میدیای پارتی رایدەگەیەنێت، تەیف سامی سێ داواکاری هەیە بۆ ناردنی موچەی مانگی 10 و سبەینێ هەرسێ داواکارییەکە جێبەجێ دەکرێن، بەرپرسێکی باڵای حکومەتی عێراقیش دەڵێت، کۆتایی ئەم هەفتەیە یان سەرەتای هەفتەی داهاتوو موچە دەنێردرێت.
میدیای پارتی لە هەواڵێکدا ئاماژەی بەوەکردوە، تەیف سامی وەزیری دارایی عێراق بۆ خەرجکردنی موچەی مانگی 10 سێ داواکاری هەیە، کە بریتین لە میزان موراجەعە، داهاتی ناوخۆ و بڕی هەناردەی ئەو مانگەی نەوتی کوردستان.
بەپێی ئەو زانیارییانەی بڵاوکراونەتەوە، وەزارەتی دارایی هەرێمی کوردستان بڕیاری داوە سبەی دوشەممە 120 ملیار دیناری داهاتی ناوخۆ بە کاش بە لقی هەولێری بانکی ناوەندی بدرێت، وەزارەتی نەوتی عێراقیش نوسراوی داهات و هەناردەی نەوتی کوردستانی لەبەردەستەو سبەی تەواو دەکرێت، میزان موراجەعەی مانگی 10 و ڕاپۆرتی داهات و خەرجییەکانی حکومەتیش لە هەفتەی ڕابردوەوە بۆ بەغدا نێردراوە و ئامادەیە.
سەبارەت بە وادەی ناردنی موچەش، بەرپرسێکی باڵای حکومەتی عێراق رایگەیاندوە، کۆتایی ئەم هەفەتەیە یان سەرەتای هەفتەی داهاتوو موچە دەنێردرێت.
محەمەد سەردار
