نوێترین

recent

03/09/2025

لەبەرامبەر ڕادەست نەکردنی نەوت وداهات، بەغدا مەرجی توند بەسەر هەرێم دا دەسەپێنێت.








بەپێی ئەو ڕاپۆرتەی کە شاندی هەرێم لەکۆبونەوەی ئەمڕۆی ئەنجومەنی وەزیراندا شاندی هەرێم پێشکەشیان کردوە، باسیان لەوەکردوە بەغدا لەدواین کۆبونەوەیدا لەگەڵ هەرێم چەند مەرجێکی قورسیان بۆ سەر هەرێم زیادکردوەو هەرێمیش سبەینێ پێنجشەممە شاندێکی باڵاتر دەنیرێتە بەغداد.
بەپێی ئەو زانیاریانەی لەسەرچاوەی باڵاوە دەستیکەوتوە لەکۆبونەوەی ئەمڕۆی ئەنجومەنی وەزیرانی هەرێمی کوردستاندا کە شاندی دانوستانکاری حکومەتی هەرێم لەگەڵ بەغداد ئامادەیبون و ڕاپۆرتێکیان پێسکەشکردوە لەبارەی دواین گۆرانکاریەکانی بەغداوە، باسیان لەوەکردوە بەغدا مەرجی نوێ و قورسی بۆ هەرێم داناوە بۆ خەرجکردنی موچەی مانگی حەوت و مانگەکانی دواتر.
شاندەکەی هەرێم لەڕاپۆرتەکەیاندا باسیان لەوەکردوە کەشاندەکەی بەغداد داوایانکردوە سەرجەم داهاتی فیدڕاڵی ڕەوانەی بەغداد بکرێت و دواتر وەزارەتی دارایی عێراق بەنوسراو و ئیشعاری تایبەت لەسەدا پەنجای ڕەوانەی هەرێم بکاتەوەو هەرێم دەسەڵاتی خەرجکردنی هەبێت بۆ ئەو بڕە.
لەبارەی داهاتی ناوخۆی هەرێمیشەوە شاندەکەی هەرێم باسیان لەوەکردوە کە بەغدا داوایکردوە لەسەدا سەدی سەرجەم داهاتە ناوخۆیەکان ڕادەستی بەغدا بکرێت و ئەو بڕەی پێشتر بۆ خەرجی بەگەڕخستن خەرجدەکرا ئیدی نامێنێت و ئەویش دەچێتەوە بەغدا.
سەبارەت بەمەرجەکانی پێشوتری بەغدا لەبارەی هەناردەی نەوت و مافی کۆمپانیاکان و تەوتینی موچەوە شاندەکەی هەرێم لەکۆبونەوەکەی ئەمڕۆی ئەنجومەنی وەزیراندا وتویەتی هەمان داواکارییان هەیە و پێیان وتوین موچە بەبێ ئەو مەرجانە ڕەوانە ناکرێت.
ئەنجومەنی وەزیرانی حکومەتی هەرێمی کوردستان لەکۆبونەوەی ئەمڕۆی خۆیدا بڕیاریداوە کەشاندێکی باڵاتری حکومەت بنێرێتە بەغداو بەوردی گفتوگۆی ئەو بابەتانە بکرێت و شاندەکەش پێکدێت لەسەرۆکی دیوان و سکرتێری ئەنجومەنی وەزیران و وەزیری سامانە سروشتیەکان و وەزیری دارایی و دیوانی چاودێری دارایی.

لەئەگەری رێکنەکەوتنی شاندی هەرێم و بەغداد بڕیار وایە دۆسیەکە ببرێتە دادگای فیدڕاڵی و لەوێ یەکلایی بکرێتەوە و دادگا بڕیاری لێ بدات. 

Picsart-24-02-23-21-31-09-085