نوێترین

recent

30/08/2025

دیمەشق بەداواکاریەکانی کورد ڕازی بوو.

 






شاندێكی ئیدارەی خۆسەر له‌ڕۆژئاواى كوردستان بۆ درێژەدان بەدانوستانەکان له‌دیمه‌شقى پایته‌خى سوریایه‌و ئاژانسه‌كانى هه‌واڵیش زانیاریى گرنگ ئاشكراده‌كه‌ن، ئه‌وه‌ش زانراوه‌، حكومەتی دیمەشق ڕەزامەندیی پیشانداوە لەسەر سیستمى نا ناوەندێتی لەناوچەكانی ڕۆژئاواى كوردستان، بەڵام ناكۆكیی لەبارەی شێوازو وردەكاریی پرۆسەكەوه‌ هەیە.

به‌گوێره‌ى ئه‌و زانیاریانه‌ى ڕۆژنامەی النهار ئاشكرایكردوه‌، دانوستانەكانی نێوان ئیدارەی خۆسەرو دیمەشق بەرەوپێشچونی بەخۆوە بینیوە.

دوابەدوای ئەو گرژییەی کەوتە پەیوەندییەکانی نێوان ئیدارەی خۆسەری باکورو ڕۆژهەڵاتی سوریاو دەسەڵاتدارانی دیمەشق، شاندێکی ئیدارەی خۆسەر سەردانی دیمەشقی كردوەتەوەو ئیلهام ئه‌حمه‌د كه‌ سه‌رۆكایه‌تى شانده‌كه‌ ده‌كات، شه‌وى ڕابردوى له‌دیمه‌شق ڕۆژ كرده‌وه‌.

له‌وباره‌یه‌وه‌ كەناڵی "الحدث" نوسیویه‌تى، "دوێنێ‌ هەینی شاندێکی ئیدارەی خۆسەر بەسەرۆکایەتی ئیلهام ئەحمەد هاوسەرۆكی پەیوەندییەكانی دەرەوەی ئیدارەی خۆسەر بۆ درێژەدان بەدانوستانەکان گەیشتوه‌ته‌ دیمەشق".

لاى خۆیه‌وه‌ بەدران چیا کورد جێگری هاوسەرۆکی کاروباری دەرەوە لەئیدارەی خۆسەر، لەبارەی سەردانەكە وتویه‌تى، "پەیوەندیی‌و دانوستان لەگەڵ دیمەشق بەردەوامەو تاکە ڕێگەش بۆ چارەسەرکردنی دۆخەکە لەڕێگەی گفتوگۆو لێکتێگەیشتنە".

به‌وته‌ى به‌دران چیا كورد كه‌ دانوستانکارێکی سەرەکیی بوو لەڕێککەوتنی (10)ی ئادارى ئه‌مساڵى نێوان مەزڵوم عەبدی‌و ئەحمەد شەرع، "هیوادارین ئەو دانوستانانە ئەنجامێکی ئەرێنی بەدەستبهێنن کە لەگەڵ خواستەکانی خەڵک‌و لەکاتێكی گونجاودابێت".

ئەو دیدارە نوێیەى ڕۆژئاواى كوردستان‌و دیمه‌شق، دوای ناڕەزایەتیی ئیدارەی خۆسەر دێت لەبەرامبەر پەسەندكردنی یاسای هەڵبژاردنی ئەنجومەنی گەل کە بڕیارە مانگی ئەیلول ئەنجامبدرێت، بەهۆی ئەوەی دیمەشق ناوچەكانی باكورو ڕۆژهەڵاتی سوریای بێبەشكردوە لەئەنجامدانی هەڵبژاردن، بەبیانوی ناسەقامگیریی دۆخی ئەمنیی.

لەلایەكی دیكه‌وه‌، ڕۆژنامەی (النهار)ی لوبنانی ئاماژه‌ى به‌وه‌داوه‌، "دانوستانەكانی نێوان ئیدارەی خۆسەرو حكومەتی دیمەشق بەرەوپێشچونی بەخۆیەوە بینیوە، بەتایبەت لەكۆبونەوەكەی عەممانی پایتەختی ئوردون كە بەبەشداری سیناتۆر جین شاهین‌و مەزڵوم عەبدی‌و ئیلهام ئەحمەد، بەڕێوەچوە".

ئه‌وه‌ش ئاشكرابوه‌، حكومەتی دیمەشق ڕەزامەندیی پیشانداوە لەسەر سیستمى  نا ناوەندێتی  (لا مه‌ركه‌زى) لەناوچەكانی ئیدارەی خۆسەر، بەڵام ناكۆكی لەبارەی شێوازو وردەكاری پرۆسەكەیە هەیە.

لاى خۆیشیه‌وه‌ تۆم باراك نێرده‌ى تایبه‌تى دۆناڵد تره‌مپ سه‌رۆكى ئه‌مریكا بۆ سوریا ڕایگه‌یاندوه‌، "مه‌زڵوم عه‌بدى فه‌رمانده‌ى گشتیى هه‌سه‌ده‌و هاكان فیدان وه‌زیرى ده‌ره‌وه‌ى توركیا له‌په‌یوه‌ندیى به‌رده‌وامدان‌و خودى ئه‌ردۆغانیش پشتگیریى ئه‌و دانوستان‌و گفتوگۆیانه‌ ده‌كات".

Picsart-24-02-23-21-31-09-085