاک موسەننا و هاوسەرەکەی کە هەڕەشەی لە كارمەندەكانم کردووە، من کەسێکی ئیشکەر و خزمەتگوزارم و ئەو کاتەی بۆ پێشوازی و ڕەسمگرتن و خۆ نواندنی بەڕێزت دەیکوژم، دە یان پانزە فایلی خەڵکی هەژار و خانەنشینی پێ تەواو دەکەم.“
ڕوونیشی كردۆتەوە: ”تۆ پەرلەمانتاری عێراقیت و تەنانەت ئەگەر نیەتیشت بێت (کە نەتبووە!) بۆ بەدواداچوون، بۆت نییە بێیتە لای ئێمە، ئێمە لەبەردەم پەرلەمانی کوردستان بەرپرسیارین و دەرگامان کراوەیە، ئەویش بە ڕێوشوێنی پەرلەمانی کە پەیڕەوی ناوخۆی پەرلەمان دیاریکردووە، وەکوو دیکەش جەنابت و هەر کەسێکی دیکە لای ئێمە وەک یەکن، واستە و مەحسوبیەت لە لامان ناخوات.“
بەڕێوەبەری گشتیی خانەنشینیی هەرێم بە موسەننا ئەمین دەڵێت: ”کاری خێزانی و شەخسیی خۆتان بە کوردایەتی بە خەڵک مەفرۆشن، لە دیدی ئێمەوە وەرگێڕی (موتەرجمی) ئەوانەن کە خەڵکی کوردستانیان بێ مووچە کردووە، ژنێکی بە تەمەنی خانەنشین و مامە حاجییەك لە خزمەت و بەدەمەوەچوونی ئێمە ڕازی بن کە بەسەرچاو خزمەتیان دەکەین، بۆمان گرنگ نییە وەرگێڕێکی مووچەبڕان چۆن قسەمان لەسەر دەکات.
سەرچاوە باس نیوز“