مامۆستا عەتا و لافاوەکە
من کەسێکم لەوەتەی هەم، نانم نەکەوتووەتە بن ڕۆنی هیچ بەرپرسێکی حزبیی و حکوومی و نانی منەت و ماستاوی هیچ دەسەڵاتدارێکم نەخواردووە و خودا یاوەر بێت ناشی خۆم، چونکە هیچ کات پیاوی (بەڵێ قوربان و دەستەوستان) نیم، بەڵام دەڵێن؛ قسەی ڕاست پاشایە و پیاو ئەبێت مەرد بێت و چاکە وەک خۆی باس بکات.
لەو لافاوە شوومەی چەمچەماڵ و تەکییە کە چەند کەسێک بوونە قوربانی و ماڵی ژمارەیەکی زۆر خەڵکی هەژاری وێران کرد، لە ناو ئەو هەموو مێز و کورسی و بەرپرسە ڕەنگاو ڕەنگانەدا، تەنها یەک پیاو هەبوو قۆڵی لێ هەڵماڵی و خۆی کردە خاوەنی کەس و کاری قوربانییەکان ئەویش (مامۆستا عەتا) بوو.
ئەو کاتەی زۆربەی بەرپرسە حکوومییەکان لە پشتی مێزەکانیانەوە خەریکی لێدوان بوون، مامۆستا عەتا لە ناو قوڕ و لیتەی لافاوەکەدا بوو، نەک هەر خەمخۆر بوو بەڵکوو وەک میرخاسێکی ڕەسەن هیمەتی کرد و نەیهێشت ماڵوێرانی ئەو لافاوە شوومە کارەساتی زیاتری لێ بکەوێتەوە، ئەو پیاوە لەیەکەمین ڕۆژی کارەساتەکەوە، بەدواداچوونی کرد و مێزی بەسەر ئەو بەرپرسە کەمتەرخەمانەدا وەرگێڕا کە بووبوونە هۆی ئەو کارەساتە، تا سزای یاسایی خۆیان وەرگرت، خەڵکی چەمچماڵیش ئەوەیان وویست کە مامۆستا عەتا وەک خەمخۆرێکی ڕاستەقینە کردی.
ئەم هەڵوێستەی مامۆستا عەتا تەنها سارێژکردنی برینی خەڵکە لێقەوماوەکەی چەمچەماڵ و تەکییە نەبوو، بەڵکو وانەیەکی شکۆمەندی و بەرپرسیارێتی بوو بۆ هەموو ئەوانەی لەسەر کورسیی دەسەڵاتن، لە سەردەمێکدا کە زۆربەی بەڵێنەکان تەنها مەرەکەبی سەر کاغەزن، ئەو بە کردەوە سەلماندی کە دەکرێت مرۆڤ لە ناو جەرگەی دەسەڵاتیشدا بێت و هێشتا هەناسەی لەگەڵ ئازارەکانی خەڵکدا بێت، من کە هیچ بەرژەوەندییەکم لەگەڵ هیچ لایەکدا نییە، بەڵام ئەم وشە کەمە وەفایەکە بۆ ویژدانم، چونکە ئەگەر دەستخۆشی لە پیاوی مەیدان و خەمخۆری ڕاستەقینە نەکەین، ئەوا ڕێگەمان بۆ بێدەنگبوونی چاکە خۆش کردووە، مێژووی ئەم شارە و یادەوەری خەڵکە لێقەوماوەکەی چەمچەماڵ ناوی مامۆستا عەتا وەک فریادڕەسێکی دڵسۆز لە لاپەڕە گەشەکانی خەڵکی ئەو دەڤەرە دەپارێزێت.
کاتی ئەوەیە بڵێن بەرپرسی ڕاستەقینە لەمە زیاتر چییە؟ پیاوی مەیدان دەبێت لە کاتی تەنگانەدا سێبەری بۆ خەڵک هەبێت، نەک لە کاتی دەسەڵاتدا، دەستت خۆش بێت مامۆستا عەتا، ڕووت سپی بێت و سەرت هەمیشە بەرز بێت، بەڕاستی سەلماندت کە هێشتا مەردایەتی لەم شارەدا نەبڕاوە، سوپاس بۆ خەمخۆریت و بۆ ئەو هەڵوێستە جوامێرانەیەت
ژینەر ستار
