نوێترین

recent

21/10/2025

ئاوێنە هۆکاری ساردی سڕی بانگهێشتەی هەڵبژاردن ئاشکرا دەکات.


 







لەساڵی ٢٠٠٩ەوە، بانگەشەی هەڵبژاردن لەسلێمانی کەم تا زۆر جۆرێک لەگەرم‌و گوڕی بەخۆیەوە بینیوەو هەوادارانی لیستە رکەبەرەکان بەچەندین شێوازی جیاواز پشتیوانی خۆیان بۆ لیستەکانیان دەربڕیوە، بەڵام لەم هەڵبژاردنەی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراقدا، تا ئێستا هەڵمەتی هەڵبژاردن بەساردی تێدەپەڕێت‌.

 کاندیدی لیستە جیاوازەکان هۆکارەکەی بۆ ئاوێنە رووندەکەنەوە.

 

ھەڵوێست: ئیشکردنمان لەسۆشیال میدیادا گەرم‌و گوڕە

 عەبدوڵا محەمەد خڕنوکی، کاندیدی لیستی ھەڵوێست لەبارەی هۆکاری ساردی بانگەشەی ھەڵبژاردنەوە، بەئاوێنەی وت "بانگەشەی ئەم ھەڵبژاردنە ماوەکەی زۆرە، کاندید ھەیە ماوەی شەش مانگە خۆی ئامادە دەکات بۆ ھەڵبژاردنی ئەنجومەنی نوێنەران، بەشێکی زۆریی کارەکانی تەواو کردووە، ھێشتا بانگەشە زۆری ماوەو پێشبینی دەکەم لەسەرەتای مانگی داھاتوودا بانگەشەی ھەڵبژاردن گەرم بێت".

وتیشی "ماوەی بانگەشەکە زۆرە کاندید ناتوانێت ئەو ماوە زۆرە ئەو ھەموو کارو چالاکییە ئەنجام بدات، دەپروکێت، بەرگە ناگرێت، وەک خۆمان ئیشمان لەسەر پۆستەر کردووەو لەسۆشیال میدیاشدا گەرم‌و گوڕترین".

 

کۆمەڵی دادگەریی: خەڵک دەمانناسێت‌و ئەوە بەسە

ئەحمەد حاجی رەشید، کاندیدی کۆمەڵی دادگەری لەبارەی شێوازی بانگەشەی ھەڵبژارنەوە، بەئاوێنەی وت "خۆم بەشێوەیەکی بەرچاو دەرناکەوم بۆ بانگەشە، ئەمەش پەیوەندی بەرابردووەی خۆمەوە ھەیە کە ماوەی چوار ساڵە بەردەوام لەسەر شاشەکانی سەرجەم کەناڵەکانی راگەیاندن لێدوان دەدەم‌و دەرکەوتووم، ئەمە بۆ من بەسە چونکە خەڵک دەمناسێت".

وتیشی "ساردو سڕیی بانگەشەی ھەڵبژاردن بۆ ئەو قسانە دەگەڕێتەوە کە دەنگۆ ھەیە تا ئەم ساتەوەختەش ھەڵبژاردن نەکرێت، وەک کۆمەڵی دادگەریش درەنگ بڕیاردرا بەشدار بین لەھەڵبژاردن، بەوھۆیەوە ھێشتا گەرم‌و گوڕ نەبووین، بیریشمان نەچێت بەشێوەیەک لەشێوەکانیش وەک ئەوەی سەدر بڕیاری داوە بەشداریی ھەڵبژاردن نەکات، سەرکردەی چەند حیزبی ئۆپۆسیۆنیش لەزنداندان، ئەمانەش کاریگەرییان هەیە لەسەر ساردی بانگەشەکە".

