دوای هێرشی ته‌دمور بۆسه‌ر هێزه‌كانى ئه‌مریكا، ململانێی گەورە لەناو حکومەتی دیمەشق له‌نێوان ئیخوان موسلیمین‌و شەرع لەلایەک‌و لەنێوان شەرع‌و هاوڕێ جیهادیەکانی پێشوی وەک حوراسه‌دین‌و ئوگور له‌لایه‌كى دیكه‌وه سه‌ریهه‌ڵداوه، شاره‌زایان‌و چاودێرانیش پێیانوایه، ئه‌گه‌ر شه‌رع سه‌رجه‌م خواست‌و داواكارییه‌كانى هه‌سه‌ده جێبه‌جێبكات، ئه‌وا به‌ربه‌سته گه‌وره‌كه‌ى سه‌ر ڕێگه‌ى حوكمڕانیه‌كه‌ى نامێنێت.
ئەمەش کێشەی گەورە بۆ شه‌رع دروستكردوه کە ناتوانێت بەئاشکرا شەڕی داعش بکات‌و لەهەمانکاتدا ناشتوانێت شەڕ لەگەڵ ئەو جیهادییەکانه‌ش بکات كه ساڵه‌هایه هاوئاوازو هاوڕێبازن‌و ناشتوانێت لەڕوی سەربازییه‌وه سه‌ركه‌وتوبێت له‌چونى بۆ ناو هاوپەیمانی نێودەوڵەتی دژی داعش لەسوریادا، به‌تایبه‌ت دواى ئه‌وه‌ى ئاشكرابوو، ئه‌وكه‌سه‌ى هێرشیكردوه‌ته‌سه‌ر هێزه‌كانى ئه‌مریكا، كارمه‌ندى وەزارەتی ناوخۆی حکومەته‌كه‌ى شه‌رعه.
به‌بڕواى چاودێرانى سیاسیى، هێرشی سەر هێزەکانی ئەمریکا لەته‌دمور (پاڵمێرا) لە 13ی ئه‌م مانگه، چاوه‌ڕوانكراو، بەتایبەت دوای ئەوەی ئەحمەد شه‌رع سەرۆکی سوریا ڕایگەیاند، کە پەیوەندییان بەهاوپەیمانی نێودەوڵەتی دژی داعشەوە کردوە.
هه‌روه‌ك چاودێرانى دۆخى سوریا پێیانوایه، ئەگەری زۆر هەیە، هێرشەكه‌ى ته‌دمور، سەرەتای زنجیرەیەک هێرشى دیكه بێت بۆسەر هێزەکانی ئەمریکا کە لەناوچەکانی ژێر دەسەڵاتی حکومەتی شه‌رع، ئێستا چالاکی دەکەن‌و لەهەمانکاتیشدا دورنییە كه هێرشى چڕ‌و خوێناویش بۆسەر هێزەکانی سەر به‌شەرعیش ڕوبدات لەلایەن گروپە توندڕەوەکانی ناو وەزارەتی بەرگریی‌و ناوخۆ، به‌تایبه‌ت گروپه‌كانى (حوراسه‌دین‌و ئوگور).
دەرئەنجامی هێرشه‌كه‌ى سه‌ر ئه‌مریكا كه بوه کوژرانی دوو سەربازی ئەمریکی، کێشە گەورەکانی ناو حکومەته‌كه‌ى شه‌رعى بۆ ڕای گشتی ئاشکراکرد.
چاودێرانى سیاسیى‌و سه‌ربازیى سوریى‌و كورد له‌ڕۆژئاواى كوردستان بۆ شارپرێس بۆچونى خۆیان ده‌ربڕیى‌و ده‌ڵێن، "ئەحمەد شه‌رع‌و تیمە دیپلۆماسی‌و سەربازییەکەی، بەرگەی هیچ هێرشێکی داهاتوو لەدژی ئەمریکا لەسوریا ناگرن"، هۆکارەکەشیان بۆ ئەوە گێڕایه‌وه، تائێستا شه‌رع نەیتوانیوە کۆنترۆڵی هەموو ئەو گروپە چەکدارانە بکات کە گوایە لەژێر چاودێریی‌و چه‌ترى وەزارەتی بەرگریدان، وەک گروپە چه‌كداره توندڕه‌وه‌كانى سەر بەتورکیاو گروپە توندڕەوەکانی دیكه‌ى وه‌ك (حوراسه‌دین ئوگور)".
هه‌روه‌ك باس له‌وه‌شده‌كه‌ن، ئەو هێرشە ئاشکرایکرد كه ئیخوان موسلیمین لەگەڵ گروپه‌كانى حوراسه‌دین‌و ئوگور، لەدژی حکومەتی شه‌رع ڕێکەوتنێکی نهێنیان ئه‌نجامداوه‌و لەدامودەزگا هه‌ستیاره سه‌ربازییه‌كاندا سه‌رقاڵى خۆڕێكخستنه‌وه‌ن‌و به‌هه‌موو شێوه‌یه‌كیش دژى ئه‌و ڕێكه‌وتنه‌ن كه له‌گه‌ڵ ئه‌مریكا كراوه‌و
هه‌وڵده‌ده‌ن به‌هه‌ر ڕێگه‌یه‌ك بوه، هه‌ڵیبوه‌شێننه‌وه
سەرچاوە شار پرێس.
