نوێترین

recent

05/09/2025

ئیلهام ئەحمەد، شە*ڕی ناوخۆیی لەسوریا هەڵدەگیرسێتەوە.

 







بەرپرسێكی ئیدارەی خۆسەر هۆشداری دەدات و بەتوندی وەڵامی هەڕەشەکانی ئەم دواییە دەداتەوەو دەڵێت،" هەر هێرشێکی سەربازی یان هەڵکشانی ناوچەیی دەتوانێت ئاژاوەیەکی بەرفراوان لەسەرانسەری سوریادا دروستبكات و شەڕی ناوخۆ هەڵگیرسێنێتەوە.
ئیلهام ئەحمەد، بەرپرسی پەیوەندییەکانی دەرەوەی ئیدارەی خۆسەری باکور و ڕۆژهەڵاتی سوریا، لەچاوپێکەوتنێکی تایبەتی میدیایدا ڕایگەیاند، نەبونی چارەسەری سیاسی و پەرەسەندنی لێدوانی هەڕەشەئامێز لەلایەن هەندێک لایەنەوە، بەتایبەتی لەتورکیا، هەوڵەکانی دیالۆگ تێکدەدات و هەڕەشەیە بۆ تێکدانی هەر پێشکەوتنێک بەرەو سەقامگیری.

ئاماژەی بەوەشكرد، ڕێبازی بنیاتنەر لەلایەن زلهێزە نێودەوڵەتییەکانەوە بەشدارە لە بنیاتنانی ئاشتی، لەکاتێکدا پەرەسەندن و هاندان دەرگای ئاژاوە دەکاتەوە. لێدوانە دوژمنکارەکانی ئەم دواییە، بەتایبەتی لەلایەن باخچەلی، مەترسی شەڕی ناوخۆی لێدەكەوێتەوە و خزمەت بە بەرژەوەندییەکانی گەلی سوریا و ئاسایشی ناوچەکە ناكەن.

ئیلهام ئەحمەد جەختی لەوەکردەوە، ئیدارەی خۆسەرو هێزەکانی سوریای دیموکرات (هەسەدە) بەدرێژایی ساڵانی ململانێکان، زامنی سەرەکی یەکپارچەیی خاکی سوریا بون لە ناوچەکانی ڕۆژهەڵات و باکوری ڕۆژهەڵاتی سوریا و هیچ هێزێک تا ئێستا، بە ئەندازەی ئەوان یەکپارچەیی خاکی سوریای نەپاراستوە.

دەشڵێت، "ئێمە لەسوریا جیا نەبوینەوە؛ بەڵکو بەرگریمان لەخاکەکەی لەدژی داعش کردو شارەکانیمان پاراست و پێکهاتەکانیمان لەوێرانکاری و ئاوارەبون پاراست".

جەختیشی لەوەکردەوە کە ئەو پڕۆژەیەی كە ڕۆژئاڤا پەسەندی دەکات، ئامانجی دوبارە بنیاتنانەوەی دەوڵەتی سوریایە لەسەر بناغە دیموکراسی و لامەرکەزییەکان، نەک ببێتە هۆی جیابونەوە.

لەبارەی گفتوگۆكانی ئەم دواییەی نێوان ئیداری خۆسەر و حكومەتی دیمەشق، ئیلهام ئەحمەد باسی لەوەكرد، گفتوگۆكان بەردەوامن، هەرچەندە تا ئێستا هیچ پێشكەوتنێكی ڕاستەقینە بەدی نەهاتوە، بەڵام هەر چارەسەرێکی سیاسی ڕاستەقینە، بە هێز و هەڕەشە ناسەپێندرێت، بەڵکو دەبێت لە ئیرادەی خودی سوریاییەکانەوە سەرچاوە بگرێت و لەسەر تێگەیشتنە نیشتمانییە هەمەلایەنەکان بنیات بنرێت.

Picsart-24-02-23-21-31-09-085