 

پارتی: بەھێمنانە بانگەشەی ھەڵبژاردن دەکەین

ئەشواق جاف، سەرۆک لیستی پارتی لەسلێمانی، بەئاوێنەی وت "ئەو بانگەشەیەی ئێستا دەکرێت زۆر تەندروستە، کە خەڵک بێزار ناکرێت‌و بەھێمنی بەڕێوەدەچێت‌و دیموکراسیە، ئەو بانگەشەیەی دەبێتە ھۆی پاشاگەردانی‌و رێگەگرتن لە خەڵکی بەبڕوای من شیاو نیە، لەبەرئەوەی خەڵکی سەرقاڵی کارو ژیانی خۆیانن، کاندیدەکانیش دەتوانن بەھێمنانە بانگەشەی خۆیان بکەن".

وتیشی "پارتی هەمیشە بەھێمنانە بانگەشەی ھەڵبژاردنی کردووە، رێز لەخەڵکی کوردستان دەگرێت، بیریشمان نەچێت ھەلّبژاردن پرۆسەیەکی دیموکراسیە کە دروشمەکانمان ھەڵگریی بانگەشەیەکی تەواو تەندروستە: ھاوسەنگی‌و ھاوبەشی‌و سازانە، ئەم سێ دروشمە بنەمای دیموکراسی لەعێراق پتەوو بەھێز دەکات، بەڵام بەداخەوە زۆربەی ھێزە سیاسیەکانی عێراق‌و دەوڵەتی عێراق پابەندیی دیموکراسی نەبوون".

 

سیۆسیالیست: تایی ھەڵبژاردن لەنێوان لایەنەکاندا نابینرێت

د.فەرھاد تۆفیق، کاندیدی پارتی سۆسیالیست دیموکراتی کوردستان بەئاوێنەی وت "وەک گوتاری سیاسی‌و بانگەشەی ھەڵبژاردن زۆر ساردو سڕە، تای ھەڵبژاردن لەنێوان لایەنەکاندا نابینرێت، ئەمەش کۆمەڵێک ھۆکاریی ھەیە، یەکێک لەھۆکارە سەرەکیەکان ئەوەیە ئەو حیزبانەی خاوەنی میدیای زەبەلاحن گوتاریان روون نیەو نەرمە، لەلایەن ئۆپۆسیۆنیشەوە بەھەمانشێوە".

 

یەکگرتوو: کاندیدەکان شڵەژاون

د. شێرکۆ جەودەت، کاندیدی یەکگرتووی ئیسلامی کوردستان بەئاوێنەی وت "بانگەشەی ھەڵبژاردنی ئەمجارە بەتوندوتیژیی ناکرێت، بەڵام سەرجەم کاندیدەکانی لایەنەکان سەرقاڵی بانگەشەی ھەڵبژاردنن، لەگەڵ ئەوەشدا پێشخستنی ماوەی ھەڵبژاردن لەلایەن کۆمسیۆنەوە بۆ ماوەی ھەفتەیەک ئەمەش ھۆکارێک بووە کە بەشێک لەپلانەکانی کاندیدەکانی تووشی جۆرێک لەشڵەژان کردبێت، ئەم ھەڵبژادنەی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق لەھەڵبژادنەکانی دیکەی ئەنجومەنی نوێنەران گرنگترە چونکە عێراق لەگۆڕانکاری گەورەدایە".

 

یەکێتی: تەنیا ئێمە بەچڕی دەستمان کردووە بە بانگەشەی ھەڵبژاردن

د. بڕیار رەشید، کاندیدی یەکێتی نیشتمانی کوردستان بۆ پەرلەمانی عێراق لەبارەی بانگەشەی ھەڵبژاردنەوە بەئاوێنەی وت "لەئێستادا تەنیا یەکێتی نیشتمانی کوردستانە کە بەچڕیی دەستمان کردووە بەبانگەشەی ھەڵبژاردن‌و باوەڕیی تەواومان بە ھەڵبژاردن ھەیە لەکاتی خۆیدا".

 

ئاوێنە چەند جارێک هەوڵیدا لێدوان لەکاندیدانی بەرەی گەل‌و نەوەی نوێ وەربگرێت، کە سەرکردەکانیان ئێستا لەزینداندان، بەڵام

ئامادە نەبوو لێدوان بدەن.


سەرچاوە :میدیای ئاوێنە

Picsart-24-02-23-21-31-09-085