
یەکێتی مامەڵەی پێشتر لەگەڵ گۆڕان ناکات و سەرجەم پۆستەکانی وەردەگرێتەوە
یەکێتی بڕیاریداوە لە دوای پێکهێنانی کابینەی نوێی حکومەت زۆرینەی پۆستە ئیدارییەکان لە پارێزگار و قایمقام و بەڕێوەبەری گشتی و بەڕێوەبەری ناحیە لە بزوتنەوەی گۆڕان وەربگرێتەوەو کۆتای بە ڕێکەوتنی دابەشکاری پۆستەکان لە پارێزگای سلێمانی و هەڵەبجە بهێنێت.
بەپێی زانیاریەکانی بوار، یەکێتی لە ئێستادا ئەو پۆستانە بۆ گۆڕان بە شایستە نازانێت چونکە گۆڕان پێگەی پێشوی نیە و دابەشی دوو ئاڕاستەی جیاواز بووە. لە پارێزگای سلێمانی لە دوا هەڵبژاردندا دەنگەکانی نەگەیشتوەتە دە هەزار دەنگ و ڕێکەوتنی پێشووی یەکێتی و گۆڕان کاتێک کراوە بزوتنەوەی گۆڕان لە ئەنجومەنی پارێزگای سلێمانی دەنگ و کورسی لەیەکێتی زیاتر بووە.
یەکێتی دەیەوێت لەگەڵ پێکهێنانی کابینەی نوێ پێداچوونەوە بە پۆستەکاندا بکات و پارێزگاری سلێمانی و چەند پۆستێکی تر لە بزوتنەوەی گۆڕان وەربگرێتەوە.
لە دوو هەفتەی ڕابردوو بەهۆی خانەنشین بوونی قایمقامی قەزای کەلار کە لەپشکی گۆڕان بوو یەکێتی پۆستەکەی ڕادەست نەکرد و لەلایەن کەسێک لە پشکی یەکێتی پۆستەکە بەوەکالەت پڕ کرایەوە.