نوێترین

recent

01/07/2019

ساڵى ٢٠٠٧ مەسعود بارزانى چۆن باسى پەکەکە دەکات؟



 
وڵات _تایبەت

ساڵى ٢٠٠٧ مەسعود بارزانى کاتێک تورکیا هاتبویە سەر سنور بەهۆى هەڕەشەیەکى ئەوە ئاژانسى هەواڵى ئەسۆ شەید پرێس ى فەڕەنسى چاوثێکەوتنێکى لەگەڵ ئەنجامداوە، دەڵێت : "ئەگەر تورکیا چارەسەرێکى ئاشتیانەى پێیە پەکەکە دژیەتى ئەوا من هەموو هاوکارییەکى تورکیا دەکەم دژى پەکەکە".

چاوثێکەوتنەکە، وڵات_ لەبەشى ئەرشیفى ئەسۆ شەید پرێس دەریهێناوە، مێژوەکەى بۆ ڕۆژى ٢٣ ئۆکتۆبەرى ساڵى ٢٠٠٧ دەگەڕێتەوە کە لەبارەگاى خۆى لە سەرى ڕەش ئەنجامدراوە، هێمن هەورامى جێگرى سەرۆکى پەرلەمان وەکو وەرگیڕ وەرگیڕان بۆ پەیامنێرە فەڕەنسیەکە دەکات.

 مەسعود بارزانى ساڵى ٢٠٠٧

مەسعود بارازنى کە ئەوکات گەنجتر دەردەکەوێت، شێوازى قسەکردنى نادڵنیایى و جۆرێک سۆزى تیایە بۆ ئاسایکردنەوەى ئەو کرژییەى کە بەهۆى قسەیەکى ئەوەوە دروستبوو لە سەر سنورى نێوان هەرێم و تورکیا، کاتێک ووتبوى: "ئەگەر تورکیا تەداخول لەهەولێر بکات ئێمەش تەداخول لە دیاربەکر دەکەین".

مەسعود بارزانى لەو چاوپێکەوتنەدا، جەخت لەسەر چارەسەرى کێشەى ئاشتیانەى پەکەکە دەکاتەوە ئاماژە بۆ ئەوەدەکات پێویستە کێشەى پەکەکە بە شەڕ چارەسەر نەکرێت، ئەو پێى وایە دواى ٢٣ ساڵ لە جەنگى نێوان پەکەکە و تورکیا ئیتر کاتى ئەوە هاتووە شەڕ بوەستێنرێت و چارەسەرى ئاشتیانە بەرپابکرێت.

مەسعود بارزانى دەڵێت: "بەڕوونى دەڵێم ئەگەر تورکیا بیەوێت بە چارەسەرى سەربازى پرسى پەکەکە چارەسەر بکات ئێمە بەشێک نین لەوە، بەڵام ئەگەر تورکیا دەستپێشخەرییەکى ئاشتى بکات بەڵام پەکەکە دژى بوەستێتەوە ئەوا ئێمە هەموو شتێک دژى پەکەکە دەکەین".

کاردانەوەى خەڵک دژى تورکیا .. هەولێر 


بارزانى زیاتر لەسەر ئەو پرسە قسە بۆ ئاژانسە فەڕەنسیەکە دەکات و ئاماژە بۆ دەکات ئەوان بەشێک نین چارەسەرى سەربازى و ٢٣ ساڵە ئەوان دەستی تورکیا نەگرتووە دژى پەکەکە، ئەگەر تورکیا تەعەداش بکات ئەوا بەرگرى لەخۆیان دەکەن، زیاتر دەڵێت: "ئەگەر تورکیا چارەسەرێکى ئاشتى خستەڕوو، من هەموو کورد کۆدەکەمەوە و بە پەکەکە دەڵێم یان دەبێت ببن بە بەشێک لەو چارەسەرە یان وەکو گروپێکى دژى کورد دەتان ناسێنین و هەموو شتێکتان بەرامبەر دەکەم، بەڵام من بۆ ڕازیکردنى ئەم دەوڵەت و ئەو دەوڵەت شەڕى کورد و کورد ناکەم و هەرچى دەبێت با ببێت".

"ئەگەر پەکەکە نەبێت بە بەشێک لە ئاشتى،  بە دژى کورد دەیانناسێنم"

مەسعود بارزانى چەند جارێک باسى ئەوە دەکات پێویستە کێشەى کورد لە تورکیا بە ئاشتى چارەسەر بکرێت و قسەیەکى ڕەجەب تەیب ئەردۆغان کە ئەوکات سەرۆکوەزیرانى تورکیا بوو دەهێنێتەوە کە ووتویەتى : "با پەکەکە بێنە ژێر قوبەى پەرلەمان"، بارزانى ئەو قسەیە بە قسەیەکى گونجاو دەزانێت.

ئەم قسەیەى مەسعود  بارزانى لە بارێکدا بوو پەیوەندییەکانى تورکیا و هەولێر زۆر سەخت بوو تەنانەت سوپاى تورکیا بەدرێژای دەیان کیلۆمەتر هێزى کۆکردووبویەوە دەویست هەولێر داگیربکات.

جەلال تاڵەبانى بۆ خاوکردنەوەى کێشەکە، کەوتە نێوان تورکیا و پارتى

بەگوێرەى ووتەى بەرپرسانى باڵاى تورکیا، کە داوتر داود ئۆغڵۆ پشتڕاستى کردەوە، تورکیا لەو کارەى سەرکەوتوو نەبوو، بەهۆى فشارى ئەمریکا و وڵاتانەوە نەیتوانى لەشکرکێشى بکات بۆ سەر خاکى باکورى عێراق.

بەڵام ئێستا دۆخەکان زۆر گۆڕاون، جگە لەوەى لەسنورى زۆنى زەردە دەیان بنکەى میتى تورکى هەیە، هاوکات بەگوێرەى پێگەى ئەلمۆنیتەرى ئەمریکى، لە "ئۆپراسیۆنى چنگ"دا کە لە ٢٣ى مانگى حوزەیرانى ئەمساڵ لەچیاى خواکورک دەستى پێکرد پارتى هاوکارى سوپاى تورکیا دەکات، ئەوەشى ووتووە: "هێزى پێشمەرگە هاوکارى سوپای تورکیا دەکات و لەئایندەیەکى نزیکدا ئۆپراسیۆنى هاوباش دژى پەکەکە لە خواکورک ئەنجام دەدەن".

ئەوکات مەسعود بارزانى سەرۆکى هەرێمى کوردستان بوو، بەڵام ئێستا لاى پارتى مەرجەعە و شوێنەکەى دراوە بە نێچیرڤان بارزانى، نێچیرڤان بارزانى لەبارەى پەکەکەوە هەمیشە بژاردەى ئەو ئەو بژاردەیە بووە کە تورکیا وتوویەتى، بۆیە بەوتەى شیکەرانى سیاسى، لەنێوان چاوپێکەوتنەکەى بارزانى و پەیوەندییەکانى ئێستاى پارتى و تورکیا هیچ واتایەک نیە جگە لەوەى "مێژوو بەتەواوەتى هەڵگەڕاوەتەوە".


Picsart-24-02-23-21-31-09-085