
زیاتر لە یەك مانگە دانوستانەکانی پارتی و یەکێتی بۆ پێکهێنانی کابینەی نوێی حکومەتی هەرێمی کوردستان وەستاوە، سەرچاوەیەکی ئاگادار بۆ شارپرێس زانیاریی نوێ ئاشکرادەکات.
ئەو سەرچاوەیەی شارپرێس باسی لەوەکرد، دانوستانەکانی پارتی و یەکێتی وەستاون و هیوایەک نیە بەمزووانە دەستپێبکاتەوە، چونکە پارتی بە یەکێتی وتووە "رازی نین بە داواکارییەکانتان بۆ پێکهێنانی حکومەت". وەك سەرچاوەکەی شارپرێس وتی "یەکێتی پێداگرە لەسەر ئەم پۆستانە؛ سەرۆکی هەرێم، وەزارەتی ناوخۆ، وەزارەتی سامانە سروشتییەکان، بەڵام پارتی بە فەرمی ڕەتیکردوەتەوە هیچ کام لەو پۆستانە بداتە یەکێتی".
لەبارەی ئەوەی تا چەند دۆخی ئێستای ناوچەکە و عێراق کاریگەریی هەیە بۆ وەستانی دانوستانەکان، ئەو سەرچاوەیە وتی "لەسەر ئاستی فەرمی نا، بەڵکو لەسەر ئاستی کەسیی بەشێک لە ئەندامانی شاندی پارتی بە یەکێتیان وتوە، قورسە لەم دۆخەی ناوچەکەی پێدا تێپەڕ دەبێت دانوستانەکانیان دەستپێبکاتەوە".
هاوکات ئەو سەرچاوەیەی شارپرێس باسی لەوەکرد: قسەی پارتی بە ڕوونی بۆ یەکێتی ئەمەیە؛ پۆستەکانی سەرۆکی پەرلەمان، جێگری سەرۆکی پەرلەمان، جێگری سەرۆکی هەرێم، وەزیری دارایی، وەزیری پلاندانان، وەزیری خوێندنی باڵا و چەند پۆستێکی دیکە بدرێتە یەکێتی و لە بەرامبەردا دەسەڵات بدرێتە وەزیرەکان، واتا پارتی وەزارەتی زیاتر ناداتە یەکێتی بەڵکو دەسەڵات دەداتە وەزیرەکان، یەکێتیش ئەوەی ڕەتکردوەتەوە و هەم داوای ئیستیحقاقی خۆی دەکات، هەم داوای دەسەڵاتیش بۆ وەزیرەکان دەکات".
"شاندی پارتی دیدی خۆی بۆ پێکهێنانی حکومەت بە شاندی یەکێتی وتوە و ئاماژەیان بەوەداوە، هەرکات دیراسەیان کرد و لەسەر ئەو دیدە تێبینییان نەبو، ئەوکاتە دەتوانن پڕۆسەی پێکهێنانی حکومەت خێراتر بکەن، بەڵام تا ئێستا یەکێتی بە فەرمی وەڵامی پارتی نەداوەتەوە" ئەوەش بە گوێرەی سەرچاوەکەی شارپرێس.
ئەنجومەنی ئاسایش یەکێکی دیکەیە لە گرێکوێرەکانی گفتوگۆکانی پارتی و یەکێتی، وەك سەرچاوەکەی
شارپرێس وتی یەکێتی داوای ئەو پۆستەی کردوە و پارتی ڕەتیکردوەتەوە
لە شار پرێس وەرگیراوە..