
ئەنجوومەنی سەرکردایەتی لەسەر مووچە و رێککەوتن لەگەڵ بەغدا پەیامێکی بڵاوکردەوە
ئەمڕۆ چوارشەممە, 16-7-2024, ئەنجوومەنی سەرکردایەتی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان بە سەرپەرشتی سەرۆک بافڵ جەلال تاڵەبانی ، سەرۆکی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان لە هۆڵی کۆبوونەوەکانی مەکتەبی سیاسی لە سلێمانی کۆبووەوە .
سەرکردایەتی یەکێتی بە توندی ئیدانەی ئەو جۆرە رەفتارە دوژمنکارانەی کرد کە مەرام لێی زیان گەیاندنە بە ئاسایش و ئارامی و ئابووری وڵاتەکەمان و گوشارخستنە سەر قەوارەی هەرێم .
کۆبوونەوە داواشیکرد حکومەتی فیدڕاڵ بەرپرسیارێتی نیشتمانیی و رەسمی و دەستووریی خۆی راپەڕێنێت بەرامبەر ئەمنیەتی هاووڵاتییانی کوردستان و ئەوانەی هەڵدەستن بەو تاوان و پێشێلکاریانە رووبەڕووی دادگایان بکەنەوە و رێگا نەدەن درزی ئەمنی قووڵ بێتەوە.
بەشێکی تری کۆبوونەوەی ئەنجوومەنی سەرکردایەتی تەرخانکرا بۆ گفتوگۆکردن لەسەر دۆخی هەستیار و خراپی ژیان و گوزەرانی کۆمەڵانی خەڵک، بە تایبەت پێویستی رێککەوتن لەگەڵ بەغدا و دابینکردنی مووچەی فەرمانبەران و بوژاندنەوەی بازاڕ و ئاوەدانی.
کۆبوونەوە تەئکیدی لەسەر ستراتیژی کوردستانی و پێکەوەیی بۆ رێککەوتن لەگەڵ حکومەتی فیدڕاڵ کردەوە و دەستخۆشی لە هەوڵەکانی سەرۆک بافڵ و تیمی کوردستانی کرد لە چارەسەرکردنی ئەو پرسە.
سەرۆک بافڵ جەلال تاڵەبانی وێڕای دەستخۆشی لەهەوڵەکانی چارەسەرکردنی کێشەی مووچە و ئومێدی سەرخستنی هەوڵەکان و پابەندبوونی هەموولایەک پێوەی روونیکردەوە ئەوەی بەدەست هاتووە بەرهەمی یەکڕیزی و پێکەوەیی هەڤاڵانی سەرکردایەتیی یەکێتییەکەمانە کە پشتیوانمانن و دەستکراوەیان کردووین بۆ داکۆکی زیاتر لە ویست و گوزەرانی کۆمەڵانی خەڵکی کوردستان. ئاماژەی بۆ ئەوەشکرد بە پێکەوەییمان و یەکڕیزمان لە هەرێم دەتوانین داکۆکی لە شایستە داراییەکانی خەڵکەکەمان بکەین و ئارامی و ئاسایشی وڵاتەکەمان باشتر بپارێزین.