
مەکتەبی راگەیاندی یەكێتی، بە توندی سەركۆنەی تەقەکردن لە رۆژنامەنوس هێمن مامەند دەکات ڕایگەیاند، هەر مەرامێک بۆ "تیرۆکردنی هێمن مامەند"، پیلانێکی ترسنۆکانەی شکستخواردوە و بە هەمو شێوەیەک رەتیدەکەنەوە، هەروەها داوا لە دەزگا ئەمنییەکان دەكات لێکۆڵینەوەی ورد لەسەر ئەو روداوە بکەن و ئەنجامدەری ئاشکرابکەن.
مەکتەبی راگەیاندن و هۆشیاری یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان، ئەمشەو لە ڕاگەیەندراوێكدا بڵاویكردەوە، بە توندی سەركۆنەی تەقەکردن لە رۆژنامەنوس هێمن مامەند دەکەن، هەر مەرامێکیش بۆ تیرۆکردنی، پیلانێکی ترسنۆکانەی شکستخواردوە و بە هەموشێوەیەک رەتیدەکەینەوە.ئاماژەی بەوەشكرد، وێڕای ئەوەی هیوای زوچاکبونەوە بۆ هاوپیشە و رۆژنامەنوس، هێمن مامەند دەخوازن، داوا دەکەن لە دەزگا ئەمنییەکان لێکۆڵینەوەی ورد لەسەر ئەم روداوە بکەن و ئەنجامدەری ئاشکرابکەن و روبەڕوی یاسای بکەنەوە.بەگوێرەی ڕاگەیەندراوەكە، دڵنیان لە توانا و هەوڵی دەزگا ئەمنییە پەیوەندی دارەکان، وەک هەمیشە چۆن لە دۆزینەوەی تاوانباران سەلماندویانە سلێمانی شارێکی ئارامە بۆ رۆژنامەنوسان و ئەهلی قەڵەم و خەڵکە خۆشەویستەکەمان، لەم کەیسەشدا سەرکەوتودەبن لە دۆزینەوەی بکەرانی. ئەوەشیخستەڕو، دوپاتی دەکەنەوە كە راگەیاندنی یەکێتی وەک هەمیشە پەرۆش و دەربەستی رەخساندنی زیاتری ئازادی رادەربڕین و ژینگەیەکی لەبارە بۆ کاری میدیایی لە وڵاتەکەماندا.