
موعین کازمى، ئەندامى لیژنەى دارایى ئەنجوومەنى نوێنەرانى عێراق کۆمپانیاى کار تۆمەتبار دەکات بە بەقاچاخبردنى نەوتى هەرێمى کوردستان و دەڵێت "چەند کەسێک راگیراوون و لێکۆڵینەوەیان لەگەڵدا دەکرێت".
موعین کازمی ئاماژە بەوە دەکات "لە کۆمپانیاى نەوتى باکوورەوە لەبەرامبەر بەرتیل، نەوتى زیادە دراوە بە پاڵاوگەکانى کۆمپانیاى کار".
دەشڵێت" لە رێگەى چەند کارمەندێکی کۆمپانیای نەوتی باکوورەوە ئاسانکاری بۆ کۆمپانیای کار کراوە لە بەرامبەر وەرگرتنی بەرتیل هەستاون بە پێدانی نەوتی زیاتر لە بڕی دیاریکراو بە پاڵاوگەکانى کۆمپانیای کار".
موعین کازمى روونیشیدەکاتەوە "بەو هۆیەوە کۆمەڵێک کارمەندى کۆمپانیای نەوتی باکوور تاوەکو ئێستا راگیراون و لێکۆڵینەوەیان لەگەڵ دەکرێت، بە تەنیاش نەوتی کەرکوک نییە، بەڵکو نەوتی هەرێمی کوردستانیش بە قاچاخدەبەن".
ئەمە لەکاتێکدایە حکومەتى عێراق نەوتى خاو بۆ کۆمپانیاى کار دابیندەکات و لەبەرامبەردا کۆمپانیاکە هەزار مێگاوات کارەبا بۆ عێراق دابیندەکات.