نوێترین

recent

22/08/2025

ڕێبواری حامیدی حاجی خالی، چۆن خۆی تەسلیم کردوو دەستگیر کرا.؟


 





بەرەبەیانی ئەمڕۆ ژمارەیەکی زۆر هێزی ئەمنیی کە لەتەواوی هێزە تایبەتەکانی یەکێتی پێکهاتبوو چواردەوری ئوتێل لالەزار و دەوروبەریاندا بەمەبەستی دەستگیرکردنی لاهور شێخ جەنگی و هەردوو براکەی و ڕێبوار حامیدی حاجی غالی دوای ئەوەی ئەوان ئامادەنەبون خۆیان ڕادەست بکەن و ڕوبەڕوبونەوەی توندی سەربازی بۆ ماوەی چوار کاتژمێر ڕویدا، یەکێک لەو کەسانەی جگە لە لاهور شێخ جەنگی و براکانی دەستگیرکرا ڕێبوار حامید حاجی غالی بوو.

چیرۆکی دەستگیرکردنی ڕێبوار حامید حاجی غالی جیاواز بوو لەچیرۆکی دەستگیرکردنی لاهور شێخ جەنگی و براکانی، چونکە ڕێبوار بەرێککەوتن و هەوڵی باوکی کە سەرکردەیەکی دیار و دێرینی یەکێتیە خۆی، ڕادەستکردن و ڕێوشوێنی پاراستنی گیانی گیرابوەبەر بۆ خۆڕادەستکردن.

شارپرێس لەسەرچاوەیەکى تایبەتەوە زانیویەتی، لەگەرمەی شەڕو ئاڵۆزیەکانداو ئەوکاتەی ئاسمانی دەوروبەری لالەزار ئاگرباران دەکرا، حامید حاجی غالی باوکی ڕێبوار پەیوەندی دەکات بەڕێبوارەوە و پێی دەڵێت، هێزەکە زۆر نا بەرامبەرەو بەهەموو شێوەیەک کۆتایی شەڕەکە لەبەرژەوەندی یەکێتی دەبێت و نامەوێت بەکوژراوی لەو بینایە بتهێننە دەرەوە، وەرە خۆت ڕادەست بکەو من هەوڵی ئەوە دەدەم گەرەنتی پاراستنی ژیانت بکەم.

سەرچاوەکەی شارپریس ئاماژەی بەوەکرد، ڕێبوار دوای چەند جارێک ئینجا وەڵامی پەیوەندیەکەی باوکی داوەتەوەو دوای قسەکانی باوکیشی ماوەیەکی زۆر بەردەوام بوە لەشەڕ، دواتر کە زانیویەتی دۆخەکە لەبەرژەوەندی خۆی و هێزی دووپشک نییەو توانای بەرگەگرتنی ئەو هەموو هێزەیان نییە پەیوەندی بەباوکیەوە کردوەتەوەو وتویەتی ئەگەر گەرەنتی ژیانم بکەیت ئامادەم خۆم رادەست بکەم، باوکیشی قسەی لەگەڵ بافڵ تاڵەبانی کردوەو ڕازیکردوە بەوەی خۆی بچێت ڕێبوار بهێنێتە دەرەوەو ڕادەستی هێزە ئەمنییەکانی یەکێتی بکات.

دوای وەرگرتنی ڕەزامەرندی بافڵ تاڵەبانی، حامید حاجی غالی خۆی و چەند کەسێک دەچنە دەرگای پشتەوەی لالەزار کە ڕێبوار لەوێوە فەرماندەیی هێزە شەڕکەرەکانی کردوە، ڕێبوار دەهێننە دەرەوەو بەسواری ئۆتۆمبێل دوری دەخەنەوە و ڕادەستی هێزە ئەمنییەکانی دەکەن لەدەباشان کە پارێزگاری لەبافڵ تاڵەبانی دەکەن.

هەریەکە لەلاهور شێخ جەنگی و پۆڵادی برای دوای دەستگیرکردنیان دەزانن ڕێبوار دەستگیرکراوەو پێش ئەوان لەلالەزار نەماوە چونکە ڕێبوار لەدیوی پشتەوەی لالەزار لەشەردا بوەو پۆلادیش لەدیوی پێشەوەی لالەزار بەرامبەر هێزە ئەمنییەکانی یەکێتی ڕوبەڕوبوەتەوە.

ڕێبوار حامید حاجی غالی لەدوای ڕوداوەکانی هەشتی تەموزەوە دیارترین کەسێتی سەربازی بوو کە لەگەڵ لاهور شێخ جەنگی مابێتەوە و فەرماندەیی ئەو هێزەی دەکرد کە لاهور شێخ جەنگی بەناوی هێزی دووپشکەوە دروستی کردبوو.

Picsart-24-02-23-21-31-09-085