
پێگەی (بەغداد ئەلیەوم) بڵاوی كردووەتەوە شوان محەمەد، ئەندامی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق، ئەمڕۆ هەینی (27ی حوزەیرانی 2025) ڕایگەیاندووە، پێدەچێت بەم نزیکانە ڕێککەوتنێکی هەمەلایەنە لەنێوان بەغدا و هەولێر بکرێت و دووبارە هەناردەکردنەوەی نەوتی کوردستان لە ڕێگەی كۆمپانیا (سۆمۆ) دەست پێبكاتەوە و قەیرانی مووچەی فەرمانبەرانیش چارەسەر بكرێ.
دەشڵێ:"رێککەوتنەکە هەناردەکردنی نەوتی هەرێم لە ڕێگەی (سۆمۆ) لەخۆ دەگرێت، کە وەزارەتی دارایی فیدراڵی بەرپرسیار دەبێت لە پێدانی تێچووی کۆمپانیا نەوتییەكان، هاوکات گەرەنتیی دروستنەكردنی هیچ ئاستەنگێک بە كۆمپانیاكان دەدرێت.
ئەو پەرلەمانتارە ڕوونیشی کردەوە، "سەرکەوتنی ئەم ڕێککەوتنە کاریگەریی ڕاستەوخۆی دەبێت لەسەر پرسی مووچە و ڕێگە خۆش دەکات بۆ چارەسەرکردنی کێشە داراییە هەڵپەسێردراوەکانی نێوان هەردوولا".