کاتێک فرانس کافکا لە ڕۆمانی "دادگاییکردن"دا باسی ئەو پیاوە دەکات کە لەبەردەم دەروازەی یاسادا گیان لە دەست دەدات و دەمرێت بێ ئەوەی ڕێگەی پێبدرێت بچێتە ژوورەوە، دەیەوێت پێمان بڵێت کە یاساکان کاتێک ڕۆحیەتی مرۆیی و ئەخلاقیی خۆیان لەدەست دەدەن، دەبنە تەڵەیەکی گەورە بۆ ڕاوکردنی ئازادیی مرۆڤ. لە هەرێمی کوردستان، کاتێک سەیری یاسای ژمارە ٦ی ساڵی ٢٠٠٨ دەکەین، کە بە "یاسای ڕێگریکردن لە خراپ بەکارهێنانی ئامێرەکانی پەیوەندیکردن" ناسراوە، ڕێک هەمان دیمەنی کافکایی - مان بە بیر دێتەوە. یاسایەک کە لە بنەڕەتدا بۆ پاراستنی هاووڵاتیان لە هەڕەشە، بوختان و سوکایەتیی کەسیی داڕێژرا، بەڵام ئەمڕۆ گۆڕاوە بۆ چەکێکی یاسایی نوک تیژ بۆ بڕینی دەنگی ناڕازی و بێدەنگکردنی چالاکوانان و قەڵەمە ئازادەکان.
تاراژیدیای حوکمڕانی لە ناوچەکەماندا لەوەدایە دەسەڵات هەمیشە تینووی دەقێکە بۆ تەمبێکردنی کۆمەڵگە و تاکە ناڕازییەکانی کۆمەڵگە. کاتێک لە پەرلەمان دەنگ لەیاسایەکی لەم جۆرە دەدرێت ڕەنگە یاسادانەر بیری لەوە کردبێتەوە کە خەڵک لە بێزارکردنی تەلەفۆنی یان هەڕەشەی ئەلیکترۆنی بپارێزێت، بەڵام نەیزانیوە (یان ڕەنگە زۆر باش زانیویەتی) کە ئەم یاسایە کەلێنی تێدایە و دەکرێت هەر تێبینی، ڕەخنە یان کۆمێنتێکی سیاسی لە لاپەڕەیەکی فەیسبووکدا وەک "خراپ بەکارهێنانی ئامێر" لێکبدرێتەوە. ئەمڕۆ مۆبایلە زیرەکەکەی دەستی چالاکوانێک، کە تەنیا پۆستێکی کورتی لەسەر گەندەڵی یان نادادی تێدا نووسیوە، لەبەردەم دادگادا هاوتای چەکێکی بێمۆڵەت سەیر دەکرێت. ئیتر لێرەوە یاسا ئامانجی ڕاستەقینەی خۆی لەدەست دەدات. لەبری پاراستنی کۆمەڵگە، دەبێتە زامنکەری مانەوەی دەسەڵاتداران لەسەر کورسییەکانیان بە بێدەنگی.
ئەم بارودۆخە گوزارشت لە قەیرانێکی قوڵی مۆراڵی و فەلسەفی دەکات لە تێگەیشتنمان بۆ یاسا. وەک ئەوەی فەیلەسوفە یاساییەکان هەمیشە جەختی لێ دەکەنەوە، یاسا کاتێک شەرعیەتی خۆی لەدەست دەدات کە لەبری بەرجەستەکردنی دادپەروەری، ببێتە تەنها ئامرازێکی تەکنیكی بەدەست دەسەڵاتدارانەوە بۆ چەسپاندنی ملکەچ بوونی کوێرانە. لە کوردستان "سەروەریی یاسا" گۆڕاوە بۆ "حوکمکردن بە یاسا". لە یەکەمیاندا یاسا قەڵغانی خەڵکە، لە دووەمیشیاندا شەلاقی حیزب و سێبەرەکانە. چۆن دەکرێت لێدوانی هاووڵاتییەک یان هاواری باوکێک بەهۆی نەبوونی دەرمان لە نەخۆشخانەیەکدا، وەک تاوانێکی گەورەی ئەلیکترۆنی پۆلێن بکرێت، لە کاتێکدا گەندەڵکارە گەورەکان لە دەرەوەی بازنەی هەر لێپرسینەوەیەکدا ئازادن؟
ئەم مامەڵە دژبەیەکە لەگەڵ یاسادا، نیشانەی تێکچوونی تەرازووی دادپەروەرییە. کاتێک دەسەڵات یاسای ژمارە ٦ بە توندترین شێوە دژی گەنجێکی بێدەسەڵات بەکاردێنێت کە ڕەخنەیەکی گرتووە، بەڵام لەهەمان کاتدا چاو لە ئاست توندوتیژیی خێزانی، و گەندەڵی بێ شومار بازرگانیکردن بە ماددە هۆشبەرەکان و گەندەڵییە ملیۆن دۆلارییەکان دادەخات، ڕێک لێرەوە بێمتمانەیی گەورەی هاووڵاتیان بە یاسا و سیستم لەدایک دەبێت. لێ گوتاری بونیادنانی دەوڵەت و حوکمڕانیی تەندروست بە ترس و تۆقاندن بنیات نانرێت.
بێدەنگکردنی چالاکوانان لە ڕێگەی دەقێکی هاوشێوەی یاسای ژمارە ٦، تەنها جۆرێک لە ئارامیی ساختە و ڕووکەشانەیی نێو کۆمەڵگە، بەڵام لە ناخەوە تووڕەیی و نائومێدییەکی کوشندە دەچێنێت. دەسەڵات پێویستی بەوەیە تێبگات کە ئازادیی ڕادەربڕین، پێوەرێکی سەرەکییە بۆ شەرعیەتی هەر سیستمێک. ئەگەر پانتایی ڕەخنە تەسک بکرێتەوە بۆ ئاستی سزادانی هەر مۆبایلێک کە ڕاستییەک دەنووسێت، ئەوا دیموکراسی لە هەرێمەکەدا تەنها دەبێتە ماسکێکی بێ گیان. دادگاکان دەبێت پارێزەری ئازادی بن، نەک ڕۆبۆتی سانسۆرکردن بن، چونکە هیچ نیشتمانێک لە مێژوودا بە شکاندنی
قەڵەمەکان و بێدەنگکردنی هاووڵاتیان پێشنەکەوتووە و سەربەرز نەبووە.
ئەحمەد فاتیح
