نوێترین

recent

11/11/2024

مووچەی هەزاران خانەنشین زیاد دەبێت و جیاوازیی مووچەشیان بۆ خەرج دەکرێتەوە.

 


كۆمەڵەی خانەنشینان ئاشکرای دەکات: "مانگی یەکی ساڵی 2025، مووچەی ئەو خانەنشینانە بە هاوتاکراوی خەرج دەکرێت، کە پێش ساڵی 2014  خانەنشین کراون، ئەو مانگانەیش، کە لەمساڵدا جیاوازییەکەیان وەرنەگرتووە، بەیەکەوە بۆیان خەرج دەکرێت."

ئیسماعیل موخڵیس، جێگری سەرۆكی لقی هەولێری كۆمەڵەی خانەنشینان بە (باسنیوز)ی راگەیاند: "دوێنێ بۆ پرسی ئەو خانەنشینانەی پێش ساڵی 2014 خانەنشین کراون و مووچەیان هاوتا نەکراوە، سەردانی فەرمانگەی خانەنشینیمان کرد، بەڕێوەبەری خانەنشینان هەواڵێکی خۆشی پێ داین، کە بڕیار دەرچووە مووچەی هەموو ئەوانە هاوتا دەکرێت و جیاوازیی هاوتاکردنەکەشیان بۆ خەرج دەکرێت."

ئاماژەی بەوەش دا: "لە مانگی یەکی ساڵی 2025، مووچەی ئەو خانەنشینانە بە هاوتاکراوی خەرج دەکرێت و ئەو مانگانەیش، کە لەمساڵدا جیاوازییەکەیان وەرنەگرتووە، بەیەکەوە بۆیان خەرج دەکرێتەوە."

دوای هاوتاکردن، كەمترین مووچەی خانەنشینان لەنێوان 420 بۆ 600 هەزار دینار دەبێت.

ئیسماعیل موخڵیس ئاشکراشی کرد: "ئەو خانەنشینانە ساڵانی 2010 و 2011 و پێشتر دەگرێتەوە، ئەوان لە مانگی یەک مووچەیان هاوتا دەکرێت و جیاوازیی  مووچەی شەش مانگی ئەمساڵیشیان بۆ خەرج دەکرێت، ژمارەشیان هەزاران خانەنشینە."

لە كۆبوونەوەی رۆژی چوارشەممە 3ی تەمووزی 2024ی ئەنجوومەنی وەزیرانی هەرێمی کوردستاندا، ئەنجوومەنی وەزیران بڕیاری پەسەندکردنی پێشنیازی وەزارەتی دارایی و ئابووری و تیمی هاوبەشی هەردوو دیوانی چاودێریی دارایی فیدراڵ و هەرێمی كوردستانی دا، بە یەکخستنی یاسای خانەنشینی لە سەرتاسەری عێراق بە هەرێمی کوردستانیشەوە، لەپێناو بەرژەوەندیی خانەنشینانی هەرێمی كوردستان و هاوتاکردنی مووچەکانیان لەگەڵ هاوەڵەکانیان لە حکوومەتی فیدراڵ."

سەرۆكی لقی هەولێری كۆمەڵەی خانەنشینان گوتیشی: "سوپاسی حکوومەتی هەرێمی کوردستان دەکەین، کە بڕیاری داوە مووچەی هەموو خانەنشینانی شارستانی زیاد بکرێت، سوپاسی فەرمانگەی خانەنشینی دەکەین، کە مووچەی ئەوانەش هاوتا دەکات، کە پێش ساڵی 2014 خانەنشین بوونە، ئەوەش کاریگەریی لەسەر ژیان و گوەزەرانیان دەبێت."

پێشتر د. هاوڕێ كەمال، راوێژكار لە وەزارەتی دارایی و ئابووریی حكوومەتی هەرێمی كوردستان، بە (باسنیوز)ی راگەیاند: "پارەی هاوتاكردنی مووچەی خانەنشینان لە داهاتی ناوخۆی هەرێمی كوردستان دەدرێت و تاوەكوو ئێستا حكوومەتی عێراقی پارەكەی نەناردووە، ئەو تەمویلەی بۆ مووچەی خانەنشینان زیاد بووە و بڕەکەی مانگانە نزیکەی 45 ملیار دینارە و سەرجەمی لە داهاتی ناوخۆی هەرێمی کوردستان دابین کراوە و بەردەوامیش دەبێت."

Picsart-24-02-23-21-31-09-085