نوێترین

recent

27/10/2025

کاروان ئەنوەر،ســـێ گۆشــەی خڕ قڵیشایـەوە.

 








سێگۆشەی خڕ
قڵیشایەوە
ساڵ ساڵی 1974 ـە، ماڵمان لە گەڕەكی كانێسكانە (مەیانی دارەكان) ئەوسا نەسووتابوو، ئێستا پێی دەڵێین (دارەسوتاوەكە)، من تەمەنم نۆ ساڵان بوو، ئەوانەی لە ئێمە گەورەتر بوون ئێمەو مناڵانی گەڕەكیان فێری شتێكی سەیر كردبوو، (وەرەقی ژێر ئۆتۆمبێل كە پارچە ئاسنێكی پان بوو) یان بۆ پەیدا دەكردین و دەیانوت بڕۆن لە ریزە دوكانەكانی سەروو مزگەوتی گەورە، كام دوكانە داخرابوو ئەم وەرەقە بە دەڕابەكەیدا بهێنن و رابكەن، بۆیە ئەم كارە بە ئێمە دەكرا، تا یەك هاڕەی دەڕابەكە، بەس بێت بۆ ئەوەی لە دە لاوە ببێتە تەقوتۆق و هەموو مەفرەزە و جاشەكان بیكەن بە تەقەو بقڵیشێتەوە، قڵیشانەوە.. زاراوەیەكە خەڵكی سلێمانی بە مانای تەقوتۆقی لەپڕ بەكاری دەهێنین..
سلێمانی وەك مەیدانی شەڕ و ناوچەیەكی سەربازی رەفتاری لەگەڵ دەكرا، ئێمە لە قۆناغەكانی خوێندنی سەرەتایی بووین نەماندەزانی چی دەگوزەرێت، بەڵام دەمانزانی كە شۆڕشێك تەواو بوو هەرەسی هێنا و لە تیڤیەكانەوە دەمانبینی كە چۆن بڕنەوەكانیان وەك لێژنەدار دەدایەوە دەست بەعسیەكان و هەموو بەتەمەنەكان بەدیار ئەو گرتانەوە دەگریان و فرمێسكیان دەڕشت، ئێمەش بەو تەمەنەی خۆمان بە دیار ئەو تەسلیم بوونەوە دادەنیشتین.
قڵیشانەوەكان، پرۆسەیەكی كوشتن و لەناوبردنی ناپاكێك یان ئەمنێك یان سیخوڕو خۆفرۆشێك بوون، پاشان لە ئێزگەكەی شۆڕش باسدەكران و دەوترا بە سزای گەل و شۆڕش گەیەنران، ئەم دیاردەی قڵیشانەوەیە لە ساڵی 1974ەوە تا دوای سەرهەڵدانی شۆڕشی نوێش بەردەوام بوو.
گەورەكان دەیانوت تەواو شۆرش نەما، وەك بەفر تواینەوە، كورد تا ماوە ناتوانێت شۆرش بكاتەوە!! بەڵام كە ماڵمان لە 1976 باری كردەوە بۆ هەڵەبجە، گوێم لێبوو باوكم لەگەڵ هاورێكانی و خزمەكانمان بە چپەوە باسی خولە كەشكۆڵ و شەكەوت و حامی و ئەم ناوانەیان دەكرد، كە من نزیك دەبومەوە باسەكەیان دەگۆڕی و كۆتاییان پێدەهێنا، هەستم دەكرد باسی شتێك دەكەن، نابێت من بزانم چیە، لەمنیان دەشاردەوە..
كە تەمەنم بووبە 11 ساڵان، رۆژێك چەند كۆپتەرێك بە نزمی بەسەر هەڵەبجەدا هاتن و بە بڵندگۆ داوایان لە خەڵكی شار كرد بڕۆن بۆ بەردەم سەربازگەی شار!!، ماڵمان لە گەڕەكی سەرابوو لە معەسكەرەكەی هەڵەبجەوە نزیكبووین، یەكسەر بۆبینیني ئەو نمایشە لەگەڵ مناڵانی گەڕەك بەرەو پشتی هەڵەبجە بەڕاكردن كەوتینە ڕێ و وابزانم یەكەم گروپ بووین گەشتینە شوێنی نمایشەكە، پاش كەمێك ئەو دڕندانەی بەعس بە فڕۆكەی كۆپتەر لەسەر جەستەی شەهیدێك دەنیشتەوە و هوتافیان دەكێشا (هلهولە للبعث الصامد).. نمایش تەواو بوو، تەرمی شەهیدی نەناسراو رادەستی كارگوزارانی شارەوانی كرا و بوو بە دەمەتەقێ ئایا تەرمەكەی بشۆرێت یان تەرمی شەهید پیرۆزەو پێویستی بە شۆردن نیەو خۆی بەهەشتییە؟؟؟؟ رای دوەم زاڵ بوو، بە دەمە شۆفڵێك لەگۆڕستانی شەهیدان گۆڕێكیان بۆ هەڵكەند، پێش گۆڕەوشاركردنی، كارگوزارێكی بەتەمەن گیرفان و باخەڵەكانی شەهیدەكە گەڕا، بەتەنها یەك هەڵماتی شوشەی رەشی گەورەو (100 فلس) سەد فلسیەك لە باخەڵیدا بوو، هەتا مردن ئەو مەشهەدەم لەبیر ناچێت..
منیش بەو تەمەنە مناڵیەی خۆمەوە دەمزانی كە جارێكی تر قڵیشایەوە، ئەم قڵیشانەوەیەش زوڵمی قبوڵ نەكردو بەو سەد فلسیە تا روخانی رژێمی بەعس بەردەوام بوو..
ئەمەش لە سێگۆشەی خڕ دەچێت.
كاروان ئەنوەر
Picsart-24-02-23-21-31-09-